شارپرێس:
جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەوان تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانن و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەن کە بەوتەى خۆی نەیانتوانیوە وەکو پێویست وەڵامی چاکە و دڵسۆزی و بەخشەندەییان بدەنەوە.
قوباد تاڵەبانى جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێم بەبۆنەى رۆژی جیهانى مامۆستایانەوە رایگەیاند، لە رۆژی جیهانی مامۆستادا بە شانازییەکی زۆرەوە شەرفەمندبووم پێشوازیم کرد لە چوار مامۆستای دڵسۆز و خەمخۆر، مامۆستایان؛ جەمیلە سابیر قادر، عەبدولخالق محەمەد عەلی، عەلی عەبدوڵا ساڵح و ئیسماعیل خۆشناو و وەک نمونەی هەموو مامۆستا دڵسۆزەکانی کوردستان خەڵاتی رێزلێنان و چەپکە گوڵی خۆشەویستیمان پێشکەش کردن.
قوباد تاڵەبانى ئاماژەى بەوەکرد، ئەو چوار مامۆستا ئازیزە و مامۆستایانی تر نمونەی مامۆستای دڵسۆزن کە چەند دەیەی تەمەنیان خەمخۆرانە نەوە دوای نەوەیان پەروەردە کردوەو لەڕێگەی ئەوانەوە پەیامی رێزلێنان ئاراستەی هەموو مامۆستایانی کوردستان بکەن کە لە سەختترین کاتەکاندا و لە سەردەمی قورستترین قەیرانەکاندا بەرگەیان گرت و نەیانهێشت کەرتی پەروەردە بوەستێت.
تاڵەبانى دەشڵێت"ئێمە تا ئەبەد قەرزاری مامۆستایانین و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەین کە نەمانتوانیوە وەکو پێویست وەڵامی چاکە و دڵسۆزی و بەخشەندەییان بدەینەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە هەموو توانامانەوە کار دەکەین بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان".
جێگری سەرۆکى حکومەت باسی لەوەشکرد، وەک حکومەت رەنگە باشترین وەڵام بۆ چاکە و بەخشەندەیی مامۆستایان ئەوەبێت، زەمینە و دەرفەت بڕەخسێنن بۆ ئەو نەوانەی ئەوان پەروەردەیان کردوە تا بە باشترین شێوە خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.
س.هـ