کات هاوینی ساڵی 2022
کچێکی
ناسیاومان لەهەولێر ماوەیەکە زانکۆی تەواو کردووە، بەهۆی نەبوونی کارو
دانەمەزراندنو دەستنەکەوتنی کار لەڕشتەکەی خۆیدا، کچەکە لەماڵەوە
دانیشتووە.
ئەو کچە خوێندەوارە خاوەن بڕوانامەیە، بۆ دابینکردنی
بژێوی ژیانی، ئامادەیە لەدەرەوەی پسپۆڕی خۆی هەر کارێکی لە مۆڵ و
رێستورانتەکاندا دەست بکەوێت، دەستبەکار بێت. بەڵام، ئەو لەهەر دەرگایەکی
دابێت، پێیان وتووە زمانی عەرەبی نازانیت و کارت نادەینێ.
کات هاوینی ساڵی 1922
میرلیوا
مستەفا پاشای یاموڵکیو ڕەفیق حیلمیو کۆمەڵێک لەنوخبەی کوردستانی ئەوێ
ڕۆژێ، بەخەونی سەربەخۆیی کوردستانەوە، رێکخراوێکی سیاسی بەناوی کۆمەڵەی
کوردستان دادەمەزرێنن. ئەوان بڕیار لەسەر دامەزراندنی رۆژنامەیەکیش بەناوی
"بانگی کوردستان." دەدەن.
ڕۆژنامەی بانگی کوردستان بەهەر سێ زمانی
كوردی و فارسی و تورکی دەبێت، بەڵام زمانی عەرەبی تێدا نییە (تەماشای وێنەی
هاوپێچ بکەن). هەرچەند یاموڵکی و هاوڕێکانی کەسانی نەتەوەیی و نیشتیمانی
بوون، بەڵام بڕیارەکەی ئەوان دوور و نزیک لە ژێر کاریگەری ئەو بیرەدا
نەبووە. زۆر بەسادەیی، ئەوان بۆ خوێنەری کوردییان رۆژنامەکەیان دەردەکرد. لە کوردستاندا خوێنەری زمانی عەڕەبی نەبوون.
ئەو
سەردەم، نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لەبەغداش، زمانی عەرەبی دووەم بوو
لەئاست زمانی تورکیدا (ئەگەر سێیەم نەبووبێت لەدوای فارسیدا).
گرێکوێرەی
زۆرێک لە تاقمەکەی مەلیک فەیسەل، لەبابەتی جەعفەر عەسکەری و نوری سەعید،
ئەوە بوو ئەوان تورکییەکەیان زاڵ بوو بەسەر عەرەبییەکەیاندا. وەک پێویست
نەیاندەزانی عەرەبی بنووسن و بخوێننەوە.
لەمیانەی سەد ساڵ
لەدەوڵەتدارییو تەرخانکردنی بودجەیەکی فراوان عەرەبەکانی عێڕاق تا
رادەیەکی زۆر توانیویانە فەزای مەعریفە و سیاسەت و بەڕێوەبردن لەسەر ئاستی
عێڕاقدا تەعریب بکەن.
بۆ نموونە، تا ناوەراستی هەشتاکانی سەدەی
رابردوو، جگە لە کۆلیژی پزیشکی، مەنهەجەکانی خوێندن لە سەرجەم کۆلیژەکانی
تری زانکۆکانی عێڕاق، لەوانەش ئەندازیاری تەعریب کران. کوردستانیش تا
رادیەکی زۆر کەوتە ژێر هەژموونی تەعریب لەم کایانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم
پێدان.
بۆ نموونە، زۆرینەی ئەندامانی خولەکانی یەکەم و دووەمی
پەرلەمانی کوردستان، کە لە1992 دامەزرا، زیاتر توانای خۆ-تەعبیرکردنییان
بەزمانی عەرەبی هەبوو، تا کوردی، هەربۆیە زۆربەی بڕیارو یاساکانی ئەو
سەردەمی پەرلەمان بەعەرەبی دەنوسران.
هەڵبەت، ئەم تەعریبە نەکشایە کایەی جڤاکیو پێوەندی ڕۆژانەی خەڵكو بۆیە بەگشتی هەوڵی عێراق بۆ تەعریبکردنی کورد مایە پوچ بوو.
لەسای
دەسەڵاتی نانیشتیمانیو نانەتەوەیدا، خەریکە جارێکی تر، مۆتەکەی تەعریب
لەدەروازە هەرە مەترسیدارەکەیەوە باڵدەکشێنێت بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا،
لەدەروازەی جڤاکیو بازرگانیدا، ئەو دەروازانەی کە پەیوەستن بەژیانو ژیاری
خەڵکەوە.
ئێستا، لەهەولێری پایتەختی کوردستان، کوردی لەئاست عەرەبیدا خەریکە پێگەی خۆی لەدەستدەداتو دەچێتە پلەی دووەم.
ئەم
پێگە لەدەستدانە، هەر پەیوەندی بەوەوە نییە کە سێ-یەکی شاری هەولێر
لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە تەعریبکراوە، بەڵکو پێگە لەدەستدانەکە
لەوێشەوەیە، کە عەرەبی خەریکە دەبێتە زمانی بازاڕ. وەک لەیەکەم نموونەدا
ئاماژەم پێدا، چیتر زانینی زمانی کوردی بوارو دەرفەتی هەلی کار بۆ گەنجانی
کوردستان ناڕەخسێنێت.
دواجار زمانی بازاڕی هەر شارو هەرێمێک، هەر
زمانێک بێت، ئەو زمانە هەژموون پەیدا دەکاتو دەبێتە ناسنامەی ئەو شارو
هەرێمە. ورمێو کەرکوکو (تا ساڵانی شەستەکانیش) هەولێر نموونەی ئەم
حاڵەتەن.
ئازەرییەکانی ورمێو تورکمانەکانی کەرکوک سەرەرای
کەمینەبوونییان لەو دوو پارێزگایەی کوردستان، بەڵام بەهۆی هەژموونییان
لەبازاڕو هەڵکشانی زمانی تورکی بۆ زمانی بازاڕ، لەم شارانەدا، تورکی زمانی
گشتی ئاخاوتن بووەو هەیە.
دەبێت ڕاگرتنو پێچەوانەکردنەوەی ئەو
ئاراستەیەی تەعریبکردنی هەولێرو شارەکانی تری کوردستان ببێتە خەمی گشتی
خەڵکی کوردستان، ئەگینا لینگۆ-سایدێک چاوەڕێمان دەکات.
ئارام رەفعەت