نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى 700 ملیاره‌كه‌وه‌.. حكومه‌ت هاته‌ده‌نگ

لە میدیاکانەوە

20/11/2023‌ 4067 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم دوو واده‌ بۆ گه‌یشتنى 700 ملیاره‌كه‌ى به‌غدا بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ئاشكراده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان مەسرور بارزانی‌و محەممەد شیاع سودانیدا هەیە بۆ ناردنی موچەی سێ مانگی دیکە".


وتەبێژی حکومەتی هەرێم واده‌ى گه‌یشتنى 700 ملیاره‌كه‌ى به‌غدا بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌ردوو سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌رده‌وام له‌په‌یوه‌ندیدان بۆ ناردنى سێ موچه‌ى مانگه‌كانى (10، 11و 12)ى ئه‌مساڵ".

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "حکومەتی هەرێم نوسراوی فەرمیکردوە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت، داوای تەرازوی پێداچونەوەیان کردبوو، ئەمڕۆ تەرازوی پێداچونەوەیان بۆ نێردراوە".

هه‌ورامانى له‌ڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌پارتیه‌وه‌ وتویه‌تى، "ئەوەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێم بوە بۆ دابینکردنی موچەو ناردنی 700 ملیارەکە، جێبەجێی کردوە، بۆیە بەپێی وادە دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم".

ئه‌وه‌شى وت، "پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان مەسرور بارزانی‌و محەممەد شیاع سودانیدا هەیە بۆ ناردنی موچەی سێ مانگی دیکە (مانگەکانی 10، 11و 12)ی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان‌و بەدوای ڕێگەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی مافەکانی موچەخۆرانی هەرێم پێشێلنەکرێن‌و لێکتێگەییشتنی باش لەنێوان هەردولا هەیە".

به‌وته‌ى پێشەوا هەورامانی، "لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئێمە بەدوای ئەوە ناگەڕێین موچەی مانگ‌و دوو مانگمان بۆ بنێرن، دەمانەوێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوەو کۆتایی پێبهێندرێت؛ نەک مانگانە دوو سێجار وه‌فد بچێت تاوەکو موچەی مانگێک بنێرن".