شارپرێس:
نووسینی : بێژەنی قارەمانی
چەند وتەیەک لەسەر کتێبی (ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو) ، لە نووسینی: هەڤاڵ کوێستانی.
لە کۆتاییەکانی خوێندنەوی کتێبیەکەی هەڤاڵ کوێستانی دام « ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو » !
دەقیکی ڕەوان ، کوردیکی جوان بەلای موکریانیدا. گیڕانەوەیەکی خۆش ، پڕ لە نوکتە و ئەزمون، بەخۆداهاتنەوە، تاڵ و شیرین ، تراژیدی و حماسە، شۆرش و ئاشبەتاڵ ، کوێستان و گەرمیێن کردن ، هەڵدێر و هەوراز ،جاش و باش ،گوندی و شاری، شاعیر و نووسەر، ئاغا و شێخ ...خەریکن بەدەم گەرما و سەرما ،بە با و باران ، بەفر و بۆران ، بە زگی برسی بە بناری سورکێو و پیرە مەگرون و قەندیل چیای حەمرین.... هەڵدەگەڕێن تا ئەو نیشتمانە ڕزگار کەن ....
نووسەر « هەڤاڵ کوێستانی » بە شاعیری لاوی ڕوو لە شۆرش دەکات ، بە ڕەخنەگر و نووسین درێژە بە خەبات دەدا، ئەوەش لە دەقی کتێبەکە خۆی دەردەخا. ڕاستگۆیی و شێوازی نووسین وازت لێ ناهێنیت تا کۆتاییەکانی . هێند شیرینە ئەگەرچی بەسەر زۆر ڕووداو و کارەساتی لە تاڵیش تاڵتر لە کەکرەییدا دەکەوی بەڵام هەر پەلکێشت دەکا بەدوویخۆیدا .
نووسەر بە هۆی لێهاتووی تایبەتی خۆی زۆر زوو لە دیوەخانی سەرێ جێگای خۆی دەکاتەوە، ڕەشماڵی لە نێوان ماڵی مام و کاکە نەوە هەڵدەدا، بەڵام مام گوتەنی ماستاوییان بۆ ناکات ، لەناو تەپ تۆزی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و یەکیتی و جەلالی و مەلای دا نووقم دەبێ بەڵام خۆی ون ناکا .....
بە پێچەوانەی زۆربەی نووسەرانی ئەو قۆناغەی خەبات و شۆرش ، بە هەر دوو دیوی گەرمێن و کوێستان ،نووسەر نەچۆتە بەرگی جەگڤوارا و خۆلە پیزەوە ، کەسیکی سادە و پێشمەرگەیەکی خاکییە، لەگەڵ ڕووداوەکان دەڕواتە پیش و خۆی ناداتە دەست شەپۆلان .
لەسەر ئەو کتێبە زۆرم بیست لێرە و لەوی تا خۆم خوێندمەوە ، بە باوەڕی من هەموو شت دوو دیوی جوان و ناحەزی هەیە، منی خوێنەر ئەو کتێبەی هەڤاڵ کوێستانیم بە دیوی جوانی دا خوێندەوە ،لای من تام و چێژیکی تایبەتی هەبوو ...
لەسەرەتاکان و کۆتاییەکان ،لە نێوئاخن و گەرمەی شەڕ و بومباران، خوشەویستی و عیشق لە زۆر شوێنی ئەو نیشتمانە، لە نێوان دوو کێو دوو دڵداردا شەپۆلان دەدا، پڕ لە وەها داستان و بەسەرهاتی پێشمەرگانە ،عیشق بە ئازادی، بە وەڵات ،بە دڵدار ، بە هەموو تراژیدەکانی خۆشەویستی ناو ئەو بەرهەمە ئەدەبیە ، عیشق بە ئازادی وەڵات لە کێبەڕکیدایە، ئەوی دەبێتە سەرمایەی عیشق و خۆشەویستی گۆڕیکی بێ ناونیشانە بە عیشق و خۆشەویستی نیشتمان. ئێستا بازرگانەکان بەرهەمی ئەو عیشقە دەخون، بێ ئەوەی ڕۆژیک ساردی گەرمی ئەو ڕۆژانەییان چێشتبی ، پێڵاویکیان لە ڕێگای ئەو نیشتمانەدا دەڕانبی...
مادام کە ئێستاش و هەنووکە نیشتمان هی هەمووان نییە و بەشی زۆری بە دەستی داگیرکەرەوە داگیرکراوە لە هەر چوار پارچە، ئەگەر بە چاوی جوان و قەڵەمی سیحراوی هەڤاڵ کوێستانی سەیری نیشتمان کەیین دەبی حەول بدەیین نیشتمان هی هەمووان و بۆ هەمووان بێت ....
ئەگەر چی کەرەسەی خەبات و شۆرش ئێستا جیاوازە لەسەردمی شاخ بەڵام ئەوە چ ناگۆریت لە ئیمتنا و حەولدان بۆ ئازادی نیشتمان و نەتەوە ئەرکی هەمووانە .
خوێندنەوەی ئەو کتێبە بۆ هەموو نەسلەکان پیویستە ، ئەوانەی سەردەمی « هەڤاڵ کوێستانی »، ئەوانەی دوای هەڤاڵ ، بەتایبەت نەسلی ئێستا کە بە چەک و قەڵەم لە شار و شاخ و تاراوگە خەبات دەکەن، بە خوێندنەوی ئەو کتێبە وەبیر خۆیان دێننەوە کە نیشتمان هی هەمووانە و پیویستی بە هەمووانە ....
چەند خاڵیکی ڕەشی هەڵەی شۆرش و سەرکردایەتی شەڕی ناوخۆیی لەناو کتێبەکە بە زمانیکی نەرم و نیان باسیکراوە، بێگومان ئەوانیش دەچنە خانەی خەسارناسی و بەخۆداهاتنەوە، ڕووداوەکانی ئەوسەردمی ڕووییانداوە بوون بە مێژوو بە چاک و خراپەوە ، ئەوەش خەسلەتی هەموو شۆرش و بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازە ، بەتایبەت ئەگەر ئەو بزوتنەوە لەگەڵ داگیرکەری وەڵات و خاک و خەڵک بێ ....کە شموولی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات .....
بە چەند پەڵەی هەوری ڕەش ئاسمانی شین لێڵ و چەڵکن نابیت ....
بێگومان جوانییەکانی کتێبی هەڤاڵ کوێستانی لە خويندنەوەدا زیاتر خۆییان دەردەخەن ....
دەیەی ٦٠و ٧٠ و ٨٠ی زایینی وەک تابڵویەک و فیلمێکی بەڵگەمەند، بە هەر دوو دیوی باشور ڕۆژهەڵاتدا دا ، نیشانی خوێنەر دەدا. کۆمەڵێک بابەت دەورژێنی کە هەم تازەن بۆ سیاسی / پێشمەرگەی ئەو قۆناغە هەمیش پرسیار ساز دەکەن..