فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بەشداریی لەشەڕەکانی ئۆکرانیادا ده‌كه‌ن

جیهان

13/08/2022‌ 866 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئێران دەستیکردوە بەڕاهێنانی ئەفسەرانی ڕوسیا لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند ڕاپۆرتێک باسیان لەوەدەکرد، مۆسکۆ نیازی کڕینی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیی هەیە، سوپای ئۆکرانیاش پشتڕاستیکردۆتەوە، بەپێی زانیارییەکانیان ڕوسیا لەشەڕەکانی ئەو وڵاتەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیی بەکارهێناوە.


هەروەک ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەپشتبەستن بەلێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکی کە داوایکردووە ناوی ئاشکرانەکرێت وتویەتی:"مەشقکردن لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەنێوان ڕوسیاو ئێران بەکرداریی دەستیپێکردووە".

ڕۆژنامەكە ڕاشیگەیاندووە، ئەو مەشق‌و ڕاهێنانانە لەچوارچێوەی ڕێككەوتنێكی فراوانتری نێوان هەردوو وڵاتدا دێت بۆ دابینكردنی ئەو فڕۆكانە بۆ ڕوسیا.

ڕۆژی چوارشەممەش چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاند، ڕوسیا گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران واژۆکردووە بۆ کڕینی هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، دوای ئەوەی تاران چەند فڕۆکەیەک‌و سیمولەیتەرێکی ڕادەستکرد بۆ ڕاهێنانی ئەفسەرانی ڕوسی کە سەرکەوتوو بوون لەبەکارهێنانیان لەئۆکرانیا.

لای خۆیشییەوە ڕۆژنامەی (ئەلڕەئی)ی كوەیتی لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەڕێککەوتنە سەربازییەکەی نێوان ئێران‌و ڕوسیاوە گواستوویەتییەوە، ڕوسیا لەدەیەی ڕابردوودا هیچ گرنگییەكی بەپیشەسازی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان نەداوە، بەڵكو زیاتر گرنگی بەپەرەپێدانی مووشەكی هایپەرسۆنیك (خێراتر لەدەنگ) داوە، بۆ ئەوەی لەو بوارەدا پێشكەوتن بەسەر ئەمریكادا بەدەستبهێنێت.

سەرچاوەکە وتویەتی:"لەدەیەی ڕابردودا گرنگیدانی مۆسکۆ لەبواری گەشەپێدانی سەربازیدا لەسەر پەرەپێدانی موشەکی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی‌و موشەکی ستراتیژیی چڕبۆتەوە، بەڵام ئێران هاوکات لەگەڵ پەرەدان بەموشەکەکانی‌و بەرزکردنەوەی ئاستی وردی لێدان لەمەودای 2000 کیلۆمەتر، کاری لەسەر بەرهەمهێنان‌و پێشخستنی هەموو جۆرەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کردووە.

چەند ڕاپۆرتێکیش دەڵێن، لانیکەم بەشێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران کە دراونەتە ڕوسیا، لەنەوەی کۆنتری فڕۆکەی "شاهید 129"یە.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕاستیی ئەو ڕاپۆرتانە، سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی 5ی ئاب ڕایگەیاند، ئێران 46 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕادەستی ڕوسیا کردووەو ئاماژەی بەوەدا، کارمەندانی سەربازیی وڵاتەکە لەشەڕەکانی ئۆکرانیادا سەرنجیان داوەتە فڕۆکەکان کە مۆرکی ئێرانیان پێوەدیارە.

سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتە زۆرانەی کە دەیسەلمێنن ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕوسیا دابیندەکات، بەڵام تائێستا تاران لەسەر ئاستی فەرمیی بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە، مانگی تەمموزی ڕابردوو حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، ئێران "یارمەتی هیچ کام لەلایەنە بەشەڕهاتووەکانی جەنگی ئۆکرانیا نادات"، هەروەک وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەستیانکردووە بەفراوانکردنی پیشەسازییە سەربازییەکانیان بۆئەوەی بەئۆکرانیایان بفرۆشن.

چاودێران دەڵێن، ئێران توانایەیەکی گەورەی کارپێکردن‌و دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی هەیە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"، ئێران زیاتر لە48 مۆدێلی جیاوازی فڕۆكەی بێفڕۆکەوانی هەیە، هەندێكیان بەشێوەیەكی سەرەكی پشتیان پێدەبەسترێت‌و بەشێكی دیكەش هێشتا لەژێر تاقیكردنەوەدان.