ڕێکخراوێکی کەنەدی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین هاوکاریی تورکیا دەکات

کوردستان

19/11/2022‌ 6892 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە، ڕێکخراوێکی خێرخوازیی کەنەدی نیازی خۆی پیشانداوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبون بۆ خێزانی چەکدارە سورییەکانی لایەنگری تورکیا لەشاری عەفرینی داگیرکراو بەهاوکاریی‌و هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی تورکیا.


بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو ڕێکخراوە کە ناوی "Human Concern International (HCI)"ی کەنەدییە، ڕێکخراوێکی ناحکومییەو دەیەوێت بەبەهای 2.25 ملیۆن دۆلاری کەنەدی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبون لەشاری عەفرین لەڕۆژئاوای کوردستان بەناوی "گوندی ئەمەل" بۆ خێزانی چەکدارە سورییەکانی لایەنگری تورکیا دروستبکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ڕێکخراوە خێرخوازییە بڕی 1.85 ملیۆن دۆلاری بۆ دروستکردنی 500 خانوو تەرخانکردوە کە هەر خانویەک بڕی 3700 دۆلاری کەنەدی تێدەچێت، هەروەک بڕی 1.25 ملیۆن دۆلاری تریش بۆ دروستکردنی مزگەوت‌و خوێندنگەو پارک‌و یاریگه‌و بازاڕ تەرخانکراوە.

ئەوەش هاتوە، لەم مانگەدا 35 خانوو تەواودەکرێن، بەڵام بەپێی مەزەندەکانی ڕێکخراوەکە تاوەکو کۆمەڵگه‌کە هەموی تەواو دەکرێت ماوەی 12 بۆ  16 مانگی پێدەچێت.

بەوتەی سەرچاوەکان، ژمارەی ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبونانەی لەهەرێمی عەفرین لەلایەن ڕێکخراوە (تورکی، کوه‌یتی، فەڵەستینی‌و قەتەرییەکان)ەوە دروستکراون نزیکەی 18 کۆمەڵگەیە،  کە بەسەر ناحییەکانی (شەران، شێخ حەدید، جەندیریس، بولبول، ڕاجو، گوندی خالیدییە) لەنزیک چیای لیلون لەنزیک شاری عەفرین دابەشکراون.