شارپرێس:
پێشکەوتنەکانی زانستو تەکنەلۆژیا ڕۆژ بەرۆژ بەرەو پێشەوە دەچنو لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا ڕۆژانە بەرهەمی نوێی زانستو هەوڵەکانی مرۆڤ دێنە ئەنجام.
یەکێک لەو بوارانەی کە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە بواری گواستنەوەو ئینتەرنێتو پەیوەندییەکانە لەتەواوی دونیادا، ئێستا پێشکەوتنەکان بەجۆرێکن کە ئەگەر ساڵانێک پێش ئێستا مرۆڤایەتی بەخەونیش بیبینیایە بڕوای پێنەدەکرد، بەڵام وا ئێستا هەموو ئەو خەونانە بونەتە ڕاستیو دونیایان کردۆتە گوندێکی بچوک.
کۆمپانیای سپەیس ئێکس کە یەکێک لەکۆمپانیا گەورەو پێشکەوتوەکانی بواری گەیاندنو ئینتهرنێت لەتەواوی دونیادا، لەماوەی ڕابردودا چالاککردنی مانگە دەستکردەکانی ستارلینکی ڕاگەیاندو ئاشکرایکرد، ئیدی بۆ گەیاندنی ئینتهرنێت پێویستی بەمادەو کەرەستەو میکانیزمە تەقلیدیەکانی پێشوو نابێتو بەداهێنانێکی نوێوە لەمەودوا تۆڕەکانی ئینتهرنێت دەگەیەنێتە هەر کوێی دونیا کە بیەوێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەماوەی ڕابردودا کۆمپانیاکە بەهەزاران سەتەلایتی لەخولگەی زەویدا جێگیرکرد کە حکومەتەکانی دونیا ناتوانن سانسۆری بکەن.
شەوی ڕابردوو ئاسمانی هەرێمی کوردستان تەنرا بەڕیزە ڕوناکیەکی یەک بەدوای یەکو چەند تەنێکی نامۆ بەئاسمانی هەرێمی کوردستاندا دەرکەوتن، هەرزوو دەرکەوتنی ئەو تەنانە بوە نیشانەی پرسیارو مەترسی لای هاوڵاتیان، بەڵام زانیاریەکان ئەوەیان ئاشکراکرد، ئەو ڕوناکیو تەنانە تیشکی ستارلینکی کۆمپانیای سپەیس ئێکسنو بۆ گەیاندنی ئینتهرنێت بەئاسمانی وڵاتی ئێران تێپەڕیون کە لەئێستاداو بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە حکومەتی ئەو وڵاتە تەواوی تۆڕەکانی ئینتهرنێتى لەژمارەیەک لەشارو ناوچەکانی وڵاتەکە سانسۆرکردوەو ڕێگریی لەبەکارهێنەرانی ئینتهرنێت دەکات.
زانیاریەکان باس لەوەدەکەن، ئیلۆن مەسک دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس داوای لەئەمریکا کردوە کە گەمارۆکانی سەر ئێران تێپەڕێنێتو لەوەڵامی ئەو داوایەشدا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەتویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "ستار لینک چالاک بکەنو چیتان پێدەکرێت بۆ گەیاندنی تۆڕەکانتان بەهاوڵاتیانی ئێران بیکەن".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەتویتەکەیدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ڕێوشوێنەکانمان گرتەبەر بۆ بەرەوپێشبردنی ئازادی ئینتەرنێتو گەیاندنی ئازادانەی زانیاری بۆ گەلی ئێران، هەروەها مۆڵەتێکی گشتیمان دەرکرد بۆ ئەوەی زیاتر دەستیان بەپەیوەندییە دیجیتاڵیەکان بگات بۆ بەرەنگاربونەوەی سانسۆری حکومەتی ئێران"، ئەم داوایەی ئیلۆنیش دوای ئەوەهات، ژمارەیەک لەفانەکانی ئیلۆن بۆیان نوسیبوو، دەکرێت ئینتهرنێت بگەیەنێتە خۆپیشاندەرانی ئێران، ئەویش بەو داوایە لەویلایەتە یەکگرتوهكانى ئەمریکا وەڵامی داواکەیانی دایەوە.
ئەگەر چی ئیلۆن مەسکو ئەمریکاش مەیلی گەیاندنی ئینتهرنێتیان بەهاوڵاتیانی ئێران هەیە بۆ گەیاندنی دەنگو دروشمەکانیان بەتەواوی دونیا، بەڵام ڕێگریی تەکنەلۆژییو سیاسیو جوگرافی لەبەردەم هەوڵەکەیاندا هەنو پێناچێت بەئاسانی بتوانن تۆڕەکانی ستارلینک بگەیەننە تەواوی ناوچەکانی ئەو وڵاتە، چونکە گەیاندنی تۆڕەکانی ستارلینک پێویستی بەمۆڵەتی وڵاتەکەو دانانی سەتەلایتو تاوەرەکانی بەستراوو تێرمیناڵو وێستگەی زەمینی هەیە کە گەیاندنیان بەخاکی ئێران کارێکی مەحاڵە.
پێشتر سپەیس ئێکس لەوڵاتی ئۆکرانیاو لەدەستپێکی هێرشەکانی ڕوسیاوە بۆ سەر وڵاتەکە، هەمان ئەزمونی تاقیکردەوەو سەرکەوتوانە ئینتهرنێتى لەڕێگەی ستارلینکەوە گەیاندە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە کە ڕوسیا تەواوی تۆڕەکانی پچڕاندبوو.
ستارلینکەکانی سپەیس ئێکس توانیان هاوڵاتیانی ئۆکرانیا بكهنه خاوەنی ئینتهرنێتى خێراو دەنگیان بگەیەنن بەتەواوی دونیا، چونکە حکومەتی ئەو وڵاتە خواستی ئەوەی هەبوو کە کارەکە بکرێتو تەواوی کارئاسانی بۆکردو وڵاتانی دراوسێش کارئاسانیان بۆکرد بۆ جێگیرکردنی تاوەرو وێستگە زەمینیهكان، بەڵام بۆ ئێران هەنگاوێکی لەو شێوەیە هەم لای ئێرانو هەمیش لای دراوسێکانیشی کارێکی مەحاڵ دەبێت.
ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەدەوڵەمەندترین پیاوی جیهان دەناسرێتو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی تێسلایە کە خاوەنی سەرمایەی 277 ملیار دۆلارە.
