شارپرێس:
ژمارەیەك نوسەرو ڕۆشنبیرو كاسبكارو ئەكادیمی لەهەرێم لەبەیاننامەیەكدا دەڵێن،"توێژینەوەی زانستی و داهێنانی هونەری لەژێر هەڕەشەدان لەهەرێمی کوردستان"، نمونەش بەنامیشە شانۆییەكەی مانگی ڕابردوی زانكۆی ئەمریكی دەهێننەوە كەدەنگدانەوەیەكی زۆرید روست كردو چەند لایەنێك دژی وەستانەوە.
دەشڵێن،" لەدوو هەفتەی ڕابردودا، دامەزراوەی کەشکوڵ لەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی چەند دیدارێكی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شێوازو بنەمای کارکردن زیندوکردنەوەی کلتور و هونەری کوردیی بۆ چەدن لایەنێك و كوردستانی باشورو ڕۆژئاوا ساز دا"..
لەبەیاننامەكەدا، ئەوەش باسكراوە، تیپی (هونەرگەی وڵات) کۆمەڵێک ئاوازی ناوازەیان پێشکەش بەسەدان ئامادەبوو کرد یەکێک لە نمایشەکان بەناوی (ژیانەوە)، پێرفۆرمانسێکی ڕەمزی بوو کە گوزارشت لە ئازادبونی ژنانی ڕۆژئاوا دەکرد لەژێر جەورو ستەمی داعش.
ئەو نوسەرو ڕۆشنبیرانە نوسیویانە،"جێی داخە بەشێک لەبانگخوازان و لایەنگرانیی ئیسلامیەکان هەر زوو کەوتنە هێرشبردن و ناوزڕاندن. لەهەموو ئەو کارە گرنگ و باشانەی کە لەو دیدارەدا ئەنجامدران، هیچ شتێک سەرنجی ئەوانی ڕانەکێشا، بۆ ستایش، یان ڕەخنەی ئەقڵانی، بەڵکو بەشێوەیەکی هیستیری و دور لەهەموو بەهایەکی گفتوگۆی کراوەو مەدەنی، دەستیانکرد بەهەڕەشە و سکاڵا تۆمارکردن و ناوزڕاندنی زانکۆی ئەمریکی و گروپی هونەرگەی وڵات.
دەشلێن،"وەک هەمیشە ئیسلامی سیاسی، سوپایەک لەجنێوفرۆش و تەکفیرییان لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان خستەگەڕ بۆ جنێودان، هەڕەشەکردن، تەکفیرکردن و لەکەدارکردنی کەرامەتی ڕێکخەرانی دیدارەکە و ئەندامانی گرووپی هونەرگەی وڵات. لە هەمان کاتدا، چەواشەکردنی خەڵک، بەوەی ئەم گرووپە موقەدەساتی ئیسلامیان، کە بورقایە، لەکەدار کردووە.
جەختیش دەكەنەوە، کوردستان و کوردبون لەژێر کارنامەی داگیرکەراندا و بەتایبەت لەڕێگەی ئەندام و لایەنگرانی حیزبە ئیسلامیە سیاسیەکان و کارنامەکانیان دوچاری دوبەرەکی کۆمەڵایەتی و توندڕەوییەکی ئاینی ترسناک بوە. ئەم کارنامە ئیسلامییە مەبەستی ئاین نییە، بەڵکو مەبەستی کڕۆکی کوردبونە. لە ڕێگەی گوتار و ڕەفتارەکانیان سوکایەتی بەشۆڕشەکانی گەلی کورد بۆ ڕزگاری و دژی بیری توندڕەوی دەکەن.
لەدرێژەی بەیاننامەكەدا هاتوە، ئەوان وەکو کۆمەڵێک لەخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ئەم هەڕەشە و داگیرکردنەی کایەی ئەکادیمی و هونەریی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی کە لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە هەوڵی بۆ دەدرێت، ڕەتدەکەینەوە. ئەرکی حکومەتی هەرێمە ڕێگەبگرێت لەم پاشاگەردانییە کلتوریی و سیاسییە. حکومەتی هەرێم و هەموو حیزبە سیاسیەکان بە بەرپرسیاری مێژویی دەزانین بۆ ڕێگرتن لە هەوڵی تواندنەوەی شوناسی فەرهەنگیی خەڵکی کوردستان.
