زیرەکی منداڵێک کەرتى گشتى و تایبەتى پەروەردە لە سەنگی مەحەکدەدات

کوردستان

28/07/2022‌ 1666 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردودا توانای زیرەکی و لێهاتویی منداڵێک بووە جێی باس و خواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەرنجی زۆرێک لە هاوڵاتیان و تەنانەت بەرپرسانی پەروەدەشی ڕاکێشا، کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و لە یەکەمین کاردانەوەشدا وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ هەر هاوکارییەک دەربڕی، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی وەسفکردنی توانای منداڵەکە و پیشاندانی زیاتری ئەو توانایەدا مایەوە و هیچ پرۆژەیەکی تایبەتی لەو بارەیەوە باس نەکرد کە لە توانای کەرتی پەروەردەی هەرێمدا هەبێت بۆ گرنگیدانی زیاتر بەو منداڵە.

بەشێک لە میدیاکان چاوپێکەوتن و بابەتی ڕۆژنامەوانیان لە بارەی توانا و لێهاتووی منداڵەکە ئەنجامدا، ئەوەی جێگەی سەرنجی بەشێک لە هاوڵاتیان و شارەزایانی بواری پەروەردە بوو، تەنیا توانای منداڵەکە نەبوو، بەڵکو ئەو مامەڵەیەشبوو کە لەگەل بابەتەکەدا کرا.

بە جۆرێک هەر لە یەکەم کاردانەوەدا بە گوتەی ئەو پزیشکەی کە توانای منداڵەکەی بەهۆی پشکنینەوە ئاشکرا کرد، لە وەڵامی داواکارییەکی ئەودا بۆ پەروەردەی سلێمانی کە داوای کردبوو مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ منداڵەکەدا بکرێت، پەروەردەی سلێمانی پێیانوتون، لە هەرێمی کوردستان پەروەردە توانای ئەوەی نیە و هیچ پرۆژەیەکی لەو شێوەیەی نیە کە بتوانێت خزمەت بەو منداڵە تایبەتە بکات.

هاوکات دوو قوتابخانەی ئەهلیی تایبەت ڕاستەوخۆ ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ وەرگرتنی منداڵەکە و ڕایانگەیاند ئەوان لە توانایاندایە زیرەکی و لێهاتویی منداڵەکە پەرە پێبدەن.

کاتێکیش لە بەشێک لە میدیاکانەوە منداڵەکە بانگهێشت کرا و گفتوگۆی لەگەڵدا ئەنجامدرا، هەموو سەرنجەکە چووە سەر ئەوەی کە ئەم منداڵە دەبێت لە کەرتی تایبەتی پەروەردەدا بخوێنێت، وەک ئەوەی کەرتی گشتی هیچ توانایەکی تێدا نەبێت و لێهاتویی تەنیا لە قوتابخانە ئەهلیەکاندا جێگەی دەبێتەوە.

هەموو ئەمانەش وەک ئاماژەیەکی ڕوون لێکدەدرێتەوە بۆ پشتگوێخستن و وەلانانی کەرتی گشتی و حکومی پەروەردە و گرنگیدان و بایەخی زیاتر بە کەرتی تایبەت و تۆخکردنەوەی ئەوەی کە پەروەردەی گشتی لە هەرێم لە توانایدا نییە تەنانەت پەرە بە توانای منداڵێکی لێهاتوو بدات و ئەوە قوتابخانە ئەهلییەکانن کە دەتوانن ئاستی قوتابیان بەرز بکەنەوە نەک پەروەردەی گشتیی.

تەنانەت باس لە زمانی خوێندنی کەرتی تایبەت و بێبەهایی زمانی کوردییش دەکرێت کە لە کەرتی گشتیدا زمانی یەکەمی خوێندنە، بەجۆرێک بەشێک لە میدیا هەیە ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە گرنگیی زمانەکانی تر کردووە بۆ ئەو منداڵە کە پێی بخوێنێت، وەک ئەوەی زمانی کوردی هیچ خزمەتێک بە لێهاتویی منداڵەکە نەکات.

بەشێک لەو میدیایانە بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا بە منداڵەکە دەلین دەتنێرینە قوتابخانەیەکی زۆر باش و لەوێ پەرە بە تواناکانت بدەو زمانەکان فێر بەو بخوێنە و ئەوەی لە قوتابخانەکەی خۆت ناتوانیت بیکەیت لەوێ بیکە، ئەمە راستەوخۆ لیدانە لە شکۆ و توانا و پیرۆزیی قوتابخانەکانی کەرتی گشتی و ئەوەی جێی سەرنجە لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری پەروەردەوە تا بەرێوەبەری پەروەردەو سەرجەم بەرپرسان لێی بێدەنگ بوون کە نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک ریگە لە مامەڵەیەکی  بەو مجۆرە و بانگەشە بۆ کەرتی ئەهلی و بێبەهاکردن کەرتی گشتی بدەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە چەندین سالە شارەزایانی بواری پەروەردە ئاماژە بەو مەترسییە جددیە دەکەن کە کەوتووەتە سەر ئەو کەرتە هەستیارە و باس لەوە دەکەن مامەڵەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەل کەرتەکەدا ناتەندروستە و چاوەرێی دوارۆژێکی باشی لێناکرێت.

وەڵامنەدانەوەی کرداریی بەرپرسانیش بۆ هاوار و بانگەوازی بەشێک لە مامۆستایان و شارەزایانی پەروەردە، خەریکە نائومێدییەکی گشتگیر دروست دەکات و ئەو ڕاستییەش دوپات دەکاتەوە کە ئەوەی لە ئەولەویەتی بەرپرسانی هەرێمدا نەبێت پەروەردەی گشتی و خوێندن بە زمانی کوردییە، ئەگەر نا بۆچی بە هەموو سیستمی پەروەردەی گشتی ئەم هەرێمەوە توانای وەرگرتن و پەرەپێدانی توانای منداڵێکی تایبەتی نیە و کەچی قوتابخانە ئەهلییەکان ئەوەندە لە خۆیان ڕازین یەکسەر بانگەشەیان بۆ وەرگرتنی مندالەکە کرد و میدیاکانی حزبەکانی دەسەڵاتیش بە ئاگاداری یان بێ ئاگا کەوتونەتە ناوهێنان و ریکلامکردن بۆ ئەو قوتابخانە ئەهلیانە و بانگەشەیەکی تەواو ئاشکرا بۆ تواناکانیان دەکەن.

بە راستی کەرتی گشتی پەروەردە ئەوەندە کڵۆلە کە بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەل بکرێت؟ ئەگەر وایە بۆچی خەمێکی جددی و خێرای لێناخۆن و پلانی ورد و درێژخایەن بۆ ڕاستکردنەوە و سەرپێخستەنەوەی ئەو کەرتە هەستیارە دانانێن، خۆ ئەگەر دۆخیشی باشە و کاری جددی تێدا کراوە، کەواتە بۆچی وەزیری پەروەردە و بەرپرسانی حکومی ڕوبەروی ئەو دەزگا و قوتابخانانە نابنەوە کە ئەوەندە بە بچوکی تەماشای پەروەردەی حکومی دەکەن کە بە ئاشکرا بانگەشە بۆ پرۆژە تایبەتەکانی خۆیان دەکەن.