گیرۆدەیی" نەخۆشییەکی درێژخایەن و جیهانی!

مەلەفی تایبەت

07/05/2022‌ 908 جار خوێندراوه‌ته‌وه



د. کامران ئەمین‌ئاوە

گیرۆدەیی مێژوویەکی به درێژایی هەزاران ساڵ هەیە. لەکاتی سەرهەڵدان و بەرهەم‌هاتنی یەکەم ماددە نەشئەکەر، کەیف‌خۆشکەر، مەست و سەرخۆشکەرەکان وەکو ئەلکۆڵ، تریاک و هتد مروڤ و کۆمەڵگە ڕووبەڕووی ئاکامە نەرینییەکانی بەکارهێنانی ئەم ماددانه لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی بنەماڵەیی، ئابووری، تەندروستی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە. لە درێژایی ساڵانێکی زۆر له سەدەی ڕابردوو، زانایان و لێکۆڵینەرانی بواری گیرۆدەیی، خووپێ‌گرتووەکانیان به کەسانێکی چەوت، بێ‌ئیرادە و لادەر لە ژیانی ئاسایی کۆمەڵگە پێناسە دەکرد و، هەر بە‌م هۆیه ئەوانیان شایانی سزادان و هەڵسوکەوت و جووڵانەوەی سەخت و توندوتیژانەی یاسا و کۆمەڵگە دەزانێ.
ئەمڕۆکه به‌‌پێی ڕەوتی گەشەسەندن و پێشکەوتنی زانستی پزیشکی، ڕەوان‌ناسی و کۆمەڵناسی، گرێ‌کوێرەکانی پێوەندیدار به هۆی گیرۆدەیی ڕوون بوونەتەوە و، دیاردەی خووگرتن وەکوو نەخۆشییەکی درێژخایەنی پزیشکی پێناسە دەکرێ. بەم پێیه، ئەم نەخۆشانه پێویستییان به دەرمان و هاوکاریی ناوەند و بنکە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتی، کۆمەڵایەتی و پزیشکی هەیه. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێ ئاوڕێک له ڕادەی پەرسەندنی نەخۆشیی گیرۆدەیی لە ئاستی جیهان، ئێران و کوردستان بدرێتەوە.

 سەردێری بابەتەکان بریتین لە:
١. گیرۆدەیی به نیکۆتین
٢. گیرۆدەیی به ئەلکۆڵ
٣. گیرۆدەیی به ماددە هۆشبەرەکان

١.‌ گیرۆدەیی به نیکۆتین
نیکۆتین ماددەیەکی خووپێگر و یەکێک لە هۆیه سەرەکییەکانی نەخۆشیی دڵ و ڕەگەکان، هەناسەیی و پتر لە ٢٠ چەشن یان ژێرچەشنی شێرپەنجەکان و، دووهەمین هۆی مردن لە تەواوی جیهانه. لە ئاستی جیهاندا نزیکەی ١/١ میلیارد کەس جگەرە دەکێشن و هەر ساڵ پتر له ٨ میلیۆن کەس بەم هۆیه و ٢/١ میلیۆن کەسی جگەرەنەکێش له‌ژێر کاریگەریی دووکەڵی جگەرە گیانی خۆیان لەدەست دەدەن.
نزیکەی نیوەی منداڵانی جیهان هەوای ئالوودە به تەماکۆ هەڵدەمژن و هەر ساڵ ٦٥ هەزار کەس لەو منداڵانه به هۆی کاریگەریی دوکەڵی تەماکۆ گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. جگەرەکێشان لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەسەندندا باوە و، بە چەشنێکی بەردەوام لە حاڵی پەرەسەندن‌دایه. لە چین لە سەتا ٧٠ی پیاوانی سەرەوەی ٢٥ ساڵ جگەرە دەکێشن و بەرزترین ڕادەی مردن به هۆی جگەرە‌کێشان له‌و وڵاتانە دەبیندرێ که داهاتیان کەم یاخود مامناوەنجییه. ئەم وڵاتانه شوێنی دەستێوەردان و دیتنەوەی بازاری کڕین و فرۆشی بەرهەمەکانی تەماکۆن.
له ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرساڵ پتر لە ٤٨٠ هەزار کەس به هۆی جگەرە‌کێشان و ٤١ هەزار کەس به هۆی کاریگەریی دووکەڵی جگەرە گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. ئەم ڕێژەیە بەرامبەر به یەک لە پێنجی مردنەکان له ساڵ یاخود ١٣٠٠ مردن لە ڕۆژێک‌دایه. لە ئاڵمان کێشانی تەماکۆ هۆی لە سەتا ٢٠ی ڕێژەی مردنه و، ساڵانه ١٤٠ هەزارکەس گیانی خۆی بەهۆی نەخۆشییه‌کانی پێوەندیدار به جگەرە لەدەست دەدەن.
 جگەرەکێش لەژێر کاریگەریی بە لانی‌کەم ٥٠ ماددەی شێرپەنجەزایه. جگەرەکێشان مەترسیی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی نەخۆشییه عفوونییەکانی دەزگای هەناسەیی وەکو ئەنفلۆنزا، پنێومۆنی پنێومۆکۆکال و سیل، هەروەها نەخۆشییەکانی دڵ و ڕەگەکان بەرز دەکاتەوە.
مامناوەندی ئەو ساڵانەی لە تەمەنی ئاسایی پیاو و ژن به پێی کێشانی تەماکۆ کەم دەبێتەوە به ڕیز ٢/١٣ و ٥/١٤ـ ساڵە.
نەکێشان و دەس‌هەڵگرتن له تەماکۆ لە تەواوی تەمەنەکاندا بەقازانجه و، دەسبەجێ دەبێته هۆی دابەزینی مەترسیی مردن به هۆی نەخۆشییه‌‌کانی دڵ و ڕەگەکان. وەلانانی جگەرەکێشان ئەگەری مەینی خوێن کەم دەکا و دەبێته هۆی باشتربوونی ڕەوتی گەیاندنی ئوکسیژن به ئەندامەکانی لەش، هەروەها هۆیه ڕێخۆشکەرەکانی ڕەوتی ناڕێک‌لێدانی دڵ دادەبەزێنێ. له نێوان ئەو کەسانەی جگەرەیان وەلا ناوە، ڕادەی دابەزینی مەترسیی مردن بە بەراوەرد لەگەڵ ئەوانەی درێژە به کێشانی جگەرە دەدەن، دەستبه‌جێ پاش وەلانانی تەماکۆ دەست پێ دەکا و لەم کەسانەدا ١٠ هەتا ١٥ ساڵ دەخایەنێ تا مەترسی مردنی پێوەندیدار به تەواوی هۆیەکان، به ئاستی ئەو کەسانەی بگا که قەت جگەرەیان نەکێشاوە.
  لە ئێران هەر ساڵ ٦٠ هەزار کەس به هۆی جگەرەکێشان گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. بەپێی ئامارەکان لە سەتا ١١ هەتا ١٢ی خەڵکی ئێران جگەرە دەکێشن. بەپێی گوتەکانی دوکتۆر محەممەد ڕەزا مەسجدی، سەرۆکی  یەکیەتیی بەربەرەکانی لەگەڵ بە‌کارهێنانی تەماکۆ، تەمەنی کێشانی دوخانیات لەم وڵاته گەیشتۆته ١٢ ساڵ. نزیک به ٢٠ هەتا ٢٢ لەسەدی پیاوان جگەرەکێشن و ئەم ڕادەیە لە نێوان ژناندا کەمتر له سەتا ٣یه.
بەپێی ئامارەکانی وەزارتی"صمت[1]" (پیشەسازیی، کانگا، و بازرگانی)، ئێرانییەکان لە درێژایی ساڵی ١٣٩٨ به گشتی ٦٥ میلیارد و ١١٠ لق جگەرەیان کێشاوە، بەپێی حەشیمەتی ٨٣ مێلیۆنی ئێران، مامناوەندی ڕێژەی سەرانەی جگەرە بۆ هەر ئێرانییەک ٧٨٤ لقه. هەڵبەت ئەم ڕێژەیە تەنیا بۆ کێشانی جگەرەیه و تەواوی بەرهەمە تەماکۆکەکان لە خۆناگرێتەوە. به پێی ئامارەکان، هەر ساڵ لە ئێران، ١٠ هەزار تۆن تەماکۆی قلیان به کار دەهێندرێ. ئامارەکانی وەزارتی "صمت" پیشان دەدەن لەو  ٦٥ میلیارد گلە جگەرەیەی لە ساڵی ١٣٩٨ لە ئێران کێشراوە، ٥٥ میلیاردی لە ئێران بەرهەم هاتووە و ١٠ میلیاردەکەی دیکە هاوردەی قاچا‌غه.
  لە عێراق لە چوار یەکی خەڵکی ئەم وڵاته واته ٥/٧ میلیۆن کەس جگەرە دەکێشن و، لەوەدەچێ بەپێی ئامارێ ساڵی ٢٠١٦  هەر ساڵ نزیکەی ١ میلیارد پاکەت جگەرە بکێشرێ.  لە هەرێمی کوردستان نیوەی گەنجانی تەمەن ١٥ هەتا ٢٥ ساڵ جگەرە دەکێشن. جێی سەرنجه، لە سەتا ٣٤ی پزیشکەکان، لە سەتا ١٨ی ژنان و سەتا ٣ی ڕێبەرە ئاینییەکان بە چەشنێکی بەردەوام لە هەرێم خەریکی جگەرەکێشانن، هەروەها له سەتا ٣٦ی گەنجان قلیان دەکێشن.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان خوێندکارانی زانستگای سلێمانی، لە سەتا ١٠ خوێندکاران جگەرە دەکێشن و لە سەتا ٢٨یان قلیان (٤٩٪ پیاوان و ١٠٪ ژنان).

