خەریکە گامێش لەعێراقدا نامێنێت

عیراق

20/11/2022‌ 638 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی فیدراسیۆنی خۆجێیی کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان لەدیالە بەدەزگا ئاشكرایكرد، لەدوای ساڵی 2003 ژمارەی گامێشەکان لەعێراق لەسەدا 80 کەمیکردوە، ئەمەش مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت کە ئەو ئاژەڵە لەعێراق بەیەکجاریی بەرەو لەناوچون بچێت.


ڕەعد تەمیمی سەرۆکی فیدراسیۆنەکە ڕایگه‌یاند، "بەخێوکردنی گامێش لەپارێزگای دیالە پیشەیەکی نوێ نییە، بەڵکو لەدێرزەمانەوە لەناوچەکەدا ئەو ئاژەڵە بەخێوکراوەو لە17 ناوچەی کشتوکاڵیدا بڵاوبۆتەوە، هەروەک سەرچاوە مێژوییەکانیش دەڵێن، زیاتر لە 6 هەزار ساڵ لەمەوبەر گامێش لەعێراق بەخێوکراوە".

تەمیمی باسی لەوەشکرد، گامێش بەخێوکردن سەرچاوه‌ی ژیان‌و داهاتی سەدان خێزانی عێراقیی بوەو ژمارەیەکی زۆر لەبەرهەمەکانی ناو بازاڕەکانی عێراق لەبەخێوکردنی گامێشەوە بەدەستدەهێنرێن.

هەروەک وتویەتی:"بەخێوکردنی گامێش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوەو لە17 کێڵگەی کشتوکاڵییەوە بۆ 3 کێڵگە کەمیانکردوە، ئەمەش مانای وایە لەسەدا 80ی ئەو ئاژەڵە لەدوای ساڵی 2003 لەعێراق کەمیکردوە کە دیارترین هۆکارەکانی بریتییە لەبەرزی خەرجی بەخێوکردنیان‌و کەمی پاڵپشتیی حکومیی‌و بڵاوبونەوەی نەخۆشیی کوشندە لەناویاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، مەترسیی هەیە گامێش لەعێراقدا نەمێنێت، بەتایبەت کە ژمارەکەیان زۆر کەمیکردوەو ئاماژەکانیش بەرەو ئەوەن کە لەداهاتودا دۆخەکە بەرەو خراپتریش دەچێت.

لای خۆیەوە، عەباس سالم حوسێن بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سامانە ئاژەڵییەکانی سەر بەوەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن لەڕێگه‌ی کوتانی دەستکردەوە پەرە بەزاووزێ‌و زیادکردنی ژمارەی ئاژەڵی گامێش بدەن لەعێراق‌و لەمەترسیی لەناوچون بیانپارێزن.

هەروەک خالید فەرتوسی بەڕێوەبەری نوسینگەی یەکێتیی نێودەوڵەتیی بەخێوکردنی گامێش لەعێراق ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ژمارەی گامێش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە، بەشێوەیەک لەحەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ژمارەکە یەک ملیۆن سەر گامێش بوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ کەمتر لە300 هەزار سەر گامێش کەمیکردوە.

و: ئاکۆ ئاڵی