وێنەیەکی سەر مەریخ کە زانایان تووشی سەرسووڕمان ده‌كات

هەمەڕەنگ

16/06/2022‌ 6960 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی بۆشاییگەری ئەوروپایی (ESA) وێنەیەکی نوێی دیمەنی سەرهەسارەی مەریخی بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا چاڵاییەکی گەورە و مادەیەکی تاریک لە ناوەوەیدا دەردەکەوێت و لە شێوەی چاوی مرۆڤ دەچێت، ئەمە بوه‌ته‌ جێگای سەرنجی زاناکان.

ئەو چاڵاییه‌ تیرەکەی 30 كیلۆمه‌تر دەبێت، دەکەوێتە ناوچەی "ئۆنیا تێرا"، واتە نیوەی باشووری هەسارەی مەریخ و لەناویشیدا پڕە لە چاڵی هاوشێوە، کە هەندێکیان بەمزووانە تیرەیان دەگاتە 200 كیلۆمه‌تر.

زانایان گومانیان وایە ئەم ناوچەیە نزیکەی چوار ملیار ساڵ لەمەوبەر و لەقۆناغێکی سەختی درووستبوونی کۆمەڵەی خۆردا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی گەورەوە، کە پێی دەوترێت" بۆردوومانی توندی دوایین".

ئەو زانا گەردوونناسانە باسیان لەوەکردووە، هەسارەی زەوییش لەهەمان ماوەدا رووبەڕووی هەمان دیارده‌ بۆتەوە، هەر ئەم رووداوەش بواری دروستبوونی ئاو و پێکهاتە ئەندامییەکانی لەسەر زەویەکەمان داوە.

ئاژانسی بۆشاییگەری ئەوروپایی دەڵێت، "ئەم جۆرە وێنانە یارمەتیدەرن بۆ باشتر لێکۆڵینەوە لە ناوچەی ئۆنیا تێرا و بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر لەسەر دروستبوونی هەسارەی مەریخ و دۆزینەوەی ماددە نوێیەکان کە لەهەناویدا شارداونەتەوە".