سلێمانى خنکێنراوەو تیمى یەکێتى و گۆڕانیش لە حکومەت بێدەنگن

کوردستان

19/09/2022‌ 702 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سلێمانی و زۆنی سەوز سزایەکی گەورە دەدرێن و کەسیش بە دەنگ نایەت بەشێکی هەرێمی کوردستان خنکێنراوە و وەزیرەکانی یەکێتی و گۆرانیش خۆیان لێکردوە بە کەڕەی شەربەت...

هەفتە نییە لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ و سۆرانەوە سەرۆکی حکومەت یان وەزیر و بەرپرسێکی باڵای حکومەت پرۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی ڕانەگەیەنێت و بەڵێنی کاری زیاتریش نەدرێتە دانیشتوانی ناوچەکە، لە بەرامبەردا دانیشتوان و هاوڵاتیانی زۆنی سەوز زەقەی چاویان دێت و کەس گوێیان بۆ ناگرێت، پرۆژەکانیان وەستاوە و کەس خۆی ناکاتە خاوەنی، شەقامەکانی وێران بوون وهیچ وەزیرێک ناڵێت ئەم دۆخ و جیاوازییە بۆچی؟

لە ماوەی چەند مانگی رابردودا خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرە تایبەتمەندەکان، هەر هەفتە و لە شارێکی زۆنی زەردەوە پرۆژەیەکی گەورەی ستراتیژییان راگەیاندوە یان بەردی بناغەیان داناوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رۆژێک لە خەلیفانەوە پرۆژەی دووسایدی سپیلک خەلیفان رادەگەیەنێت کە ٦٤ ملیاد دیناری تێدەچێت و رۆژێکی تر ١٠ ملیاد دینار تەرخاندەکات بۆ پرۆژەی بەنداوی خنس لە پارێزگای دهۆک و جارێکی تر لە میدیاکانەوە هەواڵی تەواوکردنی لەسەدا ٩٣ی کارەکانی شەقامی ١٥٠ مەتری هەوڵیر بلاو دەبێتەوەو دەستدەکرێت بە شەقامی ٢٠٠ مەتری.

بۆ هەفتەی دواتر دیسانەوە سەرۆکی حکومەت و بەشێک لە وەزیرە تایبەتمەندەکان بەردی بناغەی پرۆژەیەکی ستراتیژی لە سۆران دادەنێن و لە هەولێریش بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت پرۆژەی قیرتاوکردنی شەقامە سەرەکیەکان بەڕیوە دەچێت.

پرۆژەی کردنەوەی تونێلی گەورە و مۆدێرن دەبێتە مانشێتی هەواڵی میدیاکانی نزیک لە پارتی و سەرۆکی حکومەت و تونێلەکەی دەربەندیخانیش دوای چەندینجار بەڵین بۆ نۆژەنکردنەوەی، کەس غیرەتی ئەوە ناکات پیایدا تێپەرێت و خەمی ئەوەی نەبێت بروخێت بەسەریدا و کەسیش ئاوری لێناداتەوە.

لە بەرامبەر هەموو ئەمانەشدا لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان وراپەرین، گردبونەوە و خۆپیشاندان و مانگرتن بۆ تەواوکردنی ڕێگەیەک دەکرێت کە ١٢ساڵ بەر لە ئێستا بەردی بناغەی دانراوەو هەموو ساڵێک کارکردن تێیدا دەستپێدەکاتەوەو جارێکی تر بە هۆی بێ پارەییەوە دەوەستێت.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی رابردودا هاتە سەر شاشەی کەناڵەکان و بڕی داهات و خەرجیی حکومەتی هەرێمی لە ماوەی سێ ساڵی رابرودودا ئاشکرا کرد، ئەگەر چی داتاو ژمارەکانی وتەبێژی حکومەت کاردانەوەیان لێکەوتەوەو بە داتای هەڵە ناویان هێنران، بەڵام داتا و ژمارەکان دەرخەری ئەوەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەی تەواو جیاوازی تێدایە کە زۆنەکانی سەوز و زەردن و دابەشبوون بەسەر دوو حزبی سەرەکی هەرێمی کوردستاندا.

لە داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە لە زاری وتەبێژی حکومەتەوە راگەیەنران ، هیچ ئاماژەیەکی تێدا نەبوو کە داهاتەکە چەندی هی سلێمانییەو چەندی هی هەولێر، هەر وەک چۆن ئەوەشی تێدا نەبوو کە چەندی بۆ سلێمانی و چەندی بۆ هەولێر خەجکراوە.

بە پێی زانیاریەکانی شارپرێس کەمتر لە سەدا ٣٠ ئەو ژمارانەی وتەبێژی حکومەت رایگەیاندن بۆ سنوری زۆنی سەوز خەرجکراوەو ئەنجامدانی پرۆژەکانیش شاهیدی ئەو راستیەن کە کەمترین پارەی حکومەت لەو سێ ساڵەدا بۆ هاوڵاتیان و سنوری زۆنی سەوز تەرخانکراوە.

مانشێتی میدیاکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمووی بوە بە راگەیاندن و ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیژی و هەر رۆژە و پرۆژەیەک رادەگەیەنرێت بە نمومە:
لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت ٦٠ ملیار دینار بۆ ١٢٢ پرۆژەی شاری هەولێر تەرخاندەکرێت.
پەنجا قوباتخانەی سنوری پەروەردەی هەلیر نۆژەندەکرێنەوە.٥٤ پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە خەلیفان جێبەجێدەکرێن و سەرۆکی حکومەت بودجەی بۆ تەرخانکردوون.

