شارپرێس:
پسپۆڕانی بواری تەندروستیی دەڵێن، لەهەندێک گرفتی تەندروستیی ئاساییدا وەک سەرئێشەو هەوکردنی گیرفانەکانی لوت، دەکرێت دەرمانی ماوە بەسەرچوو بخورێت، بەڵام ئەگەر گرفتە تەندروستییەکە گەورەبوو ئەوە نابێت بەهیچ شێوەیەک دەرمانی ماوە بەسەرچوو بخورێت.
بەوتەی پسپۆڕان، بەشێکی زۆر لەدەرمانەکان بەتایبەت حەبو کەپسولەکان ماوەی بەسەرچونیان زۆر لەو بەروارە زیاترە کە لەسەر پاکەتی دەرمانەکە نوسراوە، بەشێوەیەک باس لەوەدەکرێت، دەتوانرێت دوای 5 بۆ 10 ساڵ لەبەرواری بەسەرچونی دەرمانەکە بخورێت، بەوپێیەی دروستکەرانی دەرمان بەشێوەیەک دروستیدەکەن کە دوای ماوەیەکی زۆر لەڕێکەوتی بەسەرچونیدا بەکاراییو سەلامەتیی بمێنێتەوە کە بەگشتیی لەدوای دەرچونی ماوەی بەکاربردنی لەنێوان 1 بۆ 5 ساڵ دادەنرێت.
ئەوەش هاتوە، "بەشێکی زۆر لەدەرمانەکان دوای تێپەڕبونی ماوەیەکی زۆر لەبەسەرچونیان، بەڕێژەی لەسەدا 90 کاراییەکەیان دەمێنێتەوەو سەلامەتن".
لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لەدەرمانەکان لەدوای بەسەرچونیان نابێت بەکاربهێنرێن، وەک ئەو دەرمانانەی چارەسەریی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکەن، وەک دەرمانی نەخۆشییەکانی دڵو نەخۆشیی شەکرە، لەبەرئەوەی زۆر گرنگە بەڕێژەی لەسەدا سەد کاراییان هەبێت.
پزیشکان باسیان لەوەکردوە، ئیترۆگلیسرین یەکێکە لەو دەرمانانەی کە دوای کردنەوەی سەری شوشەکە بەخێرایی کاراییەکەی لەدەستدەدات، ئەنسۆلینو ڤاکسینەکانو ئەنتی بایۆتیکەکان کە پێویستە لەکەشێکی سارددا هەڵبگیرێن، ئەگەرنا کاراییەکەیان لەدەستدەدەن.
