شارپرێس:
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایانکرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندیی لەسەر لێخۆشبونێک دەربڕیوە بۆ لابردنی قەدەغەی سەر حەواڵەکردنی 6 ملیار دۆلاری پارەی بلۆککراوی ئێرانیی لەبانکەکانی وڵاتی کۆریای باشور بەرەو بانکەکانی وڵاتی قەتەر.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردۆتەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ئەم لێخۆشبونەوەی دەرکردوە، بەڵام دوشەممەى ئهم ههفتهیه (بەکاتی ئەمریکا) ئاگاداریه فەرمییەکەی بۆ کۆنگرێسی وڵاتەكهى ناردوە.
بەگوێرهى ئەو زانیاریانهى کە ئەسۆشێتد پرێس بڵاویكردۆتهوه، مۆڵەتی گواستنەوەی شەش ملیار دۆلار لەپارە بلۆککراوەکانی ئێران لەکۆریای باشورەوە بۆ قەتەر، بەپێی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەنێوان تارانو واشنتۆن دەرچوە.
ئاژانسەکە هەروەک دەڵێت، "بەپێی ئەم لێخۆشبونە، بانکە نێودەوڵەتییەکان بێ ترس لەپێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا دەتوانن پارە بلۆککراوەکانی ئێران لەوڵاتی کۆریای باشور بۆ بانکەکانی وڵاتی قەتەر بگوازنەوە، بەمەش ئیدارەی بایدن ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئازادکردنی پێنج هاوڵاتی دەستگیرکراوی ئەمریکی لەگرتوخانەکانی ئێران".
ئەوەش هاتوە، "بۆ یەکەمجارە ئەمریکا بەشێوەیەکی فەرمیی ڕایدەگەیەنێت کە وەک بەشێک لەڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ئێران، پێنج زیندانی ئێرانیش ئازاد دەکات".