٢.‌ ئەلکۆڵ
ئەلکۆڵ سێهەمین هۆی سەرەکیی مردنە زووڕەسەکان، پەککەوتوویی، لەدەستدانی سڵامەتی و مردنی ساڵانەی ٣/٣ میلیۆن کەس له جیهان‌دایه. خواردنەوەی زیاندەری ئەلکۆڵ هۆی سەرەکیی ١/٥ واته ٢٠٠ نەخۆشیی و، زەرەر و زیانی نێو کۆمەڵگەی جیهانییه.
 ڕێژەی مردن به هۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ زۆرتر له مردن به هۆی نەخۆشیی سیل، ئەیدز و شەکرەیه.
لە ئاستی جیهاندا خواردنەوەی ئەلکۆڵ هۆی ڕیزێک لە نەخۆشییەکان، تێکچوون و شێوانی وەزعییەتی ڕوحی، هەروەها ڕووداوە مەترسییدارەکانه، بۆ وێنه:
- سیرۆزی جەرگ ٣٢٪
- شێرپەنجەی دەم و گەرو- دەمی ١٩٪
- شێرپەنجەی سورینجک ٢٩٪
- شێرپەنجەی جەرگ ٢٥٪
- پێکدادانی ماشێن و ... ٢٠٪
- کوشتن  ٢٤٪
- خوکوشتن ١١٪
- خوێن‌بەربوونی مێشک ١٠٪
بەپێی "ڕاپۆڕتی وەزعییەتی جیهانیی ئەلکۆڵ و سڵامەتی"ـی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی له ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی ٣/٢ میلیارد کەس له جیهان ئەڵکۆل دەخۆنەوە. نیوەی حەشیمەتی قاڕڕەی ئەمریکا، ئورووپا و ڕۆژئاوای ئەقیانووسی ئارام مەشروب دەخۆنەوە. لە چوار یەکی گەنجانی تەمەن ١٥ هەتا ١٩ ساڵ، واته نزیکەی ١٥٥ میلیۆن کەس ئەلکۆڵ دەخۆنەوە و لەوە دەچێ لە ئاستی جیهاندا ٢٣٧ میلیۆن پیاو و ٤٦ میلیۆن ژن تووشی تێكچوون و نەخۆشیی پێوەندیدار به ئەلکۆڵ بن. بەرزترین ڕادەی بوونی ئەم تێکچوون و نەخۆشییانە لەنێوان ژن و پیاوی ئورووپایی (به ڕیز ٨/١٤ و ٥/٣٪) و قاڕڕەی ئەمریکا (به ڕیز ٥/١١ و ١/٥٪) دەبیندرێ. ڕادەی تێکچوون به هۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ لەو وڵاتانەی داهاتیان لەسەرەوەیه، بەرزترە.
بەپێی لێکدانەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆی سەتا ٦ی سەردانی نەخۆشەکان بۆ بەشی چاودێرییه سەرەتاییەکان لە پێوەندیی لەگەڵ شێوانی حاڵەتی ڕەوانی بەهۆی خواردنەوەی زیانباری ئەلکۆڵه. لە بریتانیا لە سێ یەکی نەخۆشە سەرپێییەکان له بەشی چاودێرییە سەرەتاییەکان ئەو کەسانەن که به هۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ تووشی شێوانی ڕەفتاری و ڕووحی بوون.
 ڕادەی ئەلکۆڵیزم له فەڕانسە زۆرتر لە ئیتالیایه. له ئالمانیش ساڵێ ٧٤ هەزار کەس بە هۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ دەمرن. بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی ٧/٦ میلیۆن ئاڵمانی (١٢.٦٪ حەشیمەتی ئەم وڵاته) لە تەمەنی نێوان ١٨ هەتا ٦٤ ساڵ به چەشنێکی زیانبار ئەلکۆڵ دەخۆنەوە و ٣ میلیۆن ئەڵمانی لەو تەمەنەدا تووشی نەخۆشی و تێکچوونی پێوەندیدار به خواردنەوەی ئەلکۆڵ دەبن. خەرج و هزینەی نەخۆشییەکانی پێوەندیدار به ئەلکۆڵ بۆ کۆمەڵگەی ئالمان لە ساڵدا نزیکەی ٤٠ میلیارد یۆرۆیه.
لە ساڵی ٢٠١٦ نەخۆشییەکانی پێوەندیدار به خواردنەوەی ئەلکۆڵ لە وڵاته کەم‌داهاتەکان یان له ناوەنجی کەمتر، بە بەراوەرد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی داهاتیان له ئاستی ناوەنجی سەرتر یاخود پڕداهاتن، زۆرتر بوو.
به‌پێی ڕاپۆڕتی" ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٨ ئێران لە نێوان ١٨٩ وڵاتی جیهاندا که "بەردەوام" ئەلکۆڵ دەخۆنەوە لە ڕادەی نۆهەمدا جێی‌گرتووە. به‌پێی ئەم ڕاپۆڕته مامناوەندی خواردنەوەی ئەلکۆڵی بێ‌گەردی هەر ئێرانییەکی سەرەوەی تەمەن ١٥ ساڵ که "بەردەوام ئەلکۆڵ دەخواتەوە" لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ٤/٢٨ لیتر بووە. لە ساڵی ٢٠١٠ ئەم ڕێژەیە  ٨/٢٤ لیتر بوو. به‌پێی ئەم پێوەرە، تۆنێس لە نێوان وڵاتانی دیکەدا بێ ڕکابەر بووە، تا ئەو ڕادەیە که به‌کارهێنەرانی ئەلکۆڵ لەم وڵاته، لە ساڵی ٢٠١٦ زایینی ٦/٣٦ ئەلکۆڵی بێ‌گەردیان خواردۆتەوە. پاش تۆنێس، به ڕیز، سوازیلەند، مالدیو، ئەفغانستان، نامیبیا، باشووری ئەفریقا، ئەلجەزایر و تورکیە لە سەرەوەی ئێرانن.  
به‌پێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی تەندروستی جێهانی، مامناوەندی خواردنەوەی ئەلکۆڵ لەنێو ئێرانییه‌کانی سەرەوەی ١٥ ساڵ له درێژایی ساڵی ٢٠١٦، لیترێک بووە و ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٠ ئالوگۆڕێکی تێدا نەکراوە.  لە وڵاته موسڵمانەکان وەکو ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، تورکیە و لوبنان -یش ئەم ڕێژەیە لە سەرەوەی ئێرانه.
به‌پێی لێکدانەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان، خواردنەوەی سەرانه‌ی ئەلکۆڵ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی مدیترانه که ئێرانیش له خۆ دەگرێتەوە، ٦ دەهەمی لیترە.
سەرۆکی ناوەندی نەتەوەیی لێکۆڵینەوەی گیرۆدەی زانستگای علوم پزیشکی تاران ئەم ڕاپۆڕته‌ی قەبووڵ نییه و باس له ٥ هەتا ٦ میلیۆن لیتر ئەلکۆڵ واته ٠.١ لیتر ئەلکۆڵی بێ‌گەرد بۆ هەر کەسێکی باڵغ دەکا.
به‌پێی ڕاپۆڕتی "بەرنامه و پێوەری چاوەڕوانی‌کردنی بواری سڵامەتی ڕەوانی کۆمەڵایەتی و گیرۆدەیی بۆ ساڵی ١٣٩٨" دوایین ئاماری پشت‌ڕاستکراوی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان له ساڵی ١٣٩٠، ئاستی گیرۆدەیی به ماددە نایاساییەکان لەنێوان خەڵکی تەمەن ١٥ هەتا ٦٤ ساڵی ئێران ٦٥/٢٪ واته بەرامبەر به ٣٢٥/١ میلیۆن کەسە و، به‌پێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی پزیشکی ئێران ڕۆژانە ٨ کەس به هۆی گیرۆدەیی به ماددە نایاساییەکان (و یەک لەوان ئەلکۆڵ) دەمرن.
بە داخەوە نووسەری ئەم دێرانه لە پێوەندی لەگەڵ ڕادەی به‌کاردبردنی ئەلکۆڵ لە کوردستان ئامارێکی وەدەست نەکەوت.

