هه‌رێم ڕوبه‌ڕوى قه‌یرانى سوته‌مه‌نى ده‌بێته‌وه‌

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4975 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌كانى هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ڕۆژانە ملیۆنێك‌و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنین؛ ئەوەش نیوەی پێداویستیی ناوخۆیە"، ده‌شڵێت، "ئه‌و نه‌وته‌ى سۆمۆ به‌هه‌رێمى ده‌داته‌وه‌، بڕه‌كه‌ى له‌خواستى ناوخۆ كه‌متره‌و به‌غداش به‌نزین بۆ هه‌رێم ڕه‌وانه‌ ناكات".


كەمال محەممەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم قه‌یرانى سوته‌مه‌نى له‌هه‌رێم ڕاده‌گه‌یه‌نێت‌و ده‌ڵێت، "ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی كە ڕۆژانە كۆمپانیای سۆمۆ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەهەرێمی دەداتەوە، بڕەكەی لەخواستی ناوخۆ كەمترەو بەغداش بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت".

به‌هۆى هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، ڕۆژانە 65 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەپاڵێورا، بەڵام حكومەتی فیدراڵ پێداگربوو لەسه‌رئه‌وەی بڕی تەنها 46 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم دیاریبكرێت، دواتر هەردولا لەسەر بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت ڕێككەوتن، ئەوەش لەكاتێكدایە وەزارەتی نەوتی عێراق، بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست‌و باشور ڕۆژانە 800 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ كەمال محەممەد ئاشكرایكردوه‌، "لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەسەر پرسی نەوت باس لەوەكراوە، كە ئەگەرهات‌و بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت، بەشی پێداویستی ڕۆژانەی هەرێمی نەكرد، ئەوا حكومەتی فیدراڵ قەرەبوی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هەرێم دەكاتەوەو سوتەمەنی دابیندەكات، بەڵام تائێستا ئەوەی نەكردوە".

به‌وته‌ى كه‌مال محه‌مه‌د، "لەو بڕە نەوتەی كە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی گلدەدرێتەوە، ڕۆژانە یەك ملیۆن‌و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنرێت كە بەنرخی پاڵپشتیكراو بە(750 دینار) بەسەر بەنزینخانەكاندا دابەشیدەكەین، بەڵام ئەو بڕە لەپێداویستیی ناوخۆیی كەمترە، هەربۆیە سه‌ره‌ى دورودرێژی بەنزینخانەكانی لێدەكەوێتەوە".

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، بڕی ملیۆنێك‌و 500 هەزار لیتر بەنزینی بەرهەمهێنراو بەمجۆرە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەشدەكرێت؛

پارێزگای دهۆك: 380 هەزار لیتر
پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە: 500 هەزار لیتر
پارێزگای هەولێرو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 620 هەزار لیتر.

وەزیری سامانە سرووشتییەكان ئه‌وه‌شى وت، "هەرێم ڕۆژانە پێویستی بەبڕی سێ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، چەندجارێكیش داوامان لەوەزارەتی نەوتی عێراق كردوە، ئەو كورتهێنانەمان بۆ قەرەبوو بكاتەوە، بەڵام وەڵامی داواكارییەكەی ئێمەی نەداوەتەوە، ئەگەر ئەو بڕە بەنزینەمان دەستبكەوێت، ئەوا دەتوانین بەنزین بەسەر سەرجەم بەنزینخانەكان دابەشبكەین‌و سه‌ره‌گرتنى شۆفێران بۆ دەستكەوتنی بەنزینی حكومیی پاڵپشتیكراو نامێنێت".

بەپەلە