شارپرێس:
پرۆسەی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی غەززە لەکاتژمێر 8ی بەیانی لەمیحوەری نەتساریمەوە دەستیپێکردو کاتژمێر 10ی بەیانی لەخان یونس لەغەززە بەردەوامدەبێت.
کاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی حەماس ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی کە لەغەززە دەستبەسەریکردبون لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا، لەبەرامبەر نزیکەی دوو هەزار زیندانیکراوو دیلی فەڵەستینی بەپێی مەرجەکانی ئاگربەست ئازادکرد.
خاچی سور ڕایگەیاند، حەوت بارمتەی (ئیسرائیلی)مان وەرگرتوە پاش ئازادکردنیان لەکەرتی غەززە.
بەگوێرەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، کاتێک حەماس بارمتەکان ڕادەستدەکات، ئیسرائیل دەست بەئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار زیندانیکراوی فەڵەستینی دەکات.
لەو 48 بارمتەیەی بڕیارە لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن، 20یان زیندون، زۆربەی ئەو بارمتە زیندوانەی کە ئازاد دەکرێن، لەشوێنی فێستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا لەنزیک کۆمەڵگەی نیشتەجێبونی ڕەعیم لەباشوری ئیسرائیل ڕفێندراون.
حەوت لەبارمتەکانیش لەماڵەکانیان لەکۆمەڵگە نیشتەجێبونەکانەوە ڕفێندراون، کە ناوچەی نیشتەجێبونی بچوکن لەنزیک سنوری غەززە.
دوو لەبارمتەکان ماتان ئەنگریست (22 ساڵ)و نیمرود کۆهین (20 ساڵ)ن کە دوو سەربازی ئیسرائیلینو لەشەڕەکانی 7ی تشرینی یەکەمدا لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بەدیلگیران.
چوار بیانی لەکۆی 48 بارمتەکەدان، مردنی سێ کەسیان ڕاگەیهنراوە کە بریتین لەقوتابیەکی تەنزانیو دوو کرێکاری تایلەندی، هێشتا چارەنوسی قوتابی نیپالی (بیبین جۆشی) نادیارە.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەفەرمی مردنی 26 بارمتەیان ڕاگەیاندوە، بەپشتبەستن بەپزیشکی دادوەرییو زانیاری هەواڵگریی، هێشتا چارەنوسی دوو کەس نادیارە.
حەماس ئاماژەی بەوەداوە، گەڕاندنەوەی تەرمی هەندێک لەبارمتە کوژراوەکان ڕەنگە کاتێکی زۆر بخایەنێت، بەوپێیەی هەندێک لەشوێنی ناشتنەکان نادیارن.
ئەمڕۆ، بۆ چوارەم ڕۆژی لەسەریەک، ئاگربەست لەکەرتی غەززە بەردەوامە، هاوکات چاوەڕوانیی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەو زیندانییەکان دەکرێتو لوتکەیەکیش بەڕێوەدەچێت کە ئامانج لێی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە بۆ ئاشتی دوای دوو ساڵ لەجەنگ.
