شارپرێس:
بهگوێرهى گرتەیەكی ڤیدیۆیی، ساختەكاری لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تورکیا ئەنجامدەدرێتو كەسێك چەند فۆڕمێكی دەنگدان لەبەرژەوەندی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پڕدەكاتەوەو میدیاى توركیاش گرتهكه دزه پێدهكهنو بڵاویدهكهنهوه.
كاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ، پڕۆسەی دەنگدان لەباکوری کوردستانو شارەکانی دیکەی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیو پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد، سهربارى دەستێوەردانی سوپاو هێزە ئەمنییەكان لەپڕۆسەی دەنگداندا، لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت هاوڵاتییەك چەندین فۆڕمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پڕدەكاتەوەو دەنگ بەڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار دەدات.
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا هەریەك لەكەمال كڵیچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپیەمانی میللەتو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار لەكێبڕكێیەكی تونددانو بەپێی ڕاپرسییەكانیش كڵچدار ئۆغڵو براوەی ئەم هەڵبژاردنە دەبێت.
بەوتەی سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا 600 هەزار ئەندامی سوپاو هێزە ئەمنییەکان بڵاوكراونەتەوە، بەڵام سوپاو هێزە ئەمنییەكان دەستێوەردان لەدەنگداندا دەستپێكردوە، بەتایبەت لەناوچە كوردییەكان.
لەشارەكانی شرناخو جزیرەو هەزاو ئامەد، سوپای توركو هێزە ئەمنییەكان بەزەبری هێز خەڵك دەبەنە ناو بنكەكانی دەنگدانەوە، بۆئەوەی بەبێ بەڵگەنامە دەنگی پێبدەن.
بەگوێرهى یاسای هەڵبژاردن هەركەسێك بەشداریی دەنگدان دەكات، دەبێت بەڵگەی دەنگدان ڕادەستبكات، بەڵام هێزە ئەمنییەكانو سوپا بەڵگەكان ڕادەستناكەن بۆئەوەی چەندجارێك دەنگ بدەن.
پڕۆسەی دەنگدان بۆ ماوەی نۆ کاتژمێر درێژەی دەبێتو لەکاتژمێر 5ی ئێوارە کۆتایی بەدەنگدان دێتو لەهەر 81 پارێزگاکەی تورکیا پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێتو 64 ملیۆنو 113 هەزارو 941 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لەناوخۆی تورکیا 60 ملیۆنو 697 هەزارو 843 كەس مافی دەنگدانیان هەیەو سێ ملیۆنو 416 هەزارو 98 کەس لەدەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە، كە لەكۆتایی مانگی ڕابردوەوە دەستیان بەدەنگدان كردوە.