٣. مـاددە هۆشبەرەکان
به‌پێی ڕاپۆڕتی ساڵانەی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان  (UNODC) له ٢٥ی ژووەنی ٢٠٢٠، لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٢٦٩ میلیۆن کەس له جیهاندا واته ٣/٥٪ی حەشیمەتی جیهان ماددەی هۆشبەریان به‌کار هێناوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٩ که بریتی بوو له ٢١٠ میلیۆن واته ٨/٤٪یان لە حەشیمەتی نێوان ١٥ هەتا ٧٤٦ جێهان، لە سەتا ٣٠ زۆرترە.
به پێی ئەم ڕاپۆڕته، پتر لە ٣٥ میلیۆن مرۆف لە ئاستی جیهاندا به‌هۆی ماددە هۆشبەرەکان تووشی ئازار و نارەحەتی بوون؛ هەروەها به‌پێی ڕاپۆڕتی ئەم ستادە له ٢٦ی ژووئەنی ٢٠١٩، لە ساڵی ٢٠١٧ له ئاستی جێهاندا ١١ میلیۆن کەس ماددەی هۆشبەریان وەشاندوە، لەم ڕێژەیە ٤/١ میلیۆن کەسیان تووشی "ئەچ ئای وی" و ٦/٥ میلیۆنیان تووشی هێپاتیتی C بوون.
به‌پێی ئەم ڕاپۆڕتە ڕادەی به کارهێنانی کانابیس [واته حەشیش و ماریجوانا] لە تەواوی ماددە هۆشبەرەکانی دیکه  زۆرترە و، ماددەی ‌تریاک‌ئاساکان پڕ مەترسیترین چەشنی هۆشبەرەکان لە ئاستی جیهان‌دان[ماددە تریاک‌ئاساکان کاریگەرییان وەکو مۆرفینە و، له زانستی پزیشکیدا بۆ ئازارشکێنێ کەلکیان لێ‌وەردەگیرێ]. به‌پێی لێکدانەوەکانی ساڵی ٢٠١٨، کانابیس به هۆی به‌کارهێنانی لە لایەن ١٩٢ میلیۆن کەس لە جیهاندا، لە‌نێوان ماددە هۆشبەرەکان له ڕیزی یەکەم‌دایه و، تریاک‌ئاساکانی دیکه به ٥٨ میلیۆن به کارهێنەرەوە له شوێنی دووهەم‌دان.
ئەم دوو ماددەیە هۆی سەتا ٦٦ (١٦٧ هەزار) مردنی پێوەندیدار به به‌کارهێنانی نابەجێی ماددە هۆشبەرەکان له ساڵی ٢٠١٧ بوون. کانابیس لە نێوان ماددە هۆشبەرەکان‌دا، هۆی سەرەکی بانگهێشتنی ئەم کەسانه بۆ دەزگای دادوەری سزاییه ‌و، به‌پێی زانیارییەکانی ٦٩ وڵات، کانابیس هۆی پتر له نیوەی دۆسیە‌کانی تاوان به هۆی ماددە هۆشبەرەکانی له نێوان ساڵەکانی ٢٠١٨-٢٠١٥ پێک‌هێناوە.
 به پێی لێکدانەوەیەکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٩:
به‌کار هێنانی دەوا هۆشبەرەکان هۆی ڕاستەوخۆو ناڕاستەخۆی مردنی ٨/١١ میلیۆن کەس له جیهاندایه.
جگەرە، ئەلکۆڵ و دەوا هۆشبەرەکان هۆی سەرەکی مردنی زووڕەسی ٤/١١ میلیۆن کەسن.
پتر له ٣٥٠ هەزار کەس له جیهان‌دا به‌هۆی خواردنەوەی لە ڕادەبەدەری ئەلکۆڵ و دەوا ڕێ‌پێنەدراوەکان، گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.
تەمەنی پتر لە سەتا ٥٠ی ئەوانەی به‌هۆی خواردنەوەی لەڕادەبەدەری ئەلکۆڵ و ماددە هۆشبەرەکان دەمرن له ژێرەوەی ٥٠ ساڵه.
ئەلکۆڵ و دەوا هۆشبەرەکان بەرپرسی سەتا یەک و نیوی نەخۆشییەکانن و، لە وڵات‌گەلێک‌دا ئەم ڕادەیە به سەتا ٥ دەگا.
به‌پێی ڕاپۆڕتی بنکەی کاروباری نێونەتەوەیی ماددە هۆشبەرەکان و بەرێوەبردنی یاسا لە ساڵی ٢٠٢١، ئێران وڵاتێکی ترانزیت و ئامانج بۆ ماددە هۆشبەرەکان و بەرهەمەکانی کانابیسه. ئەفغانستان سەرچاوەی سەرەکی و بەرچاوی ئەم ماددەیانەیە. بەشێکی بەرچاوی متئامفیتامین وێرای بەرهەم‌هاتن و بهکارهێنانی له ئێران، بۆ بازارەکانی نێونەتەوەییش قاچاغ دەکردرێ. زۆربەی ماددە هۆشبەرەکان و کانابیس له سنوورە زەوییەکانی ئێران لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان هاوردەی ئەم وڵاته دەکرێ ‌و، پاشان لە ڕێگای سنوورەکانی باکووری ئێران بۆ تورکیە و ئازەربایجان، و به ئامانجی ناردنی بۆ بازارە نێونەتەوەییەکان لە ڕێگای دەریاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا قاچاغ دەکرێ. به‌پێی ڕاپۆڕتی چاپەمەنییەکانی ئێران، بەراوەرد دەکرێ ساڵانه ٩٠٠٠ تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئێران تێپەڕێ. به‌پێی ڕاپۆڕتی هەر ئەم ستادە لە ساڵی ٢٠٢١، نزیکەی ٤٣٪ی بەندکراوانی ئێران (٩٥ هەزار کەس) به‌هۆی تاوانی پێوەندیدار به ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەدان.
به‌پێی ڕاپۆڕتی کازم غەریب‌ئابادی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له وین لە ڕێ‌وڕەسمی "ڕێزلێنانی ڕۆژی جیهانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ به بەکارهێنانی ناڕەوای ماددە هۆشبەرەکان و قاچاغی نایاسایی له ٢٦ی ژووئەنی ٢٠٢٠"، لە نێوان مارسی ٢٠١٩ هەتا مارسی ٢٠٢٠، ئێران ١٨٨٦ تۆڕی چالاکیی نێوخۆیی و جیهانی[ماددە هۆشبەرەکان] لە نێو بردوە و، پتر لە ٩٥٠ تۆن ماددەی هۆشبەر و چەشنە جۆراوجۆرەکانی ڕەوانگۆڕ وەکوو ٤٥ تۆن هرۆئین، هەروەها ١٧ تۆن متئامفیتامینی دۆزیوەتەوە. لە ڕەشەمەی هەر ئەو ساڵه[١٣٩٩] به‌پێی ڕاپۆڕتی "ایرنا" و لێدوانەکانی غەریب‌ئابادی، ئاماری ماددە هۆشبەرە دۆزراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وێرای پەرەسەندنی ٤٠٪ی، به ڕێژەیەکی بێ‌وێنەی ١١٤٧ تۆن لە ساڵی ٢٠٢٠ زایینی گەیشتوە.
به‌پێی لێکدانەوەی "ناوەندی چاکبوونەوەی گیرۆدەیی ئاریزۆنا" له ٤ی ژووئەنی ٢٠٢٠، ئێران لە پەنای وڵاتانێک وەکو چین، ئەفغانستان، ڕووسیە، بریتانیای گەورە و مالێزی خراپترین کێشەی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە ئاستی جیهاندا هەیە.
به‌پێی قسەکانی جێگیری ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی ئێران لە سێپتامبری ١٣٩٩، ڕێژەی فەرمیی گیرۆدەکان له‌م وڵاته‌دا نزیک به دوو میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسە. بەراوەرد دەکرێ که ١ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسیش دیاریی نەکرابێن. به‌پێی وتەکانی سەرۆکی دەرمان و پشتیوانی کۆمەڵایەتییەکانی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان له ساڵی ١٣٩٨، ٨/١٣٪ی ئەوانەی لە ڕێگای وشاندنەوە ماددەی هۆشبەر به‌کاردەهێنن، تووشی "ئەچ ئای وی" بوون و، نزیکەی ٥٠٪ یش خاوەنی ئانتی بادی هێپاتیتی c - ن و، نزیکەی ٦٠ هەزار زیندانیش به مێتادۆن لەژێر چاودێری و ڕەوتی دەرمان‌کردندان.
