بەریتانیا باڵیۆزخانەکەی لە تەلئەبیبەوە بەرەو قودس دەگوازێتەوە

جیهان

23/09/2022‌ 279 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یائیر لابیدی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی لیز تراسی هاوتا بەریتانییەکەی کردووە بەوەی کە رایگەیاندووە بە جیددی بیر لە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بەرەو شاری قودس دەکاتەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا وتویەتی کە سوپای "هاورێی خۆشەویست" تراس دەکات بەوەی گرنگیی بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تەلئەبیبەوە بەرەو قودس دەدات، لابید هاوتا بەریتانییەکەی بە دۆستی راستەقینەی ئیسرائیل وەسف کردووە، جەختیشی کردۆتەوە کە ئەوان کار لەسەر ئەوە دەکەن کە هاوپەیمانێتیی نێوان ئیسرائیل و بەریتانیا بەهێزتر بێت.

لەپەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی 77ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چاوی بە لیز تراس کەوت و بەپێی بەیاننامەی حکومەتی ئیسرائیل، تێیدا باسیان لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە بوارەکانی بازرگانیی و داهێنان و ئاساییشدا کردووە.

پێشتر تراس لەکاتی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە و لەنامەیەکدا کە بۆ "دۆستانی ئیسرائیل"ی لەناو پارتی پارێزگاران لەکاتی ململانێی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پارتەکە رەوانەی کردبوو، بەڵێنی ئەوەیدابوو کە بیر لە گۆڕینی پێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بکاتەوە.

هەروەک رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانیش لەسەر زاری وتەبێژی حکومەتی بەریتانیا گواستوویەتییەوە کە رایگەیاندووە لیز تراس بیر لە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تەلئەبیبەوە بەرەو قودس دەکاتەوە.

لە 14ی ئایاری ساڵی 2018 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بارەگای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بەرەو قودس گواستەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی