توێژه‌رێكى ئێرانى هۆكارى به‌رده‌وامى هێرشه‌كانى ئێران ئاشكرا ده‌كات

کوردستان

24/11/2022‌ 1550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژەرێکی سیاسیی ئێرانیی هۆکاری بەردەوامیی هێرش و بۆردومانەکانی ئێران بۆسەر بنکە و بارەگای هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو هێزانە دەستیان لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی ئێران بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکاندا هەیە و سەدان چەکدارییان بۆ چالاکیی دژ بە هێزەکانی ئێران گەڕاونەتە ناو ئەو وڵاتە.

حەسەن هانی زادە توێژەری سیاسیی ئێرانی لەلێدوانێکدا رایگەیاندووە: زانیارییە دزەپێکراوەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، نزیکەی 1200 چەکداری سەر بە هێزە کوردییەکانی ئێران کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن، لەڕێگای سنوورەوە گەڕاونەتەوە بۆناو ئێران و دەستیان لە هەڵکشانی ئاستی ئاڵۆزییەکاندا هەیە.
هانی زادە ئاشکرایکردووە کە راپۆرتە ئەمنییەکانی ئێران دەریانخستووە کە ئەو چەکدارانە لە 50 بنکەی سەربازیی سەر بە هێزە چەکدارییە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە دەرچوون، کە بەوتەی ئەو ژمارەیەک لەو کەسانە بەچەکەوە دەستگیرکراون و بەشێکیشیان هێشتا لە نانەوەی ئاژاوە و دنەدانی خۆپیشاندانەکاندا بەردەوامن، دەشڵێت ئەو کەسانە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی وەک سی ئای ئەی و مۆدسادەوە راهێنانیان پێکراوە.
هەفتەی رابردووش، لیوا محەمەد تەقی ئەسانلو فەرماندەی بارەگای هەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە لەناو خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە 50 ئەندامی هێزە چەکدارییە کوردییەکانیان دەستگیرکردووە، جگە لەوەی دەستیان بەسەر چەندین بار چەکدا گرتووە کە لەسنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانەوە خەریکی داخڵکردنیان بوون بۆناو خاکی ئێران.
ئەو توێژەرە ئێرانییە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەکو لەناوبردنی یەکجارەکیی هێزە کوردییەکان یان دەرکردنیان لەناو خاکی عێراق هاوشێوەی هێزەکانی موجاهیدیانی خەلق لە ساڵی 2013، لە هێرش و بۆردوومانەکانی بۆسەر بنکە بارەگای ئەو هێزانە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
ئێران هێرش و په‌لامالاه‌كانى به‌چه‌ندین رێگه‌ى جیاوازى ئاسمانى بۆسه‌ر هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وامه‌و باڵیۆزى ئه‌و ووڵاته‌ له‌عێراق ڕه‌تى كرده‌وه‌ ئێران به‌نیازى هێرشى زه‌مینى بێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە