حەلبوسی هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەی ئاشكرا دەكات

عیراق

26/09/2022‌ 1270 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕایگەیاند، من بەشێك بووم لە پرۆژەی زۆرینەی سیاسی ‌و ئێستا پێوەرەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق چەند کاتژمێرێک دوای دەستلەکار کێشانەوەی بە میدیاکانی ڕاگەیاند: لەگەڵ كەس لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەم لە سەرۆكایەتی پەرلەمان قسەم نەكردووە و وتی: پێكهاتەی پەرلەمان گۆڕاوە، هەر پەرلەمانتارێك مافی ئەوەی هەیە بۆچونی خۆی بدات لەبارەی سەرۆكەكەیەوە و هیچ ڕێگایەك بەكارناهێنم بۆ سەپاندنی خۆم بەسەر هێزە سیاسییەكان‌ و پەرلەمانتاراندا.

جەختیكردەوە، كە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمان پەكناخات و وتیشی: یەكێك لە هۆكارەكانی دەستلەكاركێشانەوەم گۆڕانكارییە لە زۆرینەوە بۆ تەوافوقیی، من بەشێك بووم لە پرۆژەی زۆرینەی سیاسی ‌و ئێستا پێوەرەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە.

بەگوێرەی بەرنامەی کاری کۆبونەوەی په‌رله‌مانى عێراق كه‌ بڕیاره‌ ئه‌م چوارشەممەیه‌ كۆببێته‌وه‌، په‌رله‌مان دوو كارنامه‌ى هه‌یه‌ بۆ دانیشتنه‌كه‌ىو بڕگەی یەکەم: دەستلەکارکێشانەوەی محه‌مه‌د حەلبوسی سه‌رۆكى په‌رله‌مان لەپۆستەکەیی‌و دوەمیش: هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانى عێراق.

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پۆستەکەی لەپشکی هێزە سونەکانی نێوهاوپەیمانی سیادە وەرگرتوە کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات‌و لەماوەی ڕابردودا لەگەڵ هەریەک لەپارتی‌و سەدریەکان هاوپەیمانییەتیەکیان پێکهێنا بۆ پێکهێنانی حکومەت‌و دوای نزیکەی 10 مانگ لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردن‌و بەکشانەوەی سەدریەکان هاوپەیمانێتییەکە هەڵوەشایەوە.

س.س