ئەو نەخۆشییانە کامانەن کە پەیوەندییان بەباڵابەرزییەوە هەیە؟

تەندروستی

07/06/2022‌ 443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی کە لەلایەن زاناکانی زانکۆی کۆڵۆرادۆی ئەمریکاوە کراوە دەڵێت، باڵابەرزی زۆر، پەیوەستە بەکۆمەڵێک نەخۆشییەوە لەوانە: نەخۆشییەکانی دەمار، پێست‌و بەشێک لەنەخۆشییەکانی دڵ‌و لوولەکانی خوێن.

باس لەوەشکراوە کە ئەو لێکۆڵینەوەیە گەورەترین لێکۆڵینەوەیە کە تائێستا لەبارەی پەیوەندیی نێوان تێکرای درێژیی‌و تووشبوون بەنەخۆشییەوە کراوە.

بەگوێرەی پێگەی "نیو ساینتست"، توێژەرەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر پەیوەندیی نێوان جیناتی باڵابەرزیی بەنزیکەی 50 نەخۆشییەوە کردووە، بۆئەوەش داتای 323 هەزار کەسیان لەجەنگاوەرە دێرینەکانی ئەمریکا بەکارهێناوە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە، بەرزبوونەوەی باڵا پەیوەندی بەمەترسی تووشبوون بەلەرەی سکۆڵەی دڵ، ناڕێکی لێدانی دڵ‌و کێشەکانی سووڕی خوێنەوە هەیە.

هەروەک دەرکەوتووە، جیناتی درێژیی باڵا پەیوەندی بەزیادبوونی مەترسییەکانی تووشبوون بەتێکچوونی دەماریی، هەوکردنی پێست‌و ئێسکەکانیشەوە هەیە.

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە پێشنیاری ئەوەیکردووە، لەکاتی دیاریکردنی مەترسییە تەندروستییەکان بۆ چاودێریکردن پێویستە بەرزی باڵا لەبەرچاو بگیرێت‌و لەهەندێک لەپشکنینی پزیشکیی گشییدا کەسانی باڵابەرز زیاتر بەهەند وەربگیرێن.

و: ئاکۆ ئاڵی