به‌پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی "تسنیم" له ٦ی خەرمانانی ١٣٩٩ به پشت‌بەستن به ڕاپۆڕتی گرووپی کۆمەڵایەتیی باشگای هەواڵنێرەکانی "پویا"، و به‌پێی ڕاگەیاندنی سازمانی پزیشکی دادوەریی وڵات، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٩، ئاماری تێداچووان به‌هۆی به‌کارهێنانی نابەجێ و لە ڕادەبەدەری ماددە و دەوا هۆشبەر و ورووژێنەکان له ئێراندا، ٧/١٤٪ بەرز بۆتەوە. لەم ماوەیەدا یەک هەزار و ١٥٣ کەس له ئێران گیانی خۆیان به هۆی گیرۆدەیی لەدەست داوە، ئەمەش لە حاڵێک‌دایه که ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ڕابردوویدا یەک هەزار و پێنج کەس بووە.
به‌پێی قسەکانی خاتوو فەرزانه سۆهرابی، مامۆستای زانستگا و بریکاری کۆمەڵایەتیی "موسسە کادراس" لە حەوتووی ململانێ لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان له پووشپەڕی ١٣٩٩، به‌پێی ئامارەکان نزیکەی سێ میلیۆن بەکارهێنەری بەردەوامی ئەم ماددەیانه لە ئێران هەن و، ژنان نزیکە‌ی سەتا دەیان پێک‌دەهێنن؛ هەروەها لە سەتا ٥٠ی گیرۆدەکان تریاک و شیرە، ١٢٪ ماریجوانا و ٩٪ شیشە به‌کار دەهێنن. خاتوو سۆهرابی وێرای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەوەی که ڕادەی پەرەسەندنی گیرۆدەیی لە ئێران سێ کەرەت زۆرترە له پەرەسەندنی ڕێژەی حەشیمەت، به ڕاشکاوی ڕایگەیاند: لە حاڵێکدا پەرەسەندنی گیرۆدەیی ساڵانه نزیکەی ٨٪ بووە، لە گەشبین‌ترین حاڵەتدا پەرەسەندنی حەشیمەت ٢٪ ە؛ لە ئاکامدا ڕێژەی پەرەسەندنی گیرۆدەکان، ساڵانه پتر له سەتا ٣ یه. خاتوو سۆهرابی هەروەها وێرای ئاماژە به بەرزبوونەوەی ڕادەی ڕەوتی گیرۆدەیی له‌نێو ژناندا، گووتی: لەوەدەچێ لە ساڵانی داهاتوودا ڕووبەرووی بەرزبوونەوەی ڕەوتی ئۆگریەتی به ماددەهۆشبەرەکان بین، ... ئامارەکان پیشان دەدەن له وڵاتدا لە نێوان ٥ هەتا ٧ میلیۆن کەس، بە لانی‌کەم جارێک ماددەی هۆشبەریان به‌کار هێناوە.
به داخەوە لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو چوار پارێزگایەی که ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە، ئامارێکی ورد و جێ‌باوەڕ نییە، بەڵام به‌پێی بەشێک لەو ئامارانەی بڵابوونەتەوە، دەکرێ ئاماژە بکرێ:
سەرهەنگ شاکری، سەرۆک پۆلیسی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای کوردستان دەڵێ گیرۆدەبوون به ماددە هۆشبەرەکان لەم پاڕێزگایه بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵەکانی ڕابردوو زۆرتر بووە و لە دەستپێکی ساڵی تازەوە نزیک به یەک تۆن و ٤٥ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دۆزراوەتەوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، لە سەتا ١٧ زۆری کردوە.
به‌پێی وتەکانی ڕەحمان حەریری، بەرێوەبەری شوڕای هاوئاهەنگ‌کردنی ململانێ لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان له بانەمەڕی ١٣٩٨، لە سەتا ١٠ی ژنانی ئێران و سەتا ٦ی ژنانی پارێزگای کوردستان گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن و لە سەتا ٦٠ی ئەم ژنانه به پێشنیاری مێردەکانیان ماددە هۆشبەرەکان به‌کاردەهێنن.
فاروق وەفایی، سەرۆکی ئیدارەی سڵامەتی ڕەوانی کۆمەڵایەتی و گیرۆدەیی و جێگیری کاروباری بێهداشتی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان له جۆزەردانی ١٤٠٠، لە پارێزگای کوردستان ٣/٢٪ حەشیمەتی تەمەن ١٥ هەتا ٦٤ ساڵ گیرۆدەن و، ١٦ هەزار و ٤٣ کەسیش لە حاڵی دەرمان به مێتادۆنن. لە سەتا ٦٤ی گیرۆدەکان خوێندەواریی ژێر دیپڵۆمیان هەیە، ١٥٪  خاوەنی بڕوانامەی کاردانی و ٢١٪ سەرەوەی لیسانسن. حەریری هەروەها ئاماژە دەکا، لە کوردستان ٨/٩٪ گیرۆدەی هێرۆئین، ١/٣ حەبی ئیکس، ٦/٢٢ ئەلکۆڵ، ٢/٥٥٪ تریاک و ٢/٢٦٪ شیشه و ماددە سەنعەتییەکانن.
عەلی موستەفەوی، جێگیری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتیی پارێزگای ورمێ دەڵێ: لە سەتا ٣ێ خەڵکی ئەم پارێزگایه گیرۆدەی ماددەهۆشبەرەکانن و لە سێ مانگی هەوەڵی ساڵی ١٤٠٠ لە پارێزگای ورمێ ٥ تۆن ماددەی هۆشبەر دۆزراوەتەوە.
به‌پێی زانیارییەکان، مەسەلەی به‌کاربردن و بازرگانی کردن به ماددە هۆشبەرەکان یەکێک لە کێشە سەرنجڕاکێشەکانی باشووری کوردستانیشه. د. ئیبراهیم خۆشناو، سەرۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی دژ بە ماددە هۆشبەرەكان پێی‌وایه ڕێژه‌ی‌ به‌كارهێنه‌رانی ماددە هۆشبەرەکان له‌ هه‌رێمی كوردستان ٥٠ هه‌زار كەس بێ."
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندوە سێ هەزار و 89 کەس بەهۆی بەکاربردن و بازرگانی‌کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانەکانی هەرێمن، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی زیندانی‌کراوان". هەروەها بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2020 دا، 555 کیلۆ و 740 گرام ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە، یەک‌ هەزار و 133 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی‌کردن بە ماددەی هۆشبەر و دراوی ساختە دەستگیر کراون. زۆربەی ماددەکان و کەسانی دەستگیرکراو لە سنورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق بووە.
 سەمەند بەرزنجی، کارگێڕی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر ده‌ڵێ: لە ساڵی 2006، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تەنیا 30 كه‌س بە تۆمەتی بازرگانی‌کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیراون، بەڵام لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2020 نزیکەی سێ هەزار کەس بە هەمان تۆمەت دەستگیر کراون و، ئێستا زیاتر لە 800 کەس لە ناوەندەکانی چاکسازی بە تۆمەتی بازرگانی‌کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکم دراون، کە نزیکەی 380 کەسیان بازرگانن، لەنێو ئه‌و ژماره‌یه‌شدا ئافرەت هه‌یه‌، هەروەها زیاتر لە 400 کەسیش بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکم دراون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 15 کەسیان ئافرەتن.
هەرێمی کوردستان نزیکەی 513 کم سنوری هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و ئێرانیش دوای ئەفغانستان بە پایتەختی ماددە هۆشبەرەکان ناسراوە، ئه‌مه‌ش کاریگەریی ڕاستەوخۆی خراپی له‌سه‌ر هەرێمی کوردستان داناوه‌.

پێناسەی گیرۆدەیی
گیرۆدەیی بە زمانێکی ساکار وەکو خووپێگرتوویی کەسێک به ماددە یان ڕەفتار و ئاکارێکی تایبەتی پێناسە دەکرێ. گیرۆدە توانای کۆنترۆلی ئەم ڕەفتارەی نییه و، به چەشنێکی خۆکار درێژەی پێ‌دەدا. بۆ گیرۆدە به‌کارهێنانی ئەم چەشنه ماددەیه بە بەراوەرد لەگەڵ ئەو شتانەی کاتێک بایخی بۆی بوون، گەلێک گرینگترە.

قۆناخەکانی شکڵگرتنی گیرۆدەیی
لەوە دەچی بۆ گەیشتن به قۆناخی گیرۆدەیی، پێویست به تێپەربوونی چەند پلە وەکوو به‌کارهێنانی جاروباری، کەلک‌وەرگرتنی ئاسایی ڕۆژانە‌ و، به‌کارهێنانی نابەجێ‌ و ئازارهێنەری ماددەی هۆشبەر یا کەیف‌خۆشکەر بۆ سڵامەتی بێ. بۆ وێنە ئەگەر بمانەوێ ئەلکۆڵ وەکوو نموونەیەک لەبەرچاو بگرین، لە حاڵەتی جاروباریدا، مرۆڤ لەکاتی شام خواردن یان ڕابواردن لەگەڵ دۆست و هاوڕێیانی؛ لە کاتی میوانی و تەعارف پێ‌کراندا یەک یان دوو بتری ئابجۆ یاخود پەرداخێک شەراو دەخواتەوە. لەم حاڵەتدا ئەم کەسە گیرۆدەیی جەستەیی یان ڕووحیی بە ئەلکۆڵ نییه و، خۆی پێ کۆنترۆل دەکرێ.
له کاتی به‌کارهێنانی ئاسایی یان ڕۆژانەی ئەلکۆڵ، بەرە بەرە سازانی بیۆشیمیایی له جەستەی به‌کار‌هێنەر و بەرزبوونەوەی ئاستی خۆڕاگریی لەش به‌ ئەلکۆڵ‌ پێک‌دێ، مرۆڤ تووشی ئازاری جەستەیی و ڕووحی دەبێ، سەرەڕای ئەوەش، توانای کۆنترۆلی خۆی هەیە.
لە کاتی کەلک‌‌وەرگرتنی نابەجێ و ئازارهێنەر، به‌کارهێنەر بۆ ڕزگاربوون لە کاریگەریی گێرە‌ و کێشەکانی ڕوحی و ڕۆژانەی ژیان، پەنا بۆ ئەلکۆڵ دەبا، لەباری ڕووحییەوە بەستراوەیەتی ‌و، ڕێکی‌وپێکی لە کەلک‌وەرگرتنیدا نابیندرێ، بەڵام وێرای ئەوەش جارێ توانایی کۆنترۆلی خۆی لەدەست نەداوە. ئەم چەشنە به‌کارهێنانەی مەشرووب تەندروستیی به‌کارهێنەر دەخاتە مەترسییەکی جیددییەوە.
لە قۆناخی گیرۆدەییدا، به‌کارهێنەر لەباری جەستەیی و ڕوحییەوە بەستراوەی ماددەکەیە، مەیلێکی زۆری بۆ به‌کارهێنانی هەیە، لە دەسپێکردن، درێژەپێدان، ئەندازەی به‌کارهێنان یان کۆتایی‌پێهێنانی، توانای کۆنترۆلی خۆی نییه. لەم کەسانەدا ڕادەی خۆڕاگری و سازانی جەسته‌یی به‌م ماددەیه بەرز دەبێتەوە، به‌کارهێنەر تووشی ئازار و ناڕەحەتی جەستەیی و ڕوحی واته سەرهەڵدانی نیشانەکانی تەرکی گیرۆدەیی یان خوماری دەبێ (بۆ وێنە نیشانەکانی تەرکی ئەلکۆڵ بریتین له: عارەقە‌کردن، لەرز، دڵه‌کوته، بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن، نائارامی، ترس و دڵه‌ڕاوکێ، هەروەها پەرێشانی، سەرلەشێواویی و، لە حاڵەتی سەختدا بەرزبوونەوەی تینی لەش، وڕاوەکردن و بزڕکاوی). لەم حاڵەتەدا بۆ پێشگیریی لەم ئازارانه، گیرۆدە ناچار به کەلک‌وەرگرتنی دووبارەی ئەم ماددەیه دەبێتەوە. به‌کارهێنانی بەردەوام و درێژخایەنی ئەلکۆڵ دەبێته هۆی تێکچوونی جیددی باری تەندروستی ڕوحی و جەستەیی گیرۆدە، خەمساردی لەهەمبەر سڵامەتی و چارەنووسی خۆ و دەوروبەری، هەروەها زۆربەی ڕووداوەکانی نێو بنەماڵه و کۆمەڵگە و، پێشێلکردنی بەردەوامی یاسا کۆمەلایەتییەکان.

