لە حەوت ڕۆژدا نۆ هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستاندا كوژراون

کوردستان

13/05/2022‌ 500 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

لە حەوت ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی كێشەی جیاوازەوە لە هەرێمی كوردستندا نۆ هاوڵاتی كوژراون و حەوت كوژراویان لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا بووە.


ڕۆژی 8ی ئەم مانگە پۆلیسی گەرمیان بڵاویكردەوە، كە گەنجێك بەدەمانچەکەی خۆی فیشەکی بەخۆیەوە ناوەو لەئەنجامدا گیانی لەدەستداوە، شەوی ڕابردویش تەمی گەنجێك لە سۆران دۆزرایەوە كە پێشتر ڕایگەیاندبوو هەڕەشەی كوشتنی لەسەرە.

شەوەی ڕابردوو لە ناو شاری سلێمانی و لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، لەسەر كێشەی زەویوزار شەڕەتەقە لە نێوان چەند هاوڵاتییەكدا ڕوویدا و بەوهۆیەوە كەسێك كە گیانی لەدەستدا و بەوتەی پۆلیس ئەو كەسە هیچ پەیوەندییەكی بە ڕووداوەكەنەبووە و لە شوێنی شەڕەكە فیشەكی بەركەوتووە.

هەروەها، ئه‌مڕۆ، قایمقامیه‌تی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ڕایگه‌یاند، شه‌وی ڕابردوو له‌ بانی مه‌قان به‌هۆی گولـلەی وێڵه‌وه‌ هاوڵاتیه‌ك به‌ناوی جومعه‌ عه‌لی عومه‌ر له‌دایكبوی 1979 كۆتایی به‌ژیانی هات.

ئێوارەی ئەمڕۆیش، لەسەر كێشەی زەویوزار لە گوندی کەوڕەبەنی سنووری پارێزگای هەولێر، چەند كەسێكدەبێت بەشەڕیان و چەك بەكاردێنن، بەوهۆیەوە پێنج كەس كوژران كە سیانیان برای یەكتربوون.

كوژرانی نۆ هاوڵاتی لە ماوەی هەفتەیەكدا لەكاتێكدایە، ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی كوردستان یاسای قەدەغەكردنی چەكهەڵگرتنی پەسەندكرد، كە پرۆژەكەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و حكومەتی هەرێمەوە پێشكەش بە پەرلەمان كرابوو.

ئەوەی جێگەی سەرنجە سەڕەڕای ئەوەی بە یاسا هەڵگرتنی چەك لەلایەن هاوڵاتیانەوە قەدەقەكراوە و چەندین هەڵمەتیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراوە بۆ داماڵینی چەك لە هاوڵاتیان، بەڵام هێشتا چەك لە دەست هاوڵاتیاندایە و بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكانیان بەكاری دێنن و بەوهۆیەوە ڕووداوی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە.

س.س