ئەنجامی کۆبوونەوەى ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم راگەیەنرا

کوردستان

05/10/2022‌ 1470 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمرۆ چوار شەممە ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم کۆبووەوەو بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەش، لە بڕگەی یەکەمدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( بەرکارکردن وهەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی فیدراڵی ژمارە 76 ی ساڵی 2012 ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان ) لایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو. پاشان لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڕاسپێردرا بە ئاراستەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەمەبەستی تەشریعکردنی.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، ڕێکخستنی پرۆسەکانی دەستاودەستکردنی ڕووەک و بەرهەمەکانی و هاوردەکردن و هەناردەکردنیانە لە پێناوی ڕێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی دەرد و پەتای کشتوکاڵیی و بڵاوبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان، بە پیادەکردنی هەمان ئەو پرۆسە و ڕێکار و پێوەرانەی لەسەرتاسەری عێراق کاری پێ دەکرێت ، یاساکە، لە لایەن لیژنەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێ دەکرێت کە نوێنەری وەزارەتەکانی ( خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، ناوخۆ، بازرگانیی و پیشەسازیی، دارایی وئابووری، تەندروستی ) و دەستەی پاراستن وچاكکردنی ژینگەی تێدا بێت، ئەم پڕۆژە یاسایە، بەرکارکردنی یاسایەکی فیدڕاڵییە لە هەرێم، دوای هەموارکردنی و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم.

لە راگەیەنراوەکەى ئەنجومەنى وەزیراندا هاتووە، بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارەکانی کەرەنتینی کشتوکاڵیی لە هەرێم و عێراق و لە هەمانکاتدا کارئاسانییشە بۆ بازرگانانی هەرێم و هەروەها جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کە زامنیی دروستیی وکوالیتی ئەو کەرەستە و پێداویستیە سەرەتاییانە دەکات کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی هەرێم و لەکاتی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵیی هەرێم بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە ئاستەنگیان بۆ دروست نەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی لە لایەن دامەزراوەکانی هەرێمەوە، هەمان ڕێکاری کەرەنتینی کشتوکاڵی پەیڕەودەکرێت.

هاوکات لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە و لە چواچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی ( 9 ) لە یاسای چاکسازی لە لایەن عەبدولحەکیم خسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەداداچوون خرایەڕوو.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوەن ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی بڕیارەکەی پەسەند کرد و دووپاتی پێداگیریی خۆی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردەوە، لە پێناوی ڕێکخستنەوەی وەزیفی گشتیی و خانەنشینیی و هێنانەدی دادپەروەریی لە سوودمەندبوون لە داهاتی گشتیی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردان و سوودمەندبوونی ناڕەوا، بەمەرجێک مافی خەڵکانی شایستە پارێزراوبێت و نەبێتە هۆی بێبەشکردنیان لە شایستە و مووچەی ڕەوای خۆیان.