ئاسایشی سلێمانى بازرگانێک بە ٣٢ کیلۆ مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر دەکات

کوردستان

23/06/2022‌ 798 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەری راگەیاندو دەستی بەسەر بڕی ( ٣٢ ) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر دا گرتووە.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى بۆ شارپرێس نێردراوە، ئاسایشى سلێمانى رایگەیاند، لە درێژەی ھەڵمەتەکانی بەگژداچوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ، لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و بە فەرمانی دادوەر  لە شەوی رابردوو لەسەر ڕێگەی سەرەکی نزیک ( گەڕەکی تاسلوجە ) ی شاری سلێمانی پاش کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی وورد  ڕووبەڕوبونەوەی ھێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تۆمەتبار و دروستبوونی تەقە توانیان بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر بەناوی (  ھ ، ڕ ، ب )  دەستگیربکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانى ئاسایش توانیویانە دەستبگرن بەسەر بڕی (٣٢) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ کە تۆمەتبار لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان  ھێناوێتی بۆ ناو شاری سلێمانی و بەنیاز بووە بیبات بۆ شاری ھەولێر پێش بەئامانج گەیاندنی کارەکەی دەستگیر کرا و ماددە ھۆشبەرەکەش دەستی بەسەردا گیرا تۆمەتبار بەپێی ماددەی ( ٢٥ ) لە یاسای ماددە ھۆشبەرەکان ڕاگیراوە .

ئاسایشی سلێمانی داوای لێبوردنیش لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی بەگشتی و ھاوڵاتیانی ( گەڕەکی تاسلوجە ) کردوە، کە لەکاتی ئەم چالاکیەدا بۆماوەیەکی کاتی تەقە دروست بووە.

هەروەها ئاسایشى سلێمانى جەختیکردوەتەوە کە وەک ئاسایش ھەمیشە ھەوڵەکانیان بۆ سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی بەردەوامەو گەرچی ھەندێکجار دۆخەکە وادەخوازێ کە تەقە دروستببێت بۆ ئەوەش داوای لێبووردن دەکەن .
س.هـ