دەرمانی قاچاخ و ساختە دەستی خستۆتە قوڕگی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان

کوردستان

12/09/2022‌ 492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ساڵانێکى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دادو بێدادیانە بەدەست خراپی کوالێتى بەشێک لەو دەرمانەى لە بازاڕەکانى هەرێمدایەو لەگەڵ بەرزی نرخی دەرمان و بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانیش هیوا خوازە کۆتایی بە هێنانى دەرمانى قاچاخ و ساختە بهێنرێت بۆ بازاڕەکانى سلێمانى  و هەرێمى کوردستان.

خراپی کوالێتى جۆرەکانى دەرمان و دەرمانی ساختەو هێنانى دەرمان بە قاچاخ لە سنورەکان و دەروازەکانەوە نیگەرانى زۆری لای بەشێک لە پزیشکان و سەندیکانى دەرمانسازان و هاوڵاتیان دروست کردوەو بەشێک لە بەرپرسانیش لەماوەى رابردوودا ئەوەیان پشتڕاستکردوەتەوە کە بازاڕەکانى هەرێم پڕ بووە لە دەرمانى خراپ و ساختە. 

باریف زاهیر سەرۆکى سەندیکای دەرمانسازان بەشارپرێسی وت" دەبێت سنورەکان کۆنترۆڵ بکرێت و حکومەتیش بە دەستێکى پۆڵاین لە دەرمانفرۆشەکانى لا کۆڵانەکان بدات، بۆ ئەوەى شتى قاچاخ بەناوی دەرمانەوە لە دەرمانخانەکاندا نەفرۆشرێت، چونکە شتى قاچاخ دێتە ناو هەرێم و لە لاکۆڵانەکاندا دەفرۆشرێت".

لای خۆشییەوە د. سەباح هەورامى بەڕێوەبەری گشتى تەندروستى سلێمانى بەشارپرێسی راگەیاند" بابەتى دەرمانی قاچاخ و ساختە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى کوالێتی کۆنترۆڵ لە هەولێرو سەندیکای دەرمانسازانەوە هەیە، هیوادارم ئەوان میکانیزم و رێگایەک دابنێن بۆ ئەوەى کۆنترۆڵی ئەو حاڵەتە بکەن".

هەورامى ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە مەندووبەکان جۆری دەرمانەکان و روونکردنەوەکانیان بدەنە پزیشکەکان بۆ ئەوەى زانیاری زیاتریان هەبێت لەسەر دەرمانەکان نەک دروستکردنی پەیوەندی و رێککەوتن لەگەڵ دەرمانخانەکان و پزیشکەکان.