شارپرێس:
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند "بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەكەین كە شەهیدبوون و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە".
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا دەڵێت " ئەم كردەوە تاوانكارییە بەئاشكرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە كە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە".
دەشڵێت "لەبەرامبەر چەندبارەبوونەوەی ئەم پێشێلكارییە، ئەركی هەموولایەنە سیاسییەكانی هەرێمە پێكەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین".
ئاماژە بەوەش دەكات "داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەكەین و داوا لە حكومەتی عیراقیش دەكەین كە ئەركی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاك و ئاسمانی عیراق بە كوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلكارییانە نەدرێت. داوا لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە".
