ڕاپرسیه‌ك له‌باره‌ى هه‌ده‌په‌و ده‌میرتاشه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

22/11/2022‌ 2536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجامی ڕاپرسییەک کە دامەرزاوەیەکی بەناوبانگی بواری ڕاپرسیی تورکی ئەنجامیداوە، دەریخستوە کە بەشی هەرەزۆری هاوڵاتیانی تورکیا پێیانوایە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەستبەرداریی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشوی ئەو پارتە نابێت کە ماوەی چەند ساڵە لەزیندانی ئەدرنەدایە.


دامەزراوەی "میترۆپۆل"ی تورکی بۆ لێکۆڵینەوەکە ڕاپرسییەکی ئەنجامداوەو تێیدا پرسیاری ئەوەیکردوە کە ئایا لەدوای ئەو جیاوازییە بۆچونانەی لەماوەی ڕابردودا لەنێوان دەمیرتاش‌و هەدەپە لەبارەی چەند پرسێکەوە دروستبوە، ئایا پارتەکەی دەستبەرداریی ڕێبەرەکەی پێشوی دەبێت، لەئەنجامدا لەسەدا 60.4ی بەشداربوان پێیانوابوە کە هەدەپە دەستبەرداریی دەمیرتاش نابێت.

لەڕاپرسییەکەدا بەو جۆرە پرسیار لەبەشداربوان کراوە"؛ ئایا پێتانوایە پارتی دیموکراتی گەلان دەستبەرداریی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەبێت؟".

بەگوێرەی ئەنجامەکان ڕێژەی ئەوکەسانەی وتویانە "نەخێر" لەسەدا 60.4 بوە، ئەوانەی وتویانە "بەڵێ" لەسەدا 23.2 بوە.

ڕێژەی ئەوانەشی وتویانە هیچ بیرۆکەیەکم نییە/ هیچ وەڵامێکم نییە لەسەدا 16.4 بوە.

بەگوێرەی  پارتەکانیش، 67.1%ی دەنگدەرانی هەدەپە پێیانوابوە کە دەمیرتاش بەتەنها جێنەهێڵراوە، لەبەرامبەردا 31.1%ی دەنگدەرانی ئەو پارتە پێیانوابوە دەمیرتاش "بەتەنها جێهێڵراوە".