سەكۆی ئەلیكترۆنی بووەتە ناوەندی ساختەی راكێشانی دۆلار

عیراق

27/09/2023‌ 863 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لیژنەی دەستپاکیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتیکردۆتەوە کە پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی پێدانی دۆلار بەگەشتیاران، لەجیاتی کەمکردنەوەی گەندەڵیی بووەتە جۆرێک لەجۆرەکانی گەندەڵیی.

ئەحمەد روبەیعی ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی بۆ پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بووەتە جۆرێک لە گەندەڵی، چ ڕاستەوخۆیان ناڕاستەوخۆ"، هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد کە "چەندین لایەن لەو گەندەڵییەدا بەشدارن، کە لە بانکی ناوەندییەوە دەستپێدەکات، بەوپێیەی جوڵەی پارە لەلایەن ئەو بانکەوە دەردەچێت، تا دەگاتە کۆمپانیا گەشتیارییەکان کە پاسپۆرت و بەڵگەنامەی گەشت وەردەگرن بۆ مەبەستی حجزکردنی بلیتی فڕۆکە یان ڤیزەی سەفەر، هەروەها کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە دۆلار دەدەن بەو کەسانەی کە گەشت ناکەن”.

هەروەک دەڵێت: سکاڵایەکی زۆر لەلایەن ئەو هاوڵاتیانە کراوە لە بلیتی گەشتکردنیان کڕیوە و گەشتیان نەکردووە، سەرەنجام یاریی بە مامەڵەکان کراوە و لەڕێگای بەڵگەنامەی ئەوکەسانەوە دۆلار لە سەکۆی ئەلیکترۆنیی راکێشراوە .

ڕوبەیعی هەروەک دەڵێت: لیژنەکەیان نووسراوی فەرمیی ئاراستەی بانکی ناوەندیی و دەستەی دەستپاکیی کردووە بەئامانجی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی شەفاف و ئاستبەرز لەسەر ئەو دۆسیەیە کە مەترسیی لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی بەناوی ئەوانەوە دۆلار رادەکێشرێت درووستکردووە و رەنگە بەوهۆیەوە بەملیاران دینار باج بەسەریاندا بسەپێنرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی