شارپرێس:
لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی خۆپیشاندانو ناڕەزاییەکانی ڕۆژههڵاتى كوردستانو شارەکانی ئێران، کەسێکی سەر بەبنەماڵەی ژینا ئەمینی ئاشكرایدهكات، لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە گوشاریان خراوەتەسەر بۆئەوەی هیچ لێدوانو زانیارییەک بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن نەدەن.
عیرفان مورتەزا ئامۆزای ژینا ئەمینی لەلێدوانێکدا بەکەناڵی "سکای"ی بەریتانی وتوه، "ژینا بۆتە دەنگی ناڕەزایی گەلانی ئێران، لهبهرامبهر ئهوهشدا گوشارمان خراوەتەسەر بۆئەوەی لێدوان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن نەدەینو هیچ زانیارییەک ئاشكرانهكهین".
عیرفان موڕتەزا باسی لەوەشکردوە، دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵیانداوە تەرمی ژینا ئەمینی هەر بەشەوو بەشێوەیەکی نهێنیی بەخاکبسپێرن، بەڵام هاوڵاتیان ڕێگەیان بەو پیلانە نەداوەو ڕێگرییان لێکردون.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لەسنوردارکردنی زۆرێک لەپێگەکانی تۆڕەکانی پەیوەندییکردنی وەک ئینستاگرامو واتس ئەپ بەئامانجی سنوردارکردنی توانای خۆپیشاندەران بۆ ڕێکخستنو بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەت بەخۆیان کە توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان پیشانی جیهانی دەرەوە دەدەن.
لەماوەی ڕابردوشدا محەمەد باقر قالیبافی سەرۆکی پەڕلەمانی ئێران بەڵێنیدا کە لیژنەیەک بۆ بەدواداچونی ڕاستییەکانی چۆنێتیی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی پێکبهێنێت.
هەروەک ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران پەیوەندیی بەبنەماڵەی ئەمینییەوە کردو سەرەڕای ڕاگەیاندنی سەرەخۆشیی بەبنەماڵەکەیان، بەڵێنیدا تاوەکو بەئامانجگەیاندنی لێکۆڵینەوەکان چاودێریی دۆسییەکە بکات.
