عێراق لەسەر هێرشەکەی زاخۆ هەنگاوی تر دژ بەتورکیا دەگرێتەبەر

عیراق

06/08/2022‌ 1504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لەهاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دژ بەدەستدرێژییەکانی ئەمدواییەی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق بەردەوامدەبن، نوێنه‌رى عێراقیش له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان په‌یامێك له‌باره‌ى قسه‌ى عێراق ئاشكراده‌كات.


ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەئاژانسی هەواڵی عێراقیی (واع)ی ڕاگەیاندووە، "تائێستا حکومەتی عێراق بەردەوامە لەکۆکردنەوەی هەوڵی هاوبەش‌و دۆستەکانی بۆ پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکەی تورکیا لەزاخۆ کە لەئەنجامی کاری ئەو لیژنەیەوە دەستهەبوونی ئەنکەرە لەتاوانەکەدا سەلمێنرا کە لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران پێکهێنراو وەزیری دەرەوەو فەرماندە ئەمنییەکانی عێراق سەرپەرشتییان دەکرد".

وتویەتی:"پوختەی ڕاپۆرتی لیژنەکە ئەوەیە کە تورکیا هێرشی سەر هاوینەهەوارەکەی پارێزگای دهۆکی ئەنجامداوەو هەموو بەڵگەو شایەتحاڵەکانیش ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە، هەربۆیە ژمارەیەک وڵاتی هاوبەش‌و دۆست سەرکۆنەی ئەو بۆردومانەی تورکیایان کرد".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیکرده‌وه‌، پەنابردنی عێراق بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بەهۆی دەستدرێژییەکەی تورکیا بۆسەر پارێزگای دهۆک‌و ئەو زنجیرە دەستدرێژیی‌و پێشێلکارییانەیە کە تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام دژە بەسەروەریی خاکی عێراق ئەنجامیان دەدات.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ محەمەد حوسێن بەحر ئەلعلوم نوێنەری هەمیشەیی عێراق لەنەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، عێراق چاودێریی دۆسیەی پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی دەکات بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ بابەتی هێرشەکەی تورکیا بۆسەر هاوینەهەوارێکی پارێزگای دهۆک بکات‌و بۆ پێکهێنانی ئەو لیژنەیەو سەردانکردنی ناوچەکە، گوشار لەنەتەوەیەکگرتووەکان دەکات.

بەحر ئەلعلوم ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "عێراق نەتەوەیەکگرتووەکانی ئاگادارکردۆتەوە کە خواستی گرژکردنی دۆخەکەی لەگەڵ تورکیادا نییە، بەڵام دەبێت بڕیارێک لەو ڕێکخراوەوە دەربچێت بۆئەوەی تورکیا هێرشەکانی بۆسەر خاکی عێراق ڕابگرێت".