پەکەکە ئاماری دوو مانگی کوژرانى سەربازانى تورکیا ئاشکرا دەکات

کوردستان

21/06/2022‌ 505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەندامێكی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو مانگدا ٧٤٤ چالاکیی دژ بە سوپای توركیا ئەنجامدراون و ٩٨٥ سەربازی توركیا كوژراون و ئاشكرای دەكات، داعش و قاعیدە لەناو كوژراوانی سوپای توركیادان و بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی گەریلاکانەوە، تەرمەکانیان پارچە پارچە دەکەن.
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بە تەلەفیزیۆنی مەدیا هەبەر ڕاگەیاندووە: لایەنێکی دیکەی شەڕ بەرخۆدانی گەریلایە، لە ماوەی دوو مانگدا ٧٤٤ چالاکی ئەنجامدراون و ٩٨٥ سەربازی توركیا كوژراون، گەریلا لە بەرانبەر چەکی کیمیایی، چەکی ناوەکی، فڕۆکەی پێشکەوتووی شەڕ، هێلیکۆپتەری شەڕ، فڕۆکەی چاودێریی، تانک و تۆپ و مووشەک، بەرخۆدان دەکات.

كاڵكان وتیشی: ئێمە لە  ١٥ و ١٦ی حوزەیراندا بینیمان، لە ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕییدا ٥٧ سەربازی توركیا كوژران، کێ لەنێو ئەو لاشانەدا هەن؟  وادیارە چەتەکانی داعش و قاعیدە لەنێویاندان بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی گەریلاکانەوە، تەرمەکانیان پارچە پارچە دەکەن، هێلیکۆپتەرەکانیان کە خراونەتە خوارەوە لەناویان دەبەن.

لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە، سوپای توركیا هێرشێكی بەرفراوانی بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، لەوكاتەوە تائێستا لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا جەنگێكی قورس لە نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی كوردستاندا بەڕێوەدەچێت.