بەبڕیاری وەزارەتى دارایی دەروازەی پەروێزخان ڕسومات و گومرگی هاوردەکردنی بەنزینی هەڵگرت

کوردستان

17/06/2022‌ 320 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەروازەی نێودەوڵەتى پەروێزخان راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە"لە ئەمڕۆوە هەینی ڕێکەوتی (٢٠٢٢/٦/١٧) ڕسومات و گومرگی هاوردەکردنی تایبەت بە بەنزین هەڵدەگیرێت، لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئامادەکاری و ڕێکاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر، بازرگانان دەتوانن بەبێ باج و ڕسومات لەڕێگەی دەروازەکەمانەوە بەنزین هاوردە بکەن".

ئاماژە بەوەشکراوە کە بەپێی فەرمانێکی وەزاری، وەزارەتی دارایی و ئابووری/نووسینگەی وەزیر لە ڕێکەوتی (٢٠٢٢/٦/١٦) و پشتبەستن بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (١٦٨٢) لە ڕێکەوتی (٢٠٢٢/٦/١٥)، ئەوە خراوەتە ڕوو، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزینی هاوردە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیارماندا بە :-

١_ هەڵگرتنی تەواوی باج و ڕسوماتی گومرگی تایبەت بە بەرهەمی بەنزینی هاوردە، بە ڕەچاوکردنی کوالێتی.
٢_ کەمکردنەوەی ڕسوماتی کارگێڕی هەناردەکردن و هاوردەکردنی سامانە سروشتییەکان، تەنها بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین بۆ (٧ $) حەوت دۆلار بۆ هەر تەنێک.
٣_ دەرفەتی یەکسان بدرێت بە سەرجەم لایەنەکان بەمەبەستی هاوردەکردنی بەنزین بەبێ جیاوازی و ڕێگری بکرێت لە قۆرخکاری، بە مەرجێک ڕەچاوی کوالێتی بکرێت.
٤_ ئەم فەرمانە لە ڕێکەوتی (٢٠٢٢/٦/١٧) جێبەجێ دەکرێت تاکوو ڕێکەوتی (٢٠٢٢/١٢/٣١).
ئاگاداری سەرجەم بازرگانان دەکەینەوە، کە دەتوانن بەو ڕێکار و شێوازە نوێیە سووتەمەنی لەڕێگەی دەروازەکەمانەوە هاوردە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش کارئاسانی پێویستیان بۆ دەکرێت.
ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان