چەرچڵ و مەلای جەزیریی!

مەلەفی تایبەت

11/10/2022‌ 1558 جار خوێندراوه‌ته‌وه


هاوینی 1943 لە گەرمەی شەڕی دووەمی جیهانی، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆزڤێلت و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا چەرچڵ و عیسمەت ئینوینو، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەک دەبن لە قاهیرە و ئەو دوو سەرۆکە داوادەکەن تورکیا بەشداری شەڕی جیهانی بکات و پشتیوانی ئەمەریکا و بریتانیا بکەن.
 سەرۆکی تورکیا دڵی پێوەنیە بەشداری ئەو شەڕەبکات، لە بەرامبەردا، داوایکرد هاوپەیمانان سوپای تورك پڕ چەك بکەن و ئەوسا داوای شەڕی لێبکەن! بەڵام نە چەرچڵ و نە ڕۆزڤێلت باوەڕیان بە تورك نەبوو، چونکە ترسی ئەوەیان هەبوو دوای پڕ چەککردن، بچنە پاڵ ئەڵمانیا! کە زانیان سەرۆکی تورکیا ملنادات، هەردووکیان ویستیان بە پرسی کورد لەتورکیا چاوترسێنی بکەن!
چەرچڵ ڕوویکردە سەرۆکی تورکیا و لێیپرسی: پاشا، تۆ کوردی دەزانیت؟ ئینوینوو سەری لێشێوا و نەیزانی چی بڵێت. تاوێك چاوەڕێم کرد و ئەو هەر هیچی نەگوت. مەنەمەنجی ئۆغلۆ دیبلۆماتکاری تورک لە دانیشتنەکەدا دەبێت، دێتە گفتوگۆکەوەو دەڵێت: ئێمە کوردی نازانین و زمانیكی لەو جۆرەش بوونی نییە!
 چەرچڵ گرووپێك ڕۆژهەڵاتناس و پسپۆری زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ خۆی هێنابوو. لە یەکێك لەوانەی پرسی: مستەر، وایە؟ زمانێك نییە بەناوی زمانی کوردیی؟ کابرا هەستایە سەرپێ و گوتی: "چۆن شتی وا دەبێت گەورەم! زمانێکی کوردیی خاوەن ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەند هەیە. ئەگەر مەیلتان لێبێت، دەتوانم شیعرێك لە دیوانی مەلای جزیریتان بۆ بخوێنمەوە! چەرچڵ گوتی: بیخوێنەوە!
 کابرا شیعرێکی خوێندەوە، ئەوانەی ئەوێ لێی تێنەگەیشتن، بەڵام زمانێك بوو نزیك لە فارسی و ئاهەنگ و میلۆدییەکی فرە نایابی هەبوو. چەرچڵ گوتی: ئەو شیعرەمان بۆ بنووسەوە! کابرا شیعرەکەی لەسەر کاغەزێك نووسی. چەرچڵ گوتی: وەری بیکە بە ئینگلیزی. ئەمجار داوایکرد وەربگێڕدرێتە سەر زمانی فەرەنسی و ئەو فەرمانەیشی بەجێ هێندرا. دواتر چەرچڵ داوایکرد شیعرەکە وەرگێڕنە سەر زمانی تورکیش. پاشان  چەرچڵ گوتی: با بزانین ئەم تێکستە شیعرە لەم سێ زمانەدا ناچار بوو بۆ گوزارشتکردن چەند وشەی بیانی بەکار بهێنێت؟
 دەقە فەرەنسییەکەی شیعرەکەی مەلای جزیری، جگە لە وشەی فەرەنسی، هیچ وشەیەکی تری بیانی تێدا نەبوو. لە دەقە ئینگلیزییەکە، سێ چوار وشەی بەڕەچەڵەك لاتینی هەبوو. لە شیعرە کوردییەکەشدا چوار-پێنج وشەی عەرەبی هەبوو. بەڵام کاتێك هاتینە سەر دەقە تورکییەکە، جگە لە (در) و (ئیلە)یەك وشەی تورکی تێدا نەمابوو! هەندێك لە وشەکانی دەقە تورکییەکە فارسی و بڕێکیان عەرەبی و ئەوانی تریشیان لە زمانە ئەوروپایییەکانەوە وەرگیرابوون!
چەرچڵ هەر چوار لاپەڕەکەی خستە بەردەم ئامادەبوان و گوتی:فەرموون بەڕێزینە، دەوڵەمەندیی ئەو زمانی کوردییە ببینن کە زمانی زگماکی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی وڵاتەکەتانە و ئێوە نکوڵی لە هەبوونی دەکەن!
✹بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر. وەرگێڕانی محەمەد عیزەدین ل 216-218
✹کامەران سوبحان