پەرلەمانتارێکی یەکێتی: دوای کشانەوەی سەدر ئاسانتر حکومەت پێکدەهێندرێت

عیراق

16/06/2022‌ 1525 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، موقتەدا سەدر بۆیە پەنای بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەبرد بۆئەوەی ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی عێراقی نەكەوێتە ئەستۆ، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "دوای كشانەوەی موقتەدا سەدر لەپرۆسەی سیاسی، زەمینەی پێكهێنانی حكومەتی سازانی نیشتمانی زیاترە".


كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەمیدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، "دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی ڕەوتی سەدر، پێویستی بەدەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان نییە، چونكە ئەوان بەویستی خۆیان وازیانهێناوە، ئەمە ئەوەنییە گومان لەسەر ئەندامێتی ئەندامێك هەبێت بخرێتەوە دەنگدانەوە، یان كێشەیەك لەئەندامێتی پەرلەمانتارێك هەبێت پێویست بێت پەرلەمان یەكلایی بكاتەوە كه‌ ئەندامێتیەكەی تەواوە یان نا".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "لەبەرئەوە مادەم بەویستی خۆیان بووە، دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمانی ناوێت‌و سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت دەستلەكاركێشانەوەكەیان پەسەندبكات وەكو ئەوەی كە كردی".

له‌باره‌ى شوێنگره‌وه‌كانیشیان ده‌ڵێت:"جێگرەوەكانیان دەبێت بێنە پەرلەمان بەپێی ئەو ڕیزبەندییەی كۆمسیۆن دەینێرێت، دێنە پەرلەمان‌و دوای ئەوەی سوێند دەخۆن‌و دەبن بەئەندامی نوێی پەرلەمان".

یاروەیس ئه‌وه‌شى وت:"ئەگەر 108 ئەندامی پەرلەمان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ئەگەرێكی دوورە".

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ڕوونیشیكردەوە، "ڕەنگە موقتەدا سەدر، نەیەوێت بەرپرسیارێتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بگرێتە ئەستۆ، بۆیە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نەدا".

بەوتەی کاروان یاروەیس، "قۆناغی دوای سەدر لەعێراق قۆناغێكی سەختە، چونكە سەدر ژمارەیەكی گەورەیە لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا، بەڵام دوای كشانەوەی سەدر هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ خێرادەبێت، هاوپەیمانیی نوێ دێتەئاراوە، ڕەنگە زەمینەی پێكهێنانی حكومەتی سازانی نیشتمانی زیاتربێت".