هۆیەکانی گیرۆدەیی
بە‌کارهێنانی ئەلکۆڵ، دەوای ڕەوانگۆڕ و ماددە هۆشبەرەکان دەتوانێ به هۆی جۆراوجۆر بێ، وەکوو: چێژوەرگرتن، گەیشتن به هەستێکی باش ‌و خۆش، گۆڕانی بارودۆخی ڕوحی و مڵ‌ومۆیی، هەروەها لە گەنجاندا گوشاری هاوتەمەنەکان. گیرۆدەیی حاڵەتێکی درێژخایەنه‌. لەوە دەچێ لەسەرەتادا بوارەکانێ سەرێ، بە تایبەتیی فاکتەرەکانی هەستی، ئەنگیزە، وەبیرهاتنەوەی کاریگەریی باش و کەیف‌خۆشکەرەی ماددەی هۆشبەر و هتد ڕۆڵی لە پەرەسەندنی ئەم ڕەوته‌دا بێ، بەڵام پێشچوون و درێژەی مەیلی به‌کارهێنانی ئەم چەشنە ماددەیه تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندیی به بەستراوەیی، خووپێگرتوویی و سەرهەڵدانی نیشانەکانی وەلانانی ماددەی هۆشبەر هەیە. گیرۆدە بۆ دووربوون له دووپاتبوونەوەی نیشانەکانی تەرک و ئاڵۆزییەکانی، ناچار دەبێ پەنا به‌م ماددەیه بباتەوە.
به گشتیی سێ فاکتەر لە ڕەوتی شکڵگرتنی گیرۆدەیی‌ بەشدارن:
ماددەی هۆشبەر
تایبەتمەندیی کەس
کاریگەری دەوروبەر
لەوە دەچێ له کۆمەڵگەیەکدا که ماددەی هۆشبەری تێدا نییه، هیچ کەسیش تووشی گیرۆدە‌یی نەبێ، بەڵام له ژیانی ڕاسته‌قینەدا کۆمەڵێکی ئاوا پاک و خاوێن تەنیا لە خەیاڵدا دەبیندرێ و، ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان بەچەشنێک کێشەیان لەگەڵ دیاردەی گیرۆدەیی و ئاڵۆزییه کۆمەڵایەتی‌ و تەندروستییەکانی هەیه.
 بەگشتی، کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئینسان دەگەڕێتەوە سەر: وەزع و حاڵی مرۆڤ (وەزعییەتی ئێستا، ناسەقامگیریی ڕەوانی، جینس، هەبوونی بەستێنی ژنێتیکی)؛ ئاقاری دەوروبەر یان بارودۆخی ئێستای کەسەکە (وەکو وەزعی بنەماڵه، شوێنی کار، به‌کارهێنانی ماددەی هۆشبەر به تەنیایی یان کۆیی لە جیژن یان شوێنی کارکردندا، فەرهەنگی به‌کارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بارودۆخی نزمی ئابووری و کۆمەڵایەتی، نەبوونی پشتیوانی و پشتگیری لە لایەن بنەماڵەوە، هەبوونی پێوەندیی لەگەڵ خەڵکی نالەبار، لادەر و تاوانکار، پێشینەی تاڵی دەستدرێژیی جەستەیی و ڕوحی بەتایبەتی لە سەردەمی منداڵیدا؛ چۆنیەتی و ڕادەی کاریگەریی ماددەکە (ورووژێنەر، سوکنایی‌دەر و هێدی‌کەرەوە، گوماناوەر، هەروەها دەستڕاگەیشتنی هاسان به ماددەی هۆشبەر، بڕ و خەستیی ماددەکه).
ئەوانەی تووشی ناڕەحەتیی ڕوحی وەکوو ترس و خەمۆکی یان تیکچوون و سەقامنەگرتوویی کەسایەتی بوون زۆرتر لە مەترسی گیرۆدەبوون‌دان. هەروەها لە شوێن و کۆڕو کۆمەڵێکی پیشەیی وەکو فرووشگای ماکی خۆراکی، پیشە‌ی ئازادی ناحرفەیی یان پیشەی میدیایی و هونەریی، ئەگەری تووشبوون به ماددە هۆشبەرەکان بەرزتر لە پیشەکانی دیکەیە.
دەستڕاگەیشتنی ڕاحەت و هاسان به ماددەی هۆشبەر، کاریگەریی ئەرێنیی ئەم ماددەیه وەکوو لەبەین‌بردنی ترس، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، ئێش‌بڕی، سوکنایی‌دەربوون، هەروەها ئەندازە و توانای گیرۆدە‌کردنی ماددەکە(بۆ وێنە میزانی کاریگەریی هیرۆئین و نیکۆتین لە ڕەوتی گیرۆدەیی بەرزترە لە ئەلکۆڵ و کۆکائین) لەم ڕەوتەها نەخش دەگێڕن.
نەبوونی متمانەبەخۆیی، گرێی دەروونی، چیژبردن له کارێکی قەدەغەکراو و مەترسیدار، بێ‌تاقەتی و شێوە‌ژیانێکی یەک‌جۆر و بێ‌ئاڵوگۆڕ، ڕەنگ‌گری، سەرکوتکردن و ڕێ‌پێنەدان به فیکر، بیرەوەری، ئاوات، مەیل و ئەزمونە تاڵ و ناخۆشەکانی ڕابردوو بۆ نێو مێشک، تێکچونی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵ بۆ جێ‌پەسەند بوون لە نێو کۆڕ و کۆمەڵیش ڕۆڵیان لە ڕەوتی گیرۆدەبووندا هەیە.
ئەم فاکتەرانه و کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان و هتد دەبنه هۆی پێکهێنانی بەستێن و بارودۆخی پێویست بۆ گیرۆدەبوون. بۆ وێنە، کاتێک خواردنەوەی ئەلکۆڵ دەبێتە هۆی ئارام و هێدی بوونەوە، هەروەها  لەبیرچوونەوەی ئیش و ئازاری جەستەیی و ڕوحی ‌و، پێوەندی گرتن ڕاحەت و هاسان لەگەڵ خەڵکی دیکە، بەئاسانی دەربڕینی بیر، هەست و ویستەکان لەو کەسانەی تووشی سترێس و ناڕەحەتی ڕوحیین، ئەوکات بە‌کارهێنەری ئەلکۆڵ بەم ئاکامه دەگات ئەڵکۆڵ ئامرازێکی باش و، یاریدەدەرێکی گرینگ بۆ زاڵبوونی بەسەر کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیەتی.
مەترسیی به‌کارهێنانی ماددەی هۆشبەر و گیرۆدەبوون لەوانەی تووشی ناڕەحەتی و نەخۆشیی ڕەوانین، به چەشنێکی بەرچاو بانتر لە کەسانی دیکەیە. له نزیکەی سەتا ٣٠ی ئەوانەی نەخۆشیی ڕوحییان هەیە به‌کارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبیندرێ، لەم ڕێژەیەدا، سەتا ٢٥یان گیرۆدەی ئەلکۆڵ، سەتا ٤٠یان گیرۆدەی نیکۆتین و سەتا ١٥یان گیرۆدەی  ماددە ئەفیوونییەکانن. لە نزیکەی سەتا ٥٠ گیرۆدەکان بەستێنی خەمۆکی و ترس دەبیندرێ.
سترێس یاخود گوشاری ڕەوانی‌ هۆی بەرزکردنی ئەگەری گیرۆدەبوونن. هەر ئەم ڕاستییه، شیکەرەوەی هۆی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی بەشێک له تازەلاوان، سەرهەڵدانی سترێس و تێکچوونی باری ڕەوانی‌ و، لە ئاکامدا بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسی خووپێگرتن به ماددەی هۆشبەر له بەراوەرد لەگەڵ تەمەنەکانی دیکەدایە.
لەوە دەچێ فاکتەری ژنێتیک‌ نەخشێکی گرینگ لە ڕەوتی گیرۆدە‌بووندا بگێڕێ. به پێی لێکدانەوەکان له سەتا ٤٠ هەتا ٦٠ی بێ‌بەرگەیی گیرۆدەکان، دەگەڕێتەوە سەر کاریگەریی فاکتەرە ژنێتیکیەکان.
 لەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر گیانلەبەرەکان کراوە، ژێنێکی زۆر دیاریی کراون کە ڕۆڵیان لە ڕەوتی گیرۆدەبوندا هەیە، هەروەها توێژینەوەکانی نێو بنەماڵه، زڕمنداڵ و دووانەکان ئاماژە به ڕۆڵی گرینگیی ژێنەکان لەم پێوەندییەدا دەکەن. بەپێی توێژینەوەکان، ڕادەی کاریگەریی باری ژنێتیکی لە گیرۆدەیی دووانەکان به نیکۆتین ٣٣ هەتا ٧١٪، بۆ ئەلکۆڵ ٤٨ هەتا ٦٦٪ ، بۆ کۆکائین ٤٢ هەتا ٧٩٪ و بۆ کانابیس ٥١ هەتا ٥٩٪ ە.
بارودۆخ و ئاقاری دەوروبەریش هۆی دیکەی گیرۆدەبوونن. بۆ وێنە، لەو وڵاتانەی خواردنەوەی ئەلکۆڵ بەشێک لە پێوەندیی ڕۆژانەی ژیان پێک‌دەهێنێ، خواردنەوەی مەشرووبی ئەلکۆڵی لە کۆبوونەوە و بۆنە جۆراوجۆرەکاندا شتێکی ئاساییه. لەوەدەچێ کەلک‌وەرگرتن لە کۆکائین لەنێو کۆڕ و کۆمەڵێكی تایبەتیدا وەکوو دیاردەیەکی لووکس و شیک لەبەرچاو دەگیرێ و منداڵ به هۆی بەشداری لەگەڵ دایک ‌و باوک لەم شوێنانە‌دا فێری ئەم چەشنە هەڵسوکەوتانه لە کاتی ڕابواردن، جێژن و کۆبوونەوەکان دەبێ.
بارودۆخ و چارەنووسی بنەماڵه، به تایبەتیی ڕەفتار و ئاکاری ناشیاو، توندوتیژی دایک‌ و باوک لەگەڵ یەک و لەگەڵ منداڵان، دەستدرێژیی جینسی لە لایەن ئەندامێکی بنەماڵه یان دۆست و نیزیکی ئەوان لە کاتی منداڵی، بوونی دیاردەی گیرۆدەیی لە بنەماڵه، هەروەها لەیەک‌جیابوونەوێ دایک و باوک ڕۆڵێکی نەرێنیی لە ڕەوتی گیرۆدەبوونی منداڵ و تازەلاوان لە داهاتووی ئەواندا دەگێڕێ لە ئاڵمان، له سەتا ٥٠ی گیرۆدەکان ئەندامی بنەماڵەیەکن که دایک و باوکیان تەڵاقیان وەرگرتووە یان جیا لەیەک دەژین. لە ئاڵمان ئەم بنەماڵانە سەتا ٣٠ی حەشیمەتی ئەو وڵاته پێک دەهێنن.
دیاردەی پێوەبەستراویی(Codependency) واته کاردانەوە و هەڵسوکەوتی ئەندامی بنەماڵه لەگەڵ گیرۆدە هۆیەکی دیکەی دەوام و درێژدانی ڕەوتی به کارهێنانی ماددەی هۆشبەرە. خۆتێهەڵقوتاندنی ئەندامی بنەماڵه یاخود هاوژین و دۆستی گیرۆدە کاریگەرییەکی نەرێنیی لەم ڕەوتەدا هەیە. لەم ڕەوتەدا چوار قۆناخ جیا دەکرێتەوە: ١) پشتگیری ٢. کۆنترۆل ٣. سەرکۆنه‌ و لۆمه کردن‌ و ٤. قەبووڵ و سازان لەگەڵ گیرۆدەیی. لە تەواوی ئەم قۆناخانەدا کاردانەوەی به‌کارهێنەر به خۆتێهەڵقوتاندنی هاوبنەماڵه لە ڕێگای زۆرتر به‌کارهێنانی ماددەی هۆشبەرە، لەم خولە شەیتانییەدا، هەرچی گیرۆدە زۆرتر ماددەی هۆشبەر به‌کار بێنێ، ئەندامی بنەماڵه زۆرتر خۆی تێ‌دەگەیەنی، و هەرچی ئەم  خۆتێهەڵقوتاندنە زۆرتر بێ، گیرۆدە ماددە هۆشبەرێکی زۆرتر به‌کار دەهێنێ.

