شارپرێس:
دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بەهۆی درێژكردنەوەی نایاسایی وادەكەی كە چەند ساڵێكە تەواوبووە، بەوەش هێندەی دیكە هەرێمی كوردستان كەوتە بۆشایی یاساییەوە.
بەو بڕیاڕە ئەنجومەنی پارێزگاكان چووە پاڵ پەرلەمانی كوردستان، كە چەند مانگێك لەمەوبەر بە بڕیاڕێكی هاوشێوەیەو بەهەمان هۆكار، دادگای ناوبراو لەكاری خست.
زۆربەی جار هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بۆ ناكۆكی سیاسی و بۆشایی یاسایی و دەستوری دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام ئەوانەی ئاگاداری بارودۆخی ناوخۆی هەرێمن دەڵێن، ئیرادەیەكی سیاسی راستەقینە نیە بۆ پابەندبوون بە كاتەكانی هەڵبژاردن.
ڕۆژنامەی ئەلعەرەب لەوبارەیەوە دەڵێت پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان, رۆڵێكی ئەوتۆیان نیە لەبڕیاڕە سیاسیەكان و جێبەجێكردنیان، بەوپێیەی هەرێم لەلایەن دەستەبژێرێكی دیاریكراو لە سەركردایەتی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە بەڕێوەدەبرێت.
عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، رایگەیاندووە: بڕیاڕەكەی دادگا دەمانخاتە بەردەم بۆشاییەكی یاسایی و نازانین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیاڕەكە بكەین.
ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كوردستانی عێراق، دۆخێكی لەبار بۆ سەركردایەتی هەرێم دەڕەخسێنێت، كە رەنگە ئەو دەسەڵاتانە جۆرێك لەكێشەیان بۆ دروستبكات ئەگەر سنورداریش بێت، وێڕای ئەوەی هەڵبژاردن رەنگە هەندێك ناڕازی بهێنێتە ناو ئەو دامەزراوانە، وەك ئەوەی لە خولەكانی رابردودا رویداوە.