محەمەدى حاجى مەحمود زانیاریی نەبیستراو ئاشکرادەکات

کوردستان

05/01/2023‌ 13084 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سه‌رۆكى پارتى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان زانیاریی نه‌بیستراو له‌باره‌ى قاسم سوله‌یمانیه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "سەرکەوتنی ئێران وایکرد نەفەسێک بۆ خەڵکی کوردستان دروستبێت‌و هێزی پێشمەرگەش لەڕوی چەندایەتی‌و چۆنایەتیەوە زیادبکات".


محه‌مه‌د حاجی مەحمود سه‌رۆكى پارتى سۆسیال دیموكراتى كوردستان له‌میانى مه‌راسیمى سێیه‌مین ساڵیادى تیرۆركردنى قاسم سوله‌یمانى وتارێكى پێشكه‌شكردو باسى لەڕۆڵ‌و پێگەی ئێران لەعێراق كردو زانیاری نەبیستراوى ئاشکراكرد.

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود وتى:"سەرکەوتنی ئێران وایکرد نەفەسێک بۆ خەڵکی کوردستان دروستبێت‌و  هێزی پێشمەرگەش لەڕوی چەندایەتی‌و چۆنایەتیەوە زیادبکات".

له‌به‌شێكى ترى وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكى پارتى سۆسیال دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ى قاسم سوله‌یمانیه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، "حاجی قاسمی سولەیمانی پیاوێكی هەڵکەوتوو و بەتوانا بوو لەکۆماری ئیسلامی ئێران‌و هەر لەپێناو ئەو کۆمارەشدا خەباتیکردو شەهیدیش بوو".

بۆ یه‌كه‌مجار زانیاریی ئه‌وه‌ى ئاشكراكرد كاتێك داعش په‌لامارى هه‌رێمى كوردستانیداو قاسم سوله‌یمانى هاتۆته‌ كوردستان ئه‌و وتى:"حاجی قاسم تەنها کەس‌و دەوڵەت بوو لەکاتی بەرەنگاربونەوەی شەڕی داعشدا، یەکەم کەسبوو لەگەڵ 48 کەسی شارەزای لەبواری چەک‌و تەقەمەنیدا گەیشتنە کوردستان‌و بەرگریکردو دوان لەو 48 کەسەش لەناو مەخمور شەهیدبون".

ئه‌وه‌شى وت:"لەده‌یان شەڕى دیكه‌دا بەدرێژایی سێ ساڵ‌و نیو لەگەڵمان بەشداربوو لەهەر ناوچەیەک پێویستی بکردایە، هاوکاری هێزە سیاسیەکان‌و خەڵکی کوردستانی دەکرد".

لەبارەی پێگەی ئێران لەهەرێم محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود جه‌ختیكرده‌وه‌، "سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ڕۆژانەدابوو کە خەڵکی کوردستان چوارساڵ بوو خەبات‌و تێکۆشانی دەستپێکردبوو، دوا سەرکەوتنی کۆمارەکە لەساڵى 1979، پێش ئەوە ئێمە لەژێر فشارێکی زۆری ڕێککەوتنی جەزائیرو دەیان فشاری تردابوین، لەوکاتانەدا زۆربەی کەسوکاری پێشمەرگە لەخواروی عێراق گیرابون، زۆرێك لەپێشمەرگەی هێزەکانی کوردستان لەبەر نەبونی دکتۆرو بەقوڵی برینداربونیان شەهید دەبون".

زیاتر لەوبارەیەوە وتی:"کاتێك کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکەوتنی بەدەستهێنا، نەفەسێک بۆ خەڵکی کوردستان‌و هێزی پێشمەرگە دروستبوو کە توانرا ببێتە ڕێگەیەک‌و شوێنێکی گرنگ بۆ ئەوەی پێشمەرگە لەدەیان پێشمەرگەوە بۆ سەدان‌و هەزاران پێشمەرگەو لەچەندایەتی‌و چۆنایەتیەوە زیادبکات‌و ببێتە هۆکار بۆ سەرکەوتن‌و هۆکارێک بۆ کردنەوەی ڕێگەی دەرەوە کە پێشمەرگە بریندارو نەخۆشەکانمان چارەسەر وەربگرن، هەموو ئەوانە سەرکەوتن بون بۆ ئێمە".

سه‌باره‌ت به‌پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا تەنها لەڕێگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەنگی خەفەکراوی کورد گەیشتە وڵاتانی دونیا، هەر لەڕێگەی ئێرانیشەوە بریندارەکانیان ناردە دەرەوە بۆ چارەسەر، تائەوکاتەش زۆربەی وڵاتانی دونیا پشتیوانییان لەحکومەتەکەی سەدام دەکرد، واتە کۆماری ئیسلامی ئێران جگە لەپێشوازیکردن لەکۆڕەوی سێ ملیۆنی، توانیی یارمەتیەکی زۆری خەڵکی کورستانیش بدات".

به‌بڕواى سه‌رۆكى پارتى سۆسیال دیموكرات، "پەیوەندیەکانی خەڵكی کوردستان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران هەر هاوکاری شەڕ نەبوە، بەڵکو لەڕوی فەرهەنگی‌و زمان لەگەڵ ئێران نزیکین‌و سنورێکی دورودرێژو زیاتر لە600 کیلۆمەتریمان هەیە، کاتێک خەڵکی کوردستان گه‌شت بۆ وڵاتی ئێران دەکات، ناڵێت دەچم بۆ خاریج، بەڵكو دەڵێت دەچم بۆ ئەودیو، ئەمەش گوزارشت لەپەیوەندیە دورودرێژو مێژویەکانمان دەکات لەگەڵ ئێران".

چ.م