زانا بەریتانییەکان کۆنترۆڵکردنی مێشکی مێشوولە ڕادەگەیەنن

تەندروستی

28/07/2022‌ 248 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسیی بڵاویکردۆتەوە، لەپێشهاتێکی زانستیی دەگمەنی بواری ئەندازیاریی بۆماوەیی، زانا بەریتانییەکان توانیویانە مێشکی مێشوولە کۆنترۆڵ بکەن‌و وایان لێبکەن لەدورەوەو لەڕێگای بەڕیمۆت کۆنتڕۆڵەوە باڵەکانی بجوڵێنێت.

لەبابەتەکەدا هاتووە، لە27ی حوزەیرانی ئەمساڵ تیمێک لەزانا بەریتانییەکان ڕایانگەیاند، لەکۆنترۆڵکردنی مێشکی مێشوولەدا سەرکەوتووبوون، بەشێوه‌یەک ئەو گیانەوەرە لەڕێگای ریمۆت کۆنترۆڵەوە وای لێدەکرێت هەندێک جوڵەی دیارییکراو بکات.

ئەوەش هاتووە، بۆ ئەنجامدانی ئەوکارە، ئەو تیمەی کە لەپسپۆڕانی بواری جینات‌و نانۆتەکنەلۆژیاو ئەندازیاری کارەبا پێکهاتبوون، سەرەتا دەبوو مێشکێکی گۆڕدراو لەڕووی جیناتییەوە دروستبکەن کە تایبەتمەندی ئەوەیان هەبێت کە کەناڵێکی هەستیار بەگەرمیان لەمێشکدا هەبێت،  کەلەکاتی چالاککردنیدا، دەتوانرێت وا لەمێرووەکان بکات باڵەکانیان بڵاوبکەنەوەو ڕایبوەشێنن.

دواتر زاناکان چالاککەرێکیان لەمێشکی مێشەکاندا دانا کە لەبوارێکی موگناتیسیدا دەستدەکات بەبەرهەمهێنانی گەرمیی، هەروەک لەماوەی نیو چرکەدا دوای کارپێکردنی بوارە کارەباییەکە بەهۆی دەستدان لەدوگمەی ریمۆت کۆنترۆڵەکە، مێشەکە باڵەکانی کردەوە.

زاناکان دەڵێن، ئەم ئەزموونە ڕێگە لەبەردەم کۆنترۆڵکردنی جینی بۆ جۆرەکانی تری ئاژەڵیش دەکاتەوە، لەناویاندا مرۆڤ. زاناکان ئومێدی ئەوەیانخواستووە کە ئەم دۆزینەوەیە ڕێگایەکی باش بێت بۆ تێگەیشتن لەمێشکی مرۆڤ‌و چارەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لەنەخۆشییە دەمارییەکان.

و: ئاکۆ ئاڵی