شارپرێس:
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فۆکس نیوز، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و برادلی کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سەردانی هێزەکانی ئیسرائیلیان کرد لە باکوری غەززە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان ئامانجی ئەو سەردانە بۆ ئەوەبووە تا "دڵنیابن لە تەواوبوونی کشانەوەی ئیسرائیل بۆ ئەو هێڵەی ڕێککەوتنەی لەسەر کراوە".
بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ویتکۆف و کوپەر چونەتە ئیسرائیل و لەگەڵ ئیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیلیش چوونە غەززە.
کوپەر دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگی ئاشکراکرد و وتی "تازە گەڕامەوە لە سەردانێک بۆ ناو غەززە بۆ ئەوەی بزانم چۆن دەتوانین بەرەو پێشەوە بچین لەگەڵ دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگی مەدەنی و سەربازی بە سەرۆکایەتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بۆ هەماهەنگی چالاکییەکانی سەقامگیرکردنی دوای شەڕ."
پێشتر کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگی مەدەنی و سەربازی بۆ چاودێریکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، گەیشتوونەتە ئیسرائیل.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن 200 سەربازی ئەمریکی گەیشتوونەتە ئیسرائیل بۆ سەرپەرشتیکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لە غەززە.
هاوکات چەند وڵاتێک ئامادەییان بۆ ناردنی هێز دەربڕیوەو عەبدول فەتاح سەرۆکی میسریش ڕایگەیاند، پێویستە هێزی نێودەوڵەتی لەغەززە بڵاوەی پێ بکرێت.
ئ.ە
