8 تۆن مادەی هۆشبەر ده‌ستى به‌سه‌رداگیراو له‌ناوبرا

عیراق

10/12/2023‌ 2607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشکرایکرد، تەنها لەماوەی ئەمساڵدا بڕی 8 تۆن مادەی هۆشبەرو 58 ملیۆن حەبی هۆشبەریان لەناوبردوە.


ساڵح مەهدی حەسناوی وەزیری تەندروستیی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ئاشكرایكردوه‌، "لەماوەی یەک ساڵدا نزیکەی (8) تۆن مادەی هۆشبەرو (58) ملیۆن حەبی مادەی هۆشبەرو (31) هەزار ئەمپۆلی مادەی هۆشبەرو (9) هەزار کوپ لەناوبراون".

باسی لەوەشکردوە، پڕۆسەی لەناوبردنەکە لەسوتێنەری پزیشکی دادوەرییدا ئەنجامدراوە، پلەی گەرمیی دەگاتە بەرزترین پلە بۆ سوتانی تەواو، بەجۆرێک گەرما دەیتوێتەوەو دەیشکێنێت‌و تایبەتمەندییە مادە هۆشبەرەکانی لێ دەسەنێتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەماوەی ڕابردودا ئاشکرایکرد، ژمارەی ئەوکەسانەی لەماوەی ئەمساڵدا لەدۆسیەی ماددە هۆشبەرەکاندا دەستگیرکراون‌و سزایان بەسەردا سەپێنراوە گەیشتۆته‌ نزیکەی 12 هەزار تۆمەتبار.

لای خۆیەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنی شەممە لەمیانی کۆنفرانسی ساڵانەی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان‌و کارتێکەرە عەقڵییەکان لەوەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، ستراتیژی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ساڵانی 2023-2025 دەستپێکردوەو  لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای ماددە هۆشبەرەکانی ساڵی 2017و یاسای دەزگای کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانی پێکهێناوە.