هەموو ئەم پرۆژانە لە کاتیکدایە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم و تەواوی کابینەکەی بە وەزیرەکانی یەکێتی و گۆرانیشەوە بەرامبەر هاوڵاتیان و دانیشتوانی سلێمانی و هەڵەبجە کەمتەرخەمن و کەمترین پرۆژە بۆ سنوری زۆنی سەوز رادەگەیەنرێت و ئەوەشی کە رادەگەیەنرێت جیبەجێ ناکرێت.

ساڵانێکە وەزیر و پەرلەمانتار و چاودێری سیاسی تا دەگاتە جێگری سەرۆکی حکومەتیش دەڵێن لە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەیی تەواوەتی هەیەو بە ئاشکرا دەنیربێت، قوباد تاڵەبانی لە کۆربەندی ئابوری و وەبەرهێناندا لە شاری سلێمانی بە ئاشکرا وتی بودجەو داهات و خەرجی حکومەتی هەرێم لەسەر سیستمێک دارێژراوە کە دوو ئیدارەیی تەواوی پێوە دیارەو دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت کە ئەویش سیستمی ٥٧ بە ٤٣ یە.

درکاندنی ئەم راستیە نوێ نییە، بەڵام لەسەر زاری جێگری سەرۆکی حکومەتەوە واتا و لێکدانەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت و لە هەمان رۆژیشدا وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدا کە سەردانی ئەو گەنجانەی کرد کە بە هۆی تەواونەکردنی ڕیگەی کەلار دەربەندیخانەوە چەند رۆژێکە لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمان مانیان گرتوە، رایگەیاند دوو ئیدارەیی هۆکاری سەرجەم ئەو کێشانەیە کە ئێوەی ناچارکردوە لێرە خێمە هەڵبدەن، لە هەولێر پرۆژەی گەورە گەورە ئەنجامدەدرێت و لێرەش پارە لە بانکەکان نەماوە، حکومەت ناتوانێت بە یەک چاو سەیری هەموو کوردستان بکات و هەر  شارەو لە داهاتی خۆی پرۆژەکانی ئەنجامدەدرێن.

ئەگەر چی قسەی ئەم دوو بەرپرسە باڵایەی حکومەتی هەرێم نوێ نین و رەنگە هاوڵاتیەکی ئاسایش هەمان شت بزانێت، بەڵام قسەی وەزیر و بەرپرسانی باڵای حکومەت لەوەدا جیاوازە لە قسەی هاولاتیان کە ئەوان بە تەواوی وردەکاریەکانەوە ئاگاداری دۆخەکەن و لێشی بێدەنگن و قبوڵی ئەو دۆخە دەکەن کە بەرۆکی شاری سلێمانی گرتوەو خەریکە دەخنکێت و نوزەی لێدەبڕێت لەلایەن خودی حکومەتی هەرێمەوە.

بەشێکی زۆر لەو داهاتەی کە بۆ سنوری پارێزگای هەولێر هەژمار دەکرێت هی ئەو کۆمپانیایانەیە کە لە سنوری سلێمانی کار دەکەن و فەرمانگەکانی سلێمانی کارەکانیان رایی دەکەن، بەڵام دەبێت باجەکانیان لە هەولێری پایتەختی هەرێم بدەنە حکومەت، لە هەمان کاتدا کامێرای تیژڕەوی کە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی دانراوەو گریبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە کارەکانی لە سنوری سلێمانی بکات، لە بەرامبەردا ٤٠٣ ئۆتۆمبێلی نوێ دەداتە حکومەتی هەرێم، لەو ژمارەیە ٢٠٠ ئۆتۆمبێڵی تەرخانکراوە بۆ پارێزگای هەولێر لە کاتێدا هاولاتیانی سلێمانی باجی ناوەرۆکی گرێبەستەکە دەدەن.

لەلایەکی ترەوە بە پێی زانیاریەکانی شارپرێس پارەی تێچوی کارەبای پارێزگای دهۆک لە بودجەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تەرخاندەکرێت لە کاتێکدا خەرجیەکانی وێستگەی کارەبای سلێمانی لەسەر بودجەی پارێزگاکەیە و لە بەرامبەردا لە کۆی کارەبای بەرهەم هاتووی هەرێمی کوردستان لەسەدا ٦٥ ی بۆ سنوری زۆنی زەرد و تەنها لەسەدا ٣٥ی بۆ سنوری زۆنی سەوز تەرخاندەکرێت.

سەرجەم ئەو داتاو ئامارانە دەری دەخەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گەمارۆیەکی توندی خستۆتە سەر زۆنی سەوز و وەک بەشێکی دابراو لە هەرێمی کوردستان سەیری دەکات و مامەڵەی لەگەڵ دەکات، لە بەرامبەر ئەو نادادیەشدا وێرای ئەو زوڵمەی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی لە سلێمانی و دانیشتوانەکەی دەیکات، وەزیر و بەرپرسانی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆران بێدەنگن و ناتوانن هیچ لە دۆخەکە بگۆرن، بۆیە ئێستا هاوڵاتیانی سلێمانی دوای سەرۆکی حوکەمەت، ئەوان بە بەرپرس لەو دۆخە دەزانن و پێیان وایە کاتی ئەوەیە هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیان هەبێت و چیدی مامەڵەی دوو ئیدارەیی و پشتگوێخستن لەگەڵ بەشێکی گرنگی هەرێمی کوردستان قبوڵ نەکەن.