26 بەنزینخانە بەهۆی دەستکاریکردنى كوالێتی بەنزینەوە سزادران

کوردستان

16/06/2022‌ 627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان و له‌به‌رامبه‌ر دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا (26) بەنزینخانەی تر لەهەولێر و دەوروبەرى سزادراون.

لە ڕایگەیەندراوێكدا پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە،بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان و له‌به‌رامبه‌ر دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا (26) بەنزینخانەی تر لەهەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، کۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە تاکو ئەمڕۆ سزادراون 76 بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا حەوت بەنزینخانە بەهۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتیى، ناوەکانیان بڵاو كرایەوە.

بەنزینخانەی (ئارمان) لەکەورگۆسک و بەنزینخانەی (رۆڤا) لەشەقامی 100م تەنیشت قوتابخانەی ئەحمەدی خانی و بەنزینخانەی (تەیراوە) لەجووت سایدی کۆنی بەحرکە و بەنزینخانەی (هیوا/ تەیراوە) نزیک شیرنەمەنی عەشتار و بەنزینخانەی (مان) لەسەر شەقمی کۆڕنیش و بەنزینخانەی (سپلندەر) لەشەقامی حەدید و خەشەب و بەنزینخانەی (باران) لەسەر ڕێگای خەبات -  هەولێر، ئەو بەنزینخانانەنفرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستكاری كردنی كاولێتیان دووبارەكردووەتەوە.

پارێزگای هەولێر داوا لەهاووڵاتیان دەکات، لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنى بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى کوالێتیەکەى لەزووترین کات ئاگادارى قایمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە. 

س.س