ئۆکرانیا ڕێگە بە ئەمەریکا دەدات چەکەکانی لەو وڵاتە تاقی بکاتەوە

جیهان

23/09/2022‌ 591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی رۆژنامەی " میلیتاری تایمز" ڤلادیمێر گاڤریلۆڤ جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاندووە کە کۆمپانیاکانی بواری درووستکردنی چەک لە ئەمەریکا دەتوانن جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بۆ تاقیکردنەوەی چەک و چۆڵەکانیان و پڕۆژە سەربازییە تاقیکارییەکانیان بەکاربهێنن، جەختیشی کردۆتەوە کە ژمارەیەک کۆمپانیا بەکرداریی ئەو کارەیان کردووە.

گاڤریلۆڤ لە کۆنگرەی کۆمەڵەی بەرگریی نیشتیمانیی ئەمەریکا لە تەکساس رایگەیاند: ئەگەر بیرۆکەیەک یان پڕۆژەیەکی تاقیکارییت هەیە و پێویستی بەوەیە پێش قۆناغی بەرهەمهێنانی سەرەکیی تاقیبکەیتەوە، ئەوە دەتوانن ئەو چەکانە بۆ ئۆکرانیا بنێرن و لە گۆرەپانی جەنگدا تاقییان بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەگەر دەرکەوت ئەو چەکانە لە جەنگی ئۆکرانیادا کاراییان هەیە، ئەوە دواتر فرۆشتنیان بە وڵاتان ئاسان دەبێت، جەختیشی کردۆتەوە کە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان ئەو چەکانەیان بۆ تاقیکاریی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە، لەوانە تەکنەلۆژیای دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شێواندنی ئەلیکترۆنیی.

هەروەک لەمانگی تەمووزی رابردوو، ئۆلێکسی ڕیزنیکۆڤ وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی بۆتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی چەکەکان، هەروەک داواشی لە کۆمپانیاکانی درووستکردنی چەک لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد کە بەرهەمە نوێکانیان لە گۆڕەپانی جەنگ دژ بە رووسیا تاقیبکەنەوە.

لەماوەی رابردووشدا، دیڤید ڤان فیڵ جێگری سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوەکردبوو کە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی هەوڵ دەدات جەنگی ئۆکرانیا بەکاربهێنێت بۆ هێنانی تەکنەلۆژیای زۆر ئاستبەرز بۆ ناو کەرتی بەرگریی هاوپەیمانێتییەکە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی