شارپرێس
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، سبەینێ لە سنوری پارێزگای سلێمانی پشووە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لەسەر ڕاوێژو بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان؛ سبەی پشووی فەرمیی دەبێت.
هاوکات پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندووە، بەپێی ئەو پێشبینیی و ئاماژانەی لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێمانگەیشتوون؛ ئەگەری بارانی زۆرو بەخوڕ هەیە، هەموو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیمان ڕاسپاردووە وەک هەمیشە؛ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا دەڵێت،. دەسەڵاتمان بەخشیوەتە هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگاکەمان؛ کە لە هەر دۆخێکی پێویستدا، بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکەیان و ئەو دۆخانەی دێنە پێشەوە، بەڕاوێژو هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنورەکەیاندا؛ بڕیاری پێویست لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بدەن.
دەشڵێت، داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، هاوکارو هەماهەنگی فەرمانگەو تیمە خزمەتگوزاریی و فریاگوزارییەکاندابن و پابەندی ڕێنماییەکانی شارەوانیی و هاتوچۆو بەرگریی شارستانیی و لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکانی تردابن.
لەئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی نوێی باران بارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینیدەکرێت لەهەندێک ناوچە ئاستی ئاو بەرزبێتەوە و لافاو درووست بێت.