لەگوڵ‌و گوڵزاری کوێستانەکان هەنگوین بەرهەمدەهێنرێت

هەمەڕەنگ

08/06/2022‌ 862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ سیروان برادۆستی:

دەڤەری برادۆست شوێنێکی لەبارە بۆ کشتوکاڵ‌و كارى باخداریی‌و هه‌نگه‌وانى، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، هەنگەوانان لەدەڤەرەکەو شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان وەکو ناوچەکانی (ئاکرێ، شەقڵاوە، کەڵەک، هەریر، خەلیفان، سۆران‌و ڕواندز) بەهەزاران هەنگ دەهێنن بۆ ناوچە کوێستانیەکانی سنوری برادۆست، بەمەبەستی پەیداکردنی بەرهەمێکی باش‌و تەندروست.


هەروەها ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بەگرنگترین ناوچە شێدارو فێنکەکان داده‌نرێت له‌باشورى كوردستان کە هەنگه‌وانان هەنگەکانیان دەبه‌ن بۆ كوێسته‌كانى (خنێرە، لۆلان، سنین، بێرکم، مێرگەمیر، مێرگە دوکان، کانی خومار، بەربزین، بێرمە سارد، بێرمی دینداران، کەندا کۆڵا، سەرووکە‌و کێلەشین".

ماوەی دوو مانگ هەنگەکان لەوێ دەمێننەوە بۆ دابینکردن‌و بەرهەمهێنانی هەنگوینێکی تەندروست‌و نایاب، چونکە لەسەر ئاستی هەرێم‌و عێراق هەنگوینی ئەم ناوچەیە بەناوبانگە، کاتێک فرۆشیارانی لەبازاڕەکاندا ساغیدەکەنەوە هیچ گرفتێکیان نییە لەساغکردنەوەی بەرهەمەکە، چونکە لەڕووی نرخ‌و کوالێتی بەرهەمی کوێستانەکانی برادۆست لەبازاڕەکاندا ناوبانگی باشی دەرکردووە.