داوا له‌مه‌سعود بارزانى ده‌كرێت سه‌ردانى به‌غدا بكات‌و كوردیش له‌په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت بكشێته‌وه‌

کوردستان

09/12/2023‌ 12008 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیه‌كى پێشوی یەکێتی په‌یامێك ئاراسته‌ى مەسعود بارزانی سه‌رۆكى پارتى دەكات كه‌ خۆی بچێت بۆ بەغدا بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه‌ى ئێستاى نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا، ده‌شڵێت، "گەر ڕێككەوتن ناكرێت، با كورد لەحكومەت‌و پەرلەمان بكشێتەوە"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "به‌غدا بەم سیاسەتەی، دەیەوێ فڕۆكه‌خانه‌ى هەولێریش به‌دەردی ئه‌وه‌ى سلێمانی ببات‌و فڕۆكه‌خانه‌كه‌ى به‌یه‌كجارى دابخه‌ن‌و پەیوەندی هەرێمیش به‌دەرەوە به‌ته‌واوى ببڕن".


به‌هرۆز گه‌ڵاڵى سه‌ركرده‌ى پێشوى یه‌كێتى له‌وتارێكدا كه‌ تایبه‌ت بۆ شارپرێسى ناردوه‌و له‌به‌شى قه‌ڵه‌م بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "هه‌موو ڕۆژ لێدان له‌مه‌تارى هه‌ولێرو هه‌ریر، ته‌نها لێدان نییه له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا، به‌ڵكو سیاسه‌تێکی دوژمنانەی (پشتی پەردەی) حکومەتی ئێستای به‌غدایە، لێدانی ڕاستەوخۆی هەرێمەکەمانەو لێدانیشە له‌سیاسه‌تى کوردی، هەموو ڕۆژ پەلاماردانی هەولێر لەلایەن ئەم گروپانەوە به‌غدا بەم سیاسەتەی دەیەوێ مه‌تاری هەولێریش به‌دەردی مەتاری سلێمانی ببات، مەتارەکەی هەولێریش به‌یه‌كجارى دابخه‌ن، پەیوەندی هەرێمیش به‌دەرەوە به‌ته‌واوى ببڕن".

گه‌ڵاڵى نوسیویه‌تى، "سەرکردایەتی کورد بەتایبەتی کاک مەسعود بارزانی، هەقە ئەم ئیهانه‌ی بەغدا چیتر قبوڵنه‌كات یان به‌ته‌واوى له‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی به‌غدا كورد بكێشتەوه یان خۆیى‌و سه‌ركردایه‌تى كورد بڕۆن بۆ به‌غداو قسه‌ى جدى كوردیان لەگەڵ بكات‌و چیتر ئه‌م ئیهانه‌كردنه هه‌موو ڕۆژێ به‌کورد قبوڵنه‌كات".

سه‌ركرده‌كه‌ى پێشوى یه‌كێتى ده‌ڵێت، "پرسیارێك ده‌كه‌م ئایا به‌رژه‌وه‌ندیى‌و هێزى ئه‌مریكا، به‌س له‌هه‌ولێرو ده‌وروبه‌رى هه‌ولێرو فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ریر هه‌یه؟ تائه‌و هێزانه‌ى كه له‌پشتى حزبه‌كانى ناو په‌رلەمانی عێراقن بەشیعەو سونەوە هه‌موو ڕۆژێ درۆن‌و داعش بنێرنە سەر پایتەختی هەرێم‌و سنورەکانی هەرێمی کوردستان؟ بەڕای بەندە نەخێر، به‌ڵكو به‌غدا لەڕێگه‌ی ئەم گروپانەوە ده‌یه‌وێ به‌به‌هانه‌ى بونى هێزى ئه‌مریكا له‌هه‌ولێرو هه‌ریر، هه‌رێم‌و حكومه‌ته‌كه‌ى زیاتر له‌قاڵب بدات! بگره گه‌ر بۆى بكرێت هەرێمیش هه‌ر نه‌هێڵێ".

باسى دادگاى فیدراڵى كردوه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "ئه‌وه‌تا دادگاى فیدراڵى په‌كى پەڕله‌مانه‌كه‌ى خستوین‌و حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌له‌لكردوین‌و نه‌وته‌كه‌ى ڕاگرتوین (گه‌رچى من قه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته فاشیله‌ى ئابورى سه‌ربه‌خۆ نه‌بوم‌و ناشبم، هه‌ر له‌بیدایه‌ته‌وه‌ له‌دژى وه‌ستامه‌وه، سیاسه‌ته‌كه‌ى منیش ده‌رباره‌ى فرۆشتنى نه‌وت لەئەنجامدا دروست ده‌رچوو) بێگومان زۆریش نه‌ماوه دادگاى فیدراڵی بڕیارێك ده‌ربكات‌و بڵێ كاك مه‌سعود بارزانیش ده‌بێ له‌سیاسه‌ت دوربكه‌وێته‌وه‌و هێزێکیش لەدژی سه‌ركرده‌كانى ئه‌مڕۆى یه‌كێتیش ڕاستبكاته‌وه، به‌ڕاستی نازانم، پارتى به‌پشتیوانى خه‌نجه‌رو حه‌لبوسى، یه‌كێتیش به‌پشتیوانى خه‌زعه‌لى‌و ڕه‌ییان كلدانى به‌وانه ده‌مانه‌وى هه‌رێم بپارێزن".

ئه‌وه‌شى به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، "پێویستە بێتەوە بیرمان جاران مام جه‌لال‌و كاك مه‌سعود مه‌رجه‌عى نەتەوەیی‌و ته‌نانه‌ت عێراقیش بون‌و له‌به‌غدا، دانوستانیان بۆ كوردو عه‌ره‌ب‌و بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراقیش ده‌كرد؟ که‌چی ئه‌مڕۆ دادگاى فیدراڵى بۆته مه‌رجه‌عى كورد، دانوستانکارەکانیشمان له‌نێوان كوردو به‌غدا ئەمڕۆ بۆتە هەندێ فەرمانبەری پلە سێ، له‌سەرۆکایەتی وەزیرانی هه‌رێم ئەرێ ئەمە چ سیاسەتێکە؟ ئەرێ لەخۆمان نەپرسین داخوا کێشەکەمان بۆ دواوە نەگەڕاوەتەوە؟".

هه‌روه‌ك جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "بەڕاستی كاتى ئه‌وه‌یه كاك مه‌سعود بارزانى جوڵەیەك بکات‌و بڕواته به‌غداو دوو قسه‌ى جدى له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات، حكومه‌تى به‌غدا له‌سەر سێ پایە وەستاوە، شیعەو سونەو کورد، لەگەڵیان رێککەوت زۆرباشەو پیرۆزە، ڕێکیش نه‌کەوت با بڕیارێکی جەسورانە بدەن‌و كورد لەسیاسەتی بەغدا بکشێتەوەو با لەحکومەت‌و پەڕلەمان بینە دەرەوە، کۆتایی دونیاش نایەت! بابزانین بەبێ کورد بەغدا دەتوانێ چی بکات؟ چونكه حكومه‌تى ئێستای به‌غدا، به‌ده‌ستى (ئه‌م وڵات‌و ئه‌و وڵات ) دەجوڵێ!".

له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا گه‌ڵاڵى جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "پێموایه حكومه‌ته‌كه‌ى سودانى له‌هه‌موو حكومه‌ته‌كانى تر به‌رامبه‌ر كورد خراپتره، چونكه ئه‌وانى تر به‌ئاشكراو به‌دزى دژمان بون، كه‌چى سودانى به‌هێمنى‌و له‌سه‌رخۆ به‌هۆى ئه‌م دادگا نادروسته به‌كه‌یفى خۆى كورد له‌مافه‌كانى خۆى بێبه‌رى‌و بێبەشده‌كات، خۆی وەک دۆست نیشاندەدات، به‌ڵام دڵنیام ئەجێندای ئیتار جێبه‌جێدەکات، ئەی باشه بۆ نایه‌ت ماده‌كانى په‌یوه‌ست به‌ته‌عریب جێبه‌جێبكات؟ بۆ نایه‌ت كێشه‌ى پێشمه‌رگه چاره‌سه‌ر بكات؟ بۆ هه‌موو ڕۆژ ده‌رباره‌ى موچه گاڵته به‌كورد ده‌كات؟ پێموایە ئەم حکومەته‌ى ئێستاى به‌غدا خراپترین کابینەیە تاکو ئەمڕۆ به‌رامبەری کورد، چونکە ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی‌و شیعە دەربارەی هه‌رێم جێبه‌جێده‌کات".