شارپرێس:
ئەمینداری گشتیی پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە زانیاریهكى گرنگ لهبارهى سهردانهكهى وهفدى باڵاى یهكێتى بهسهرۆكایهتى ئهو حزبه بۆ تاران ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "ئەو ماوەی ماوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانو بەغدا ناتوانن ڕێککەوتنەکەیان لهبارهى چهككردنى حزبهكانى ڕۆژههڵاتى كوردستان جێبەجێبکەن"، دهشڵێت، "بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە سەردانی ئێرانیان كردوه".
فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسیی وتویەتی، "بەگوێرەی ئەوەی ڕاگەیەندراوە، ڕێککەوتنی چەکداماڵینی لایەنو گروپە بەرهەڵستکارەکانی ئێران کە دەکەونەسەر سنوری عێراقو ئێرانو بارەگاکانیان دەکەوێتە هەندێک شاری نزیک سلێمانیو شنگالو هەولێرو ناوچەکانی دیکە، ئەم ڕێککەوتنە لەنێوان هەولێرو تاران بەجیا ئەنجامنەدراوە، بەڵام لەڕێگەی شاندێکی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ ئێران ئەنجامدراوەو مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە لەکاتی خۆیدا ئاشکرانەکراون".
هەروەک دەڵێت، "لەمدواییانەدا، بەرپرسانی سەربازییو دیپلۆماسی لەوەزارەتی دەرەوەی ئێران چەند لێدوانێکیان هەبوە، بەوەی دەبێت ئەو پارتە کوردییانە بەر لەتەواوبونی ئەو ماوەیەی دیاریکراوە کە 19ی مانگە، لەچەکدابماڵرێنو بارەگاکانیان لانیکەم 100 کیلۆمەتر لەسنورەکانی ئێرانەوە دوربنو لەکهمپو ناوچەی ژێر پارێزگاری حکومەتی ناوەند نیشتەجێ بکرێن".
ئەمینداری پێشوى وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردوە، کێشەی ئێستا ئەوەیە کە ئەو وادەیەی ماوە تەنها 9 ڕۆژە، لەکاتێکدا هیچ هەواڵێک نییە لەسەر بونی هیچ کەمپێک یان کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبون لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵیو حکومەتی هەرێم یان نەتەوەیەکگرتوەکان کە ئامادەبێت بۆ پێشوازییکردن لەم چەکدارانە ئەگەر پرۆسەی چۆڵکردنیانو گواستنەوەیان بۆ ئەو ناوچانە تەواوبوو".
دەشڵێت، "حکومەتی فیدراڵییان حکومەتی هەرێم چۆن دەتوانێت لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بەبارەگاو ناوچەی جوگرافیای جیاوازەوە لەچەکداماڵن، کە هەندێکیان بەدرێژایی سنوری عێراقو ئێران هەڵکەوتون کە درێژییەکەی نزیکەی زیاتر لە 700 کیلۆمەترە، جگەلەوەش هەندێک لەحزبەکان بارەگایان نزیکە لەشارەکان لەسلێمانی، هەولێر، قەزای سۆرانو ناوچە جیاوازەکانی تر هەیە".
سکرتێری وەزارەتی پێشمەرگە دوپاتیکردۆتەوە کە مەحاڵە حکومەتی فیدراڵییان حکومەتی هەرێم هەموو ئەو لایەنە کوردییە بەرهەڵستکارانەی ئێران لەچەکدابماڵن، ئەمە جگەلەوەی هەموو ئەو لایەنانە ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان تەسلیم بکەنو بیانگوازنەوە بۆ کەمپەکانی دور لەسنور، بەڵام بەشێک لەو لایەنانە ڕایانگەیاندوە، پابەنددەبن بەدەستپێنەکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە دژی خاکی ئێران.
لەکۆتاییدا دەڵێت، "پێموایە ئەو ماوەی ماوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانو بەغدا ناتوانن ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکەن، بەڵام دانوستانو سەردانی بەرپرسانی ئێرانیی بۆ بەغدا بۆلای بەرپرسە سەربازییو ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵو هەرێم هەیە، جگەلەوەی بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە سەردانی ئێران دەکەن".