میکانیزمی کار و کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان
بەگشتی و کورتی، جگەرە، ئەلکۆڵ و ماددە هۆشبەرەکان لە ڕێگای سیستمی دەمارییەوە دەبنه هۆی گۆڕانکاری لە ئاستی سیللول و وەرگرەکانی مێشک. کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان به پێی پێکهاتەی شیمیایی و کاریگەریی نۆیرۆبیۆلۆژیکیان لە ئاستی مولوکوولی و شوێنی لکاوی سیللولە دەمارییەکانه. بۆ وێنه، سیستمی لیمبیکی (Limbic System) مێشک بەرپرسی بەشی پاداشدانی مێشکە و پێوەندیی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە هەستەکانی مرۆڤ هەیە و، تا ڕادەیەکی زۆر له شکڵگرتنی بیرەوەریی و هەستەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێ.
به‌کارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆی چالاکبوونی لە ڕادەبەدەری ئەم بەشه ‌و، مەسەلەی پاداش ڕۆڵێكی بەرچاو لە سەرهەڵدان و دەوامی گیرۆدەیی دەگێڕێ. ماددە هۆشبەرەکان لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ڕێژەی دۆپامین، دەبنه هۆی چالاکبوونی سیستمی پاداشدان. دۆپامین به هۆی کاریگەریی لەسەر کۆیاد و خولگەی کارکردنی مێشک دەبێته هۆی دووپاتبوونی هەست و ئەزمونێکی خۆش و، له ئاکامدا کەسەکە بۆ گەیشتنەوەی دووبارە بەم هەسته خۆشە هەوڵ دەدات ئەم ماددەیه زۆرتر به‌کار بهێنێ. بەرزبوونی ئەم هەسته خۆشه و چێژوەرگرتن لەو، سەرخۆش و کێف‌خۆش بوون، هەروەها دابەزینی ئاستی ئێش و نارەحەتی و لەبیرچوونەوەی کاتیی کێشە بنەماڵەیی، کۆمەڵایەتییەکان و هتد دەبێتە هۆی به‌کارهێنانی هەرچی زۆرتری ماددەکە و، بەرزبوونەوەی ئاستی خۆڕاگریی و سازان لەگەڵ ماددەی هۆشبەر. وەلانانی ماددەی هۆشبەر دەبێته هۆی سەرهەڵدانی ناڕەحەتی جەستەیی و ڕەوانی، هەرلەبەر ئەوەش گیرۆدە سەرلەنوێ پەنا بۆ ماددەکە دەباتەوە.

دەرمان
گیرۆدەیی نەخۆشییەکی درێژخایەنە و پێویستی به دەرمانکردن هەیە. ئامانجی سەرەکیی دەرمان بریتییه لە:
- پاراستنی ژیانی نەخۆش و، پێشگیری لە مردنی گیرۆدە به هۆی به‌کارهێنانی لەڕادەبەدەر و نەخۆشییەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر.
- دابینکردنی سڵامەتی و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون به نەخۆشییەکانی درێژخایەنی عفوونی وەکو ئەیدز و هێپاتیتەکان (هەوکردنی جەرگ).
- دابەزاندنی ئاستی مەترسی و ئازاری پێوەندیدار به ڕەفتار و ئاکاری ناکۆمەڵایەتی، ناتەندروست، نایاسایی، هەروەها تاوانکاری ئەم کەسانە لە کۆمەڵگەدا.
- دابەزاندنی پەیتاپەیتای ڕادەی به‌کارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
- درێژترکردنی مەودای به‌کارنەهێنانی ماددەی هۆشبەر.
- پێ‌تەرکدانی گیرۆدەیی، وازهێنانی یەکجاریی لەبه‌کارهێنانی ماددەی هۆشبەر و پێشگیری کردن لە سەرهەڵدانەوەی گیرۆدەیی.
- دابینکردنی ژیانێکی ئاسایی لە بوارەکانی بنەماڵەیی، کارو پیشەیی، کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەی گیرۆدەکان بۆ ژیانی ئاسایی و به‌قازانجی نێو کۆمەڵ‌.

تەرک‌دانی گیرۆدەیی له چوارچێوەی بەرنامەیەکی چەند قۆناخی‌دا وەدی دێ:
١- ‌هەڵسەنگاندن، ٢- ژەهرسڕینەوە، ٣- لە عادەت خستن و ٤- بووژاندنەوە.
بەپێی وەزعییەتی گیرۆدە، پێشچوون و بەڕێوەبردنی ئەم قۆناخانه لەباری زەمەنییەوە جیاوازن و، لەوە دەچێ تەنانەت هاوکات پێکەوە ئەنجام بدرێن.
لە قۆناخی یەکەمدا وێرای دیاریکردن و هەڵسەنگاندنی وەزعییەتی سڵامەتیی جەستەیی و ڕوحیی نەخۆش، هەروەها چۆنیەتی وەزعییەتی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی، ئەنگیزە و دەرفەتەکانی دەرمانکردن لێک دەدرێتەوە. لەم قۆناخەدا بۆ سەقامگیری سڵامەتی ئەوانەی گیرۆدەی نیکۆتین یاخود ماددە هۆشبەرەکانن لە دەواگەلێ جێگیر وەکو مێتادۆن، لوومێتادۆن، بۆپرۆنۆرفین، کەپسوولەکانی مۆرفین به کاریگەریی خاوەوە وەکوو سووبستیتۆل یان کۆمپێنسان؛ هەروەها هیرۆئینی بێ‌گەرد به ناوی دیامۆرفین (Diamorphine) کەلک وەردەگیرێ. لە نێو ئەم دەوایانەدا، تەنیا دیامۆرفین به چەشنی وشاندن لە ڕێگای خوێنبەرەکانەوە کەلکی لێ وەردەگیرێ. دیامۆرفین هیرۆئینێکی بێگەردە و ٥ هەتا ١٠ کەرەت بەهێزتر لە مۆرفینە. هیرۆئین‌دەرمانی لە ساڵی ١٩٩٦وە لە سویس، لە ساڵی ١٩٩٨ وە له هۆلەند و لە ساڵی ٢٠٠٩ وە لە ئاڵمان بۆ ئەو کەسانەی گیرۆدەییەکی سەختیان هەیە و دەرمانکردن به مێتادۆن و بۆپرۆنۆرفین کاریگەریی لەسەر ئەوان نییه، به کار دەبردرێ. ئەم شێوە دەرمانییه پێویستیی به ناوەندێکی تایبەتیی به ئاستی باڵای ئەمنییەتی و ڕێکخراوەیی هەیه.
توێژینەوەکان پیشانیان داوە کەلک‌وەرگرتن له دیامۆرفین، شێوەدەرمانێکی باشە بۆ:
بۆ پێشگیریی لە تووشبوون و پەرەسەندنی نەخۆشیی ئەیدز، هێپاتیت و هتد لەنێو گیرۆدەکان،
کۆنترۆلی باشتری ڕادەی به‌کارهێنان و هەڵبژاردنی ماددەی هۆشبەر،
کەمکردنەوەی ڕێژەی کەلک‌وەرگرتنی هاوکات له چەند ماددەی هۆشبەر،
سەقامگیریی ڕوحی،
و دابەزینی ئاستی هەڵە‌کاریی و تاوانکاریی گیرۆدەکان لە کۆمەڵ.
 بەراوەردێک له ئاڵمان لەنێوان ئەو نەخۆشانەی کەلک لە مێتادۆن یاخود دیامۆرفین دەگڕن، نیشانی داوە، جێگیردەرمانی به دیامۆرفین به تایبەتی لە ساڵی دووهەمی به‌کارهێنانی کاریگەرییەکی بەرچاوی لە ڕەوتی بەرزبوونەوەی ئاستی سڵامەتی جەستەیی و ڕوحی، خۆگونجانی گیرۆدەکان لە کۆمەڵ ‌و، تەنانەت چوونه نێو بازاری کار، هەروەها به‌کارنەهێنانی هاوکاتی چەند ماددەی هۆشبەر، دابەزینی ڕادەی خواردنەوەی ئەلکۆڵ و دەوا ڕەوانگۆڕەکان یان کەڵک‌وەرگرتن له هیرۆئین لە بازاری ڕەش و مردن بەم هۆیەوە بووە.
ژارسڕینەوە به گشتی لە بەشی ڕەوانپزیشکی، نەخۆشییەکانی هەناو یان دەماریی نەخۆشخانه ئەنجام دەدرێ. لەم قۆناخەدا ماددەی هۆشبەر بە یەکجاری وەلا دەندرێ و نیشانەکانی پێ‌تەرکدان به پێدانی دەوای شیاو و پێویست دەرمان دەکرێ. لەوە دەچێ لە حاڵەتی گیرۆدە‌یی سووک و ئاستی بەزری خۆهاوئاهەنگ‌کردن و سازانی کۆمەڵایەتیی نەخۆش، گیرۆدە به چەشنێکی نیوە سەرپێی و خەواندن لە نەخۆشخانه دەرمان بکرێ.
به گشتیی بۆ دەرمانی گیرۆدەکان پێویستی به کارێکی کۆیی و گرووپی تەواولایەنەی پسپۆڕانی پزیشکی له بواری نەخۆشیی هەناو، ڕەوانی، عفوونی و جینسی، هەروەها ئاریکاری کۆمەڵایەتی هەیە. هەوڵ و هەنگاوە دەرمانی و نادەرمانییەکان دەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ پێداویستیەکانی گیرۆدە هەبێ. لە عادەت خستن و بووژاندنەوەی نەخۆش پاش تەواوبوونی دەورەی دەرمانکردن له نەخۆشخانه، بۆ بەرزکردنەوەی توانایی نەخۆش بۆ دەست‌پێکردنی ژیانێکی نوێ و ئاسایی، لە ناوەندێکی هێزدەری ڕوو دەدات.

پێشگیری له گیرۆدەیی
به‌کارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ئەلکۆڵ و دەوای ڕەوانگۆڕ نەک تەنیا هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیی گیرۆدەیی، بەڵکوو هاوکات هۆیەکی بەرچاو و گرینک بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشیی جیددی و مەترسیدار بۆ ژیان وەکوو نەخۆشیی دڵ و دەمارەکان، هەناسەیی، هەرسەکی، شێرپەنجە و عفوونی، هەروەها گێرە‌وکێشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە.
بەرنامە جۆراوجۆرەکانی پێشگیریی لە گیرۆدەیی لە پێناوی به هێزکردنی فاکتەرە بەرگەرییەکان، دابەزین و تەرکدانی ماددەی هۆشبەر، هەروەها بەرگری له سەرهەڵدان و پەرەسەندنی گیرۆدەیی لە کۆمەڵگەدایه. بەرنامەی پێشگیری بەپێی تەمەن، ئاستی پەرەسەندنی ئەم کێشەیه له کۆمەڵگە، به سێ چەشن دابەش دەبێ:
* به‌رنامه‌‌ی گشتی بۆ تەواوی منداڵانی قوتابخانه یاخود ئەندامانی کۆمەڵگە، بێ هەرچەشنه جیاوازییەک و جیاکردنەوەیەک.
* بەرنامه‌‌ی هەڵبژێردراویی بۆ بەشێک لە مندالان و تازەلاوان که بەپێی هۆکارێکی تایبەتی زۆرتر لە مەترسی به‌کارهێنانی ماددە‌ی هۆشبەردان.
* بەرنامه‌ی کاربۆکراوی تایبەت بۆ ئەو گەنجانەی ماددەی هۆشبەر به‌کاردەهێنن.

بۆ پێشگیریی لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی گیرۆدەیی پێویسته لە تەواوی ئەو چار و هەنگاوانە کەلک وەربگیرێ که دەبنه هۆی دابەزاندنی ئاستی به‌کارهێنان و بڵاوبوونەوەی ماددەی زیاندار لە کۆمەڵ. کاری ڕووناکبیری له نێو بنەماڵه، قوتابخانه و شوێنی کار و هتد ڕۆڵێکی بەرچاو و گرینگ لە بەربەرەکانی لەگەڵ دیادەی گیرۆدەیی دەگێڕێ. سازکردنی فیلمی فێرکاریی کورت و به‌ڵگەدار، نووسین و بڵاوکردنەوەی نامیلکەی فێرکاریی به زمانێکی ساکار و بەکەلک، یارمەتی به‌م ڕەوته دەدەن.
دایک‌ و باوک و هێزە پەروەردەییەکان (ڕاهێنەری باخچەی منداڵان، مامۆستای قوتابخانه و هتد) دەتوانن ڕۆڵێكی باش لە پێشچوونی ئەم ڕەوتە بگێڕن. شێوەکانی ڕاهێنان و هەڵسوکەوتی دایک‌ و باوک، مامۆستا و گشت سیستمی ڕاهێنان و پەروەردەکردنی کۆمەڵ دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنی یاخود نەرێنی سەرەتایی لەسەر منداڵ‌ هەبێ و داهاتووی ئەوان دیاریی بکات.
دانپێدانان به‌و ڕاستییە که منداڵ بوونەوەرێکی سەربەخۆیه و کەسایەتییەکی جیاوازی هەیه، دەتوانێ لە ڕەوتی پەروەردە‌کردن و ڕاهێنانی ئەرێنی ئەوان ڕۆڵێکی زۆر گرینگ بگێری و یاریدە به بەرزکردنەوەی ئاستی متمانه به خۆیی لە تەمەنی خوارەوە، به هێزترکردنی توانایی جەستەیی و ڕووحیی بۆ ڕووبەڕووبوون لەگەڵ گێڕەوکێشەکانی ژیان و پارێزکردن و دووری لە به‌کارهێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ چارەکردنی ناڕەحەتییەکان بدات.
قسە‌کردن لەگەڵ منداڵ، شیکردنەوەی دیاردەی گیرۆدەیی به شێوەیەکی دروست و زانستی له ماڵ و قوتابخانە، خۆپاراستن لە هەر چەشنه توندوتیژی و سەرکۆنەکردنی نابەجێ، یاریدە به شکڵگرتنی کەسایەتییەکی قایم و به هێز، بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆیی لە منداڵ دەدا و بەپێی ئەزمون، ئەم چەشنه هەڵسوکەوت‌کردنه به قازانجی منداڵ، بنەماڵه و کۆمەڵگە تەواو دەبێ.
له ئاستی کۆمەڵگەشدا، هەبوونی سیستمێکی سێکولار و دادپەوەر، دابەشکردنی دادگەرانەی سەروەت و سامان لەنێو خەڵک و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆش‌بژیوی و ڕاحەتیی ژیان، دابینکردنی بارودۆخی پێویست بۆ دەرس خوێندن هەتا ئاستی زانستگا، یەکسانی ژن و پیاو لە تەواوی بوارەکانی ژیاندا، بەربەرەکانی لەگەڵ دیاردەی بێکاری، پێکهێنانی سیستمی باش و پێشکەوتووی تەندروستی، دابینکردنی بیمە بۆ هەموو کەس ‌و، به گشتی هەنگاوگەلی پێویست بۆ لەنێوبردنی نابەرابەریی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەمکردنەوەی کەلێنی چینایەتی و نەتەوەیی یاریدە به لەبەین بردنی بارودۆخ و بەستێنی سەرهەڵدانی دیاردەی گیرۆدەیی دەدا.




سەرچاوەکان:
دکتر کامران امین آوە، مبانی پزشکی اعتیاد، نشر تافگه، چاپ اول سنندج ١٤٠٠
اعتیاد در کردستان رنگ عوض کرده است. ٣٠ آذر ١٣٩٩، ایسنا، https://www.isna.ir
٦ درصد زنان در کردستان اعتیاد دارند. ایرنا. سنندج. ٢٩ اردیبهشت ١٣٩٨، www.irna.ir
حدود ۴۰ درصد معتادان کردستان، کارمند دولت هستند، ایرنا ٦ خرداد ١٤٠٠
۳ درصد جمعیت آذربایجان غربی درگیر اعتیاد هستند، خبرگزاری مهر ٢٣ مرداد ١٣٩٨، https://www.mehrnews.com/
امسال بیش از ۵ تن مواد مخدر در آذربایجان‌غربی کشف شد، خبرگزاری تسنیم ١ تیر ١٤٠٠، https://www.tasnimnews.com/
تیرۆری سپی، لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات، هەرێم نیوز. ٣.٧.٢٠٢١،
https://www.haremnews.com/details/19943
دانا عومەر، ماددە هۆشبەرەکان؛ شەڕی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕوداو،05-01-2021،
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/05012021
Nearly half of Kurdish youth smoke, survey finds, 29-11-2016,
https://www.rudaw.net/english/kurdistan/291120161
Nasih Othman,1Attallah O. Kasem,2andFaisal A. Salih3Waterpipe Smoking among University Students in Sulaimaniyah, Iraqi Kurdistan: Prevalence, Attitudes, and Associated Factors. 2017,
    https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5960227/


[1]  صمت: صنعت، معدن، تجارت