كورد لە دۆخی جەنگێكی بێكۆتایی دایە

مەلەفی تایبەت

12/08/2023‌ 1501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئارام رەفعەت


بەگوێرەی سایتی "زە نیو ئەرەب" لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا توركەكان ٦٦٥ هێرشی ئاسمانی (درۆن، هێلیكۆپتەر، فرۆكە)یان كردۆتە سەر باشور و رۆژئاڤای كوردستان. واتە، لە مانگێكدا ١١٠ هێرش و لەرۆژێكیشدا نزیكەی چوار هێرش.

قوربانی ئەم ٦٦٥ هێرشە سەدان گەریلا و شەرڤان و بەرپرسانی ئیداری و هاوڵاتیانی سڤیلن لەهەردوو پارچەكەی كوردستان.

هەڵبەت سایتەكە نە ئەو كوشتارەی هەژمار كردووە كە توركەكان لە رێگای تۆپباران و  ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكانییانەوە ئەنجامییان داوە، وە نە ئەو تیرۆرە فراوانەی میت و بەكرێگیراوەكانییشان.

هەریەك لە رۆژاڤا و باشوری كردۆتە یەك پارچە زۆنی جەنگ و ناوچەی موحەڕەمە. ئەم جەنگە لە تەلرەفعەتی هەرێمی شەهبا و   كۆبانێ و قامیشلۆ و دێركی رۆژاڤاوە درێژ دەبێتەوە بۆ بادینان و پشدەر و بیتوێن و  گەرمیان و پێنجوێن و شارباژێڕ.

ئێستا باشور و رۆژاڤا وەك ئەمری واقیع بوونەتە گۆڕەپانی جەنگێكی سامناك. سامناكی ئەم جەنگە هەرلەوەدانییە كە جەنگێكی نەبڕاوەی بێ كۆتاییە، هەر لەوەشدا نییە كە جەنگێكی یەكلایەنەی توركییە بەسەر كوردا سەپاندوویەتی، بەڵكو لەوەشدایە كە نە كورد ئامادەیە بۆ ئەو جەنگە و نە لەپرۆسەی خۆ ئامادەكردنیشدایە بۆ ئەو جەنگە. هەر ئەوەنا، سامناكییەكە لەوەدایە، كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی جۆرێك لە تێگەییشتن و رەزامەندی لەسەر ئەم جەنگەی توركەكانی دژی كورد هەیە.

 سامناكییەكە لێرەدا كۆتایی نایەت، زۆرێك لە هێز و لایەنە كوردییەكان، لەهەردوو حیزبە دەسەڵاتەكان، لە هێز و لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات و لە رۆژاڤاش لایەنەكانی سەر بە ئەنەكەسە، لە ئاستی جۆراوجۆر هاوكاری توركەكانن لەم جەنگەیاندا دژی كورد.
ئەم هاوكارییە جا چ بێدەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێم و سەرۆك و وەزیر و پەرلەمانتاركانی بەغدایان بێت، یان چاوپۆشین و سزانەدانی كرێگرتە و جاسووسەكانی تورك لە باشور بێت یان جۆرێك لە جۆرەكان هاوكاری لۆجیستی و ئیعلامی و تەنانەت هەواڵگری بێت، دەستی توركەكان لەم جەنگەیاندا دژی هەریەك لە باشور و رۆژاڤا ئاوەڵاتر دەكات و سەرەنجام جەنگ و شەڕەنگێزییەكانییان فراوانتر و درێژخایەنتر دەكات.

مەترسییەكە هەر لێرەدا كورت نابێتەوە، مەترسییەكە لەوەدایە كە، لانی كەم لەباشور، هێشتا كۆمەڵگای كوردی هەست بەوە ناكات كە جەنگێكی بەسەردا سەپێنراوە و دۆخی جەنگیدا دەژیت.
بەواتایەكی تر، كۆ وشیاری كۆمەڵگای كوردی هێندە سنووردار و بەلارێدا بڕاوە، كە پەی بەو ئاگرە نابات كە خەریكە دەیكاتە سووتەمەنی. لەوەش خراپتر، بەشێكی زۆری كۆمەڵگای كوردی وا تێگەیەنراوە كە جەنگەكە دژی گەریلا و شەرڤانانە و باشوری كوردستان ئامانجی ئەم جەنگە نییە.

توركەكان دەیانەوێت بە گڕی ئاگری جەنگێك هەریەك لە باشور و رۆژاڤا بسووتێنن. ئاگرێك كە زیاتر لە ئاگری دارستانەكان دەچێت. سرووشتی ئاگری دارستانەكان ئاوایە كۆنترۆڵكردن و كوژاندنەوەی ئاگرەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە خەڵكەكە چەندە بەرپسیارێتی هەڵدەگرێت و رووبەڕووی ئاگرەكە دەبێتەوە. بەپێچەوانەشەوە، تەشەنەكردن و فراوانبوونی ئاگرەكە و زیان و قوربانییەكانیش پەیوەستە بەوەی چەندە خەڵك پشت لە بەرپرسیارێتی دەكات و خۆی لە ئاگرەكە نەبان و گێل دەكات.

جەنگی وێرانكەری توركەكانیش دژی كورد هەمان سرووشتی ئاگری دارستانی هەیە، تەنها و تەنها بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاگرە كورد دەتوانێت بیوەستێنێت.

لێرەدا مەبەست رووبەڕووبوونەوەی چەكداری نییە. بەڵكو رووبەڕووبوونەوەی جەماوەری فراوانە. ئێمەی باشوری لە ٢٠٠٧دا ئەزموونێكی سەربەرزانەمان هەیە لەم رووەوە. توركەكان لەوكاتەدا، هەڕەشەیان دەكرد كە لەماوەی ٢٤ سەعاتدا تا كەركوك راناوەستن. ئەوسا سەرجەم شارە گەورەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك خرۆشان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هاتە سەر خەت و توركەكان پاشەكشەیان كرد و بێدەنگ بوون.

باشور لەناوجەنگی توركەكاندا لە چاوەڕوانی مەرگی خۆیدایە، لە بێدەنگی و بێدەربەستی ئێمەدا ئەو جەنگە فراوانتر و ئەو مەرگە نزیكتر دەبێتەوە. كاتی ئەوە هاتووە بڵێین "ئیتر بەسە"
تێبینی:
سایتەكە ئەم داتایانەی لە هەردوو رێكخراوی
 Armed Conflict Location and Event Data Project