تەندروستیی عێراق له‌باره‌ى توشبون به‌شێرپه‌نجه‌ زانیاریی ئاشكراده‌كات

تەندروستی

01/11/2022‌ 341 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هاوتەریب لەگەڵ زیادبونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق، ژمارەی حاڵەتەکانی توشبون بەشێرپه‌نجه‌ش لەزیادبوندایە"، ده‌شڵێت:"تێکڕای توشبون بەشێرپەنجە لەعێراق لەچوارچێوەی تێکڕای جیهانییدایە".


سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند، "حاڵەتەکانی توشبون بەشێرپەنجە لەجیهان‌و عێراق بەگوێرەی زیادبونی ژمارەی دانیشتوان لەزیادبوندایە، هەروەها شێرپەنجە هێشتا یەکێکە لە10 هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لەعێراق‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

وتوشیه‌تى:"شێرپەنجە کێشەیەکی جیهانیی ڕوو لەهەڵکشانە، هەرچەندە هێشتا ڕێژەی توشبون بەو نەخۆشییە لەعێراق کەمترە لە 80 حاڵەت لەهەر 100 هەزار کەس لەساڵێکدا".

بەوتەی بەدر، "حاڵەتە تۆمارکراوەکانی شێرپەنجە لەعێراق لەچوارچێوەی تێکڕای جیهانیدایە، بەوپێیەی ژمارەی توشبوان گەیشتۆتە زیاتر لە30 هەزار حاڵەتی تۆمارکراو کە لەئێستادا چارەسەر وەردەگرن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێک لەکێشە سەرەکییەکان ئەوەیە کە حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە زۆر درەنگ دەستنیشاندەکرێن، بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک لای خانمان".

وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستیی داوایکرد، "پشکنینی پێشوەختەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە نه‌گوازراوەکان بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک لەڕێگەی خۆپشکنینیان پشکنین لەناوەندەکانی دۆزینەوەی پێشوەختە ئەنجامبدرێت".