شارپرێس:
تا دێت جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روونتردەبێتەوە و بەپێی سەرچاوەكان ئەگەری بەهێز هەیە بەمنزیكانە سوپای ئەمریكا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە سووریا دەستپێبكات.
بەپێی زانیارییەكان، سوپای ئەمریكا ئامانجیەتی لە بنكەی تەنەفەوە كە لەسەر سنووری ئوردن و عێراق و سووریا هەڵكەوتووە تا ناوچەكانی ژێر دەستی هەسەدە بەدرێژایی سنووری عێراق و تا هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵ بكات.
ئەم ناوچەیەی ئەمریكا خوازیاری كۆنترۆڵكردنیەتی لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێرانەوە كۆنترۆڵكراوە، بۆیە ئەوانیش لەئامادەكاریدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی ئەمریكا.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وەتەنی سووری كە پشتی بەچەند سەرچاوەیەكی عێراقی بەستووە، بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق كە لەژێر دەستی ئەمریكییەكاندایە بەرنامەی هەیە سنووری عێراق و سووریا دابخات.
چەند فەرماندەیەكی سەربازی و ئەمنی لەبارەی ئەو جموجۆڵانەوە دەڵێن: هەرچەندە سنوورەكانی نێوان سووریا و عێراق ئارامن، بەڵام ئەمریكا جموجۆڵێكی چڕی هەیە، جوڵەی فڕۆكەی شەڕكەر و چاودێریی لەسنوورەكانی خۆرئاوای عێراق هەیە.
هەروەها ئەوەشیان ئاشكراكردووە، كاروانێكی گەورەی سەربازی لە بنكەی عەین ئەسەدەوە چووەتە بنكەی تەنەف لەسووریا، ئەوەش لەچوارچێوەی پلانێكی نادیاری ئەمریكادایە.
لەرۆژی چواری ئابی 2023 ئیگۆر سوپووتین لەگوتارێكدا لە رۆژنامەی نیزاڤیسیمایا گازیتادا ئاشكرایكرد كە واشنتن پلانی وەشاندنی گورزێكی توندی لە هێزە شیعەكانی سەر بە عێراق هەیە.
لەوبارەیەوە ئەنتوان مارداسۆڤ شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ رۆژنامە رووسییەكەی روونكردووەتەوە، ئەمریكا و رووسیا گۆڕەپانی سووریا لە دژی یەكدی بەكاردەهێنن هاوكات لەگەڵ ململانێكانی ئۆكرانیادا.
ماوەیەكە ئەمریكا دەستی بە چەكداركردنی خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی خۆرهەڵاتی رووباری فوڕات كردووە و دوای مەشق و راهێنان لە ریزەكانی هەسەدەدا رێكیان دەخات.
لەبارەی هەڵوێستی هەسەدە لەبەرامبەر هێرشی سەر گرووپەكانی سەر بە ئێران و سووریا، لەحاڵێكدا كە لە چەند بەرەیەكی هاوبەشدان لە هێڵەكانی تەماس لەگەڵ سوپای توركیا، بەپێی سەرچاوەكان هەسەدە خوازیاری شەڕ نییە لەگەڵ لایەنەكانی نزیك لە ئێران، بەڵام ئەگەر ئەمریكا فەرمانی هێرشبكات هەسەدە ناچارە بەشداری شەڕ بكات.
بەڕای شارەزایانی كاروباری سووریا، ئامانجی ئەمریكا لەم پلانە نوێیەیدا یەكەم لێدانە لەبەرژەوەندییەكانی ئێران و دووهەم رووسیا، هەروەها سنووردانانە بۆ ئەو گرووپانەی بەناوی بەرگری میلییەوە لەلایەن دیمەشق و تارانەوە لەدژی هێزەكانی ئەمریكا دەجەنگن، چونكە دیمەشق خوازیاری شەڕی راستەوخۆ نییە لەگەڵ ئەمریكا، بەڵكو خوازیارە لە رێگای ئەو گرووپانەوە هەوڵی دەركردنی ئەمریكییەكان بدات.
لەلایەكی دیكەوە ئەمریكا خوازیارە پێگەی خۆی لە سووریا بەهێزبكات، ئەو پەیامەدا بدات، كە ئەو سووریا چۆڵناكات، دەشیەوێت لەگەڵ رێگای هۆز و لایەنی دیكەوە لەپاڵ هەسەدەدا پێگەی سەربازی خۆی لەناوچەیەكی جوگرافی جێ بایەخی وەك رۆژهەڵاتی فوڕات بەهێز بكات.