كێ هاوڵاتیه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ى له‌به‌غدا كوشت؟

عیراق

09/11/2022‌ 1099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌ ئه‌منیه‌ دزه‌پێكراوه‌كان، تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییە ئەمریکییە لەبەغدا دراوه‌ته‌پاڵ کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق.


سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەرپرس لەعێراق ئاشکرایکرد، میلیشیای کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی بەرپرسە لەتیرۆرکردنی هاوڵاتییە ئەمریکییەکە لەبەغدا، هەروەک محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستیی ڕوداوەکە پێکهێناوە.

لەو چوارچێوەیەدا ئه‌مڕۆ سێشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی وه‌زیران‌و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەزیری ناوخۆی ڕاسپاردوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەدەزگا تایبەتمەندەکانی ناو وەزارەت‌و لایەنە ئەمنییەکان پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەڕوداوی کوشتنی هاوڵاتیە ئەمریکیه‌كه‌ لەبەغدا.

هەروەک سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەرپرسیش بەتۆڕی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندوه‌، میلیشیای کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی پڕۆسەی تیرۆرکردنی ستیڤن ترۆڵی هاوڵاتی ئەمریکیان لەناوچەی جادرییە کە پێگەی بارەگاکانی میلیشیا شیعییەکانی نزیک لەئێرانی لێیە، ئەنجامداوە.

ڕۆژی دوشەممە 7ی 11ی 2022 هاوڵاتییەکی ئەمریکی بەناوی "ستیڤن ترۆڵ"ی 45 ساڵ کە لەڕێکخراوێکی فریاگوزاریی لەعێراق کاریدەکرد، لەشەقامی پیشەسازیی لەبەغدا لەئەنجامی دەستڕێژی گولە بەسەختی برینداربوو، بەڵام